رۆژنامەی ھەولێر

کارەبای ئاکرێ و دەوروبەری بوو بە 24 کاتژمێری

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فەرمی پڕۆژەی (ڕووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سنووری قەزای ئاکرێ و ناحیەکانی دەوروبەری کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و بەردەوامبوونی کارەبا، دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، کاتژمێر 2:00، پڕۆژەی (ڕووناکی) بۆ دابینکردنی 24 کاتژمێر کارەبا لە قەزای ئاکرێ بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، لەمەودوا کارەبای گشتی لە قەزای ئاکرێ و دەوروبەری، بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەوام دەبێت. ئەم پڕۆژەیە ناوەندی قەزاکە و هەر سێ ناحیەی (گردەسین، بجیل و دینارتە) دەگرێتەوە.

هاوکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاووڵاتییانی سنوورەکە دەکەن، کە بە مەبەستی سەرکەوتنی پڕۆژەکە و بەردەوامبوونی کارەبای 24 کاتژمێری، دەست بە بەکارهێنانی وزەی کارەباوە بگرن و ئابووری لە خەرجکردنیدا بکەن، تاوەکو بتوانرێت بە باشترین شێوە سوود لەو خزمەتگوزارییە وەربگیرێت.