رۆژنامەی ھەولێر

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی “قاوەخانەیەک بەناوی بۆچی؟”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەندێکجار کتێبێک بە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگەوە درەنگ چاومان دەچێتە سەری، یان ڕەنگە هەر بکەوێتە پەراوێزەوە و چانسی خوێنەربوونیمان نەبێت، بەڵام لەم دۆخانەدا هاوڕێکان دەبنە ڕێنیشاندەر، بۆیە وەرگرتنی پێشنیاری هاوڕێکان یەکێکە لەو ڕێگایانە دەشێ کتێبە گرنگە لەدەستچووەکان بدۆزینەوە و ببینە خوێنەری. هەفتەی پێشوو هاوڕێیەکی نووسەر و وەرگێڕم پێشنیاری خوێندنەوەی ڕۆمانی “قاوەخانەیەک بەناوی بۆچی؟” جۆن.پی. ئەسترلکی بۆ کردم، پێشتر یەک دووجار ئەو ڕۆمانە بینی بوو، بەڵام نەبووە جێگە سەرنجم، تا هەفتەی پێشوو بە پێداگرییەوە هاوڕێکەم گوتی “ئەو رۆمانە بخوێنەوە حەز دەکەم خوێنەری بن، پێمخۆش نییە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەت لەدەست بچێت.” هەر بەزوویی ڕۆمانەکەم دەست خست. ڕۆمانەکە بە چیرۆکێکی سادە دەست پێ دەکات، بەڵام هەڵگریی لە ناوەوە پرسیاری قووڵ و گرنگە، پرسیارگەلێک کە پێویستە هەموان لە خۆیان بکەن، بەڵام زۆربەمان بیرمان لەو پرسیارانە نەکردووەتەوە.

“قاوەخانەیەک بەناوی بۆچی؟” چیرۆکی کاراکتەرێک بەناوی “جۆن” دەگێڕێتەوە، کە لە ڕۆتینی ڕۆژانەی ژیانی نێوان ماڵەوە و کارەکەی بێزار بووە و بۆ ئەوەی پشوویەک بدات هەفتەیەک مۆڵەت وەردەگرێت تا گەشتێک بکات و کەمێک لەو جەنجاڵییەی ڕۆتینی بێزارکەری ژیان هەڵبێت. لە گەشتەکەیدا دەکەوێتە ناو قەرەباڵغی ڕێگە و ئیتر چەند کاتژمێرێک کاتی دەڕوات بۆیە ناچارانە ڕێگەیەکی لاوەکی بەکار دەهێنێت، چونکە هەر سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە گەشتەکەی، دوای بڕینی ڕێگەیەکی دوور و نەمانی بەنزین ئیدی بەڕێکەوت قاوەخانەیەک دەبینێت و ناچارانە لێی لادەدات. تا ئێرە هەموو شتەکان ئاسایی دێنە پێشچاو، بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەو پرسیارانەیە، کە خاوەن قاوەخانەکە لە میوانەکانی دەکات و پرسیارەکانیش یەکەمجار لەڕێی مینۆی خواردنەکانەوە دەگاتە لای میوانەکان. پرسیارەکانیش ئەمانەن “بۆچی لیرەیت؟، ئایا لە مردن دەترسیت؟، ئایا ڕازیت؟” ئەم سێ پرسیارە ئەگەرچی زۆر سادە دەردەکەون، بەڵام سێ پرسیاری بچینەیی ژیانی مرۆڤن. کاتێک خاوەن قاوەخانەکە پرسیاری یەکەم دەپرسێ، مەبەستی ئەوە نییە میوانەکە بۆ لە قاوەخانەکەیە، بەڵکو مەبەستی ئەوەیە چی دەکات لەنێو ژیاندا؟ ئایا توانیویەتی واتایەک بە بوونی بدات؟ یان ئایا ئەم پرسیارەی لەخۆی کردووە تا هەوڵ بدات کاری لەسەر بکات؟ سەرەتا کە ئەم پرسیارە لە جۆن دەکەن، ئەو تووشی سەرسوڕمان دەبێت، بەڵام دواتر هێدی هێدی کە گارسۆنەکان مەبەستی پرسیارەکانی بۆ ڕوون دەکەنەوە، هەست دەکات گەشتەکەی بەڕاستی دەست پێ کردووە و کەوتووەتە سەرزەمینێکی جیاوازەوە.
لێرەدا نامەوێت بچمە نێو وردەکارییەکانی ڕۆمانەکەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە خوێنەر بیر لەو سێ پرسیارە گرنگە و چەندین پرسیاری دیکە بکاتەوە، کە بەدەوری ئەم پرسیارەدا دەسوڕێنەوە. “بۆچی لیرەین؟” ئەو پرسیارەی گرنگە هەموو مرۆڤێک بۆ ئەوەی بوونێکی پوچی نەبێت لەخۆی بکات. مرۆڤە بەرهەمدارەکان ئەم پرسیارەیان لەخۆیان کردووە، بۆیە بە بەرهەم و کار و پرۆژەکانیان مانایەک بە بوونی خۆیان دەدەن. مرۆڤ بەبێ کار و بەرهەم، بەبێ پرۆژەیەک، کە جێدەستی دیار بێت، یان بەبێ بوونی وشیارییەک، کە نوێگەرییەک لە کارەکەیدا سەرڕێ بخات بوونێکی ناتەواوی هەیە، یان هایدیگەر گوتەنی “خاوەنی بوونێکی ڕەسەن نییە.” یان چەشنی ئەوەیە هەر نەبێت، چونکە “بوونی داگیر کراوە.”
ڕۆمانەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی لە هەوڵی گەنگەشەی ئەو چەند پرسیارەدایە، بەڵام خوێنەر دەخاتە هەیەجانێکی سەیرەوە، هەیەجانێک کە ئێمە دوای ساڵانێکی زۆر هێشتا بیرمان لەوە نەکردووەتەوە بۆچی لێرەین؟ پەیامی بوونمان چییە؟ کتێبەکە بیرمان دەخاتەوە بیر لە ژیان و پێگەی خۆمان لەنێو بووندا بکەینەوە؟ ڕێنماییمان دەکات ئەگەرچی کاتەکەش درەنگ بێت، بەڵام ساتێک بیر لە خۆمان بکەینەوە و بپرسین بۆچی لێرەین؟
خاڵێکی بەهێزی ئەم ڕۆمانەکە ڕوونی دەربڕینەکان و پرسیارەکانە، بەڵام ئەم ڕوونییە بەبێ قووڵایی نییە و خوێنەر دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک ڕامان بیرکردنەوە لەو ژیانەی ژیاوە و لەوەشی لەبەردەمیدا ماوە؟ ئایا بەرەو کوێ دەڕوات؟ دەیەوێت ژیانێکی ئاسایی بژی، یان ژیانێکی بەرهەمدار و وشیارانە.
ڕۆمانەکە گەوهەرێکە بۆ پرسیار و گومان و بیرکردنەوە، بەڵام لەبەرگێکی سادەدا، تا هەموان بتوانن چێژی بکەن و لەگەڵیدا بژین.
*ئەم ڕۆمانە لەلایەن “فوئاد کەوڵۆسی”یەوە کراوە بە کوردی و خانەی ڕێنما لە سلێمانی بەچاپی گەیاندووە.