ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە ئامادەبوونی دەستەی ڕاوێژکاران، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی فراوانی لەگەڵ نێردە و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، تێیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان و کاریگەریی ململانێ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ناوچەکە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە فەرمی پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. دزەیی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیرییە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، هاوکات دەستخۆشی لەو وڵاتانە کرد کە ڕۆڵیان لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنەدا هەبووە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان. سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و دروستکردنی پشێوییە، کە بەداخەوە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی، لە کاتێکدا هەرێم خۆی لە هەموو ململانێکان بەدوور گرتووە. هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لە شارەکانی هەولێر، بەغدا و بەسرە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، دزەیی دوایین هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی خستەڕوو. هاوکات سوپاسی هەماهەنگیی وڵاتانی وەک تورکیا، ئیمارات، سعوودیە و ئەردەنی کرد کە هاوکاربوون لە پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لە دەرەوە گیریان خواردبوو.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا و بەبۆنەی یادی 9ی نیسان و پڕۆسەی ئازادی عێراق، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد بۆ ڕۆڵیان لە ڕوخاندنی ڕژێمی ستەمکاری بەعس. لە بەرامبەردا، نێردە دیپلۆماسییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و دەستخۆشییان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد بۆ ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا بۆ دیپلۆماتکارانیان ڕەخساندووە.

