رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی په‌يامێكى پشتگيريى له‌ ئه‌ڵمانياوه‌ پێده‌گات

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/4/2 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز د. جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر به‌ هێرشه‌كانى سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بەڕێز ڤۆن گایەر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانه‌ى کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی به‌ئامانجگرتنی ماڵی  نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک. به‌ڕێزيان جەختی کردەوە کە ئه‌ڵمانيا بە بایەخەوە سەیری سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و پشتگيرى و هاوسۆزیی تەواوی وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە،  نێچیرڤان بارزانی پێزانینی بۆ ئەم پەیوەندییە و هەڵوێستی دۆستانەی ئەڵمانیا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ خوازيارى ئاشتى و ئارامى بووه‌ و كار بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها سوپاسی هاوکاری و پشتگیرییەکانی ئەڵمانیاى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و خواستى هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی زیاتری هاريكاريى هاوبه‌ش و پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا، دووپات کردەوە.

دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ بوو.