رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری پێشمەرگە خانەوادەی شەهیدانی ٢٤ـی ئاداری بەسەرکردەوە

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

ئەمڕۆ ٢٩ـی ئاداری ٢٠٢٦ لە میانەی سەردان و بەسەرکردنەوەی خانەوادەی هەر شەش شەهیدی قارەمان کە لە دەستدرێژیییەکی دووژمن کارانەدا بە دەستی غەدر و تاوان بە ئامانج گیران و شەهیدکران. وەزیری پێشمەرگە بە یاوەری بریکاری وەزارەت، سەرۆکی ئەرکان و جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە ، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکانیان لە دەڤەری سۆران بەسەرکردەوە.

لە نزیکەوە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی گەیاند بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: “پرسەی شەهیدەکانیان تەنها پرسەی بنەماڵەی سەربەرزی ئێوە نیە بەڵکوو پرسەی هەموو خەڵکی کوردستانە، هەموو تاکێکی کوردستان لە ماتەمینییدایە بەرامبەر پرسەی ئەم شەهیدانە، شەهیدەکانمان تاجی سەرمانن؛ ئەو کارەسات و کۆستە گەورەیەی روویداوە خەم و پەژارەی هەموومانە، دڵنیاتان دەکەینەوە لە سایەی خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە؛ کوردستان هەمیشە پارێزراو و ئاوەدانە.”

لە بەشێکی تری ووتەکانیدا وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند:” پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ سنوورێک بۆ ئەو پەلامار و هێرشانەی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دابنێت، کە دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق و ناوچەکەش تێکبدەن.

خانەوادەی شەهیدەکان بۆ وەزیری پێشمەرگە:”سەربەرزین ڕۆڵەکانمان لە پێناو پارێزگاری لە خاک و ئاڵای کوردستاندا شەهیدبوون، ئەمەش بۆ ئێمە مایەی ئەوپەڕی شانازییمانە”.

لە کۆتایی سەردانەکەدا، وەزیری پێشمەرگە پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دووپات کردەوە.