رۆژنامەی ھەولێر

د. سالار عوسمان سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکات

ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی 4ـی 2026، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، بە یاوەری ئەندامانی بەش، سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پ.د.ک ـی کرد.

ئەم سەردانە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بوو بە بەڕێوەبەر، ستافی نووسین، ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم هاوکارانی ماڵپەڕ، بەبۆنەی تێپەڕبوونی (١٥) ساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا.

لە میانی سەردانەکەدا، د. سالار عوسمان بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی ماڵپەڕی فەرمی کرد وەک سەکۆیەکی میدیایی پیشەیی و ڕاستگۆ کە توانیویەتی بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە خزمەت بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ماڵپەڕی فەرمی لە ماوەی تەمەنیدا، وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوەی داکۆکیکردن بووە لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان و گواستنەوەی ڕاستییەکان بە زمانێکی سەردەمیانە.