وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی نانەوتیی مانگی ئازاری هەرێمی کوردستانیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، بڕی 43,094,141,000 (چل و سێ ملیار و نەوەد و چوار ملیۆن و سەد و چل و یەک هەزار) دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازار، بە شێوەی کاش خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پڕۆسەی ڕادەستکردنی ئەو بڕە پارەیە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجام دراوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

