دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر: حکوومەتی هەرێم لەهەوڵدایە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی ”هەولێر”دا وێڕای ئاماژەدان بە سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان باس لە ئامادەکارییەکان دەکات بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن. ئەو پێداگری لەوە کرد کە لە هەوڵدان مامۆستایانی وانەبێژ بۆ گرێبەست بگۆڕن و بۆیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە هەماهەنگیی جیددی دان بۆ بە گرێبەستکردنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کە هاوشێوەی مامۆستای میلاک ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان هەبووە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.

  • ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم و دواتر تاقیکردنەوەکانی دوازدەی ئامادەیی بە چ شێوەیەکن؟
  • بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی پەروەردە و هەوڵ وماندووبوونی مامۆستایان، ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرەیەی کە حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دروست کردووە وەک نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ، پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بەرەو کۆتایی دەچێ و لە چواری ئایارەوە ئەزموونەکانی کۆتایی وەرزی دووەم بۆ سەرجەم پۆلەکانی چواری بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی دەستی پێ کردووە، لە هەمان کاتدا لە ٧ی ئایارەوە ئەزموونەکانی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەست پێ دەکات، دواتر لە ٢٣ی حوزەیران ئەزموونەکانی گشتی پۆلی دوازدەی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەکانی دەست پێ دەکات، ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی بە شێوی ناوەندی لەسەر ئاستی هەرێم بەڕێوە دەچن، سەبارەت بە چوار تا یازدەی ئامادەیی لە ناوەندەکانی خوێندن ئامادەکاری کراوە بە خشتەیەکی جیاواز لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بۆ هەولێری و دهۆکیش بە خشتەیەکی تر بەڕێوەدەچن و سەرجەم ئامادەکارییەکان کراون.
  • وەک ئاگاداری لە سلێمانی ئەمساڵ خوێندن زۆر دوا کەوت، ئایا هیچ جیاوازییەک لە نێوان هەولێر و سلێمانی ڕەچاو دەکرێ یان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەبێت؟
  • سەبارەت بە خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلە ناکۆتاکان بە مکانیزم و کاتی جیاواز لەگەڵ هەولێر و دهۆک ئەنجام دەدەن، ئەویش بەهۆی ڕاوەستانی خوێندن و بایکۆت بووە، بەڵام سەبارەت بە پۆلی نۆی بنەڕەتی ئەزموونی نیشتمانی و پۆلی دوازدەی ئامادەیی ئەزموونی گشتی بە پرۆگرامی هاوشێوە بۆ سەرجەم پارێزگاکان بە یەک شێوە ئەنجام دەدرێ، ئەویش دوای ڕێکخستنی پرۆگرامی خوێندن و کەمکردنەوەی بە شێوەی گشتی.
  • یەکێک لە کێشەکانی قوتابخانەکان میلاکات و کەمیی مامۆستا بوو، ژمارەیەکی زۆری مامۆستا خانەنشینکراون بەڵام جێگرەوەیان نەبووە، بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر دەکەن؟ ئایا دامەزراندن دەست پێ دەکاتەوە؟
  • سەبارەت بە میلاکاتی مامۆستایان و خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان لە باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە بە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی چارەسەری گونجاوی بۆ ئەمە دۆزیوەتەوە وئەو بۆشاییانەی پڕ کردووەتەوە چ بە ڕێکخستنی میلاکات بێ لەسەر ئاستی پەروەردە یاخود بە دانانی کاتیی دەرچووی کۆلێژەکان بە مامۆستای وانەبێژ ئەویش بەپێی پێویستیی و پسپۆڕی، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە هەماهەنگیی جیددی دان بۆ بە گرێبەستکردنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کە هاوشێوەی مامۆستای میلاک ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان هەبووە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا و لەبری دامەزراندنی مامۆستایان لە ڕێی حکوومەتی فیدراڵییەوە گرێبەستی وانەبێژان دەکەنە هەمیشەیی.
  • هیچ بڕیارێک هەیە بۆ گواستنەوەی مامۆستایان بۆ ناوەوەی شار، کەم نین ئەو مامۆستایانەی کە نزیکەی پازدە ساڵە لە دەرەوەی شار دوور لە ماڵیان دەوام دەکەن، پلان هەیە ئەمساڵ فۆرمی گواستنەوە دابەش بکەن؟
  • لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ گواستنەوەی هەمیشەیی مامۆستایان لە نێوان پەروەردەکان ئەنجام نەدرا تەنیا بە شێوەی گواستنەوەی کاتی بەپێی پێویستی ئەنجام دراوە و دڵنیام بە گرێبەستکردنی وانەبێژان، گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان پەروەردەکان بەتایبەتی بۆ سەنتەری شارە گەورەکان دەست پێ دەکاتەوە.
  • ساڵانە گلەییەکی زۆر لە پرۆگرامەکانی خوێندن دەکرێت، ساڵانە لەسەر چ بنەمایەک دەستکاری پرۆگرامەکان دەکرێ؟ بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە تەمان چ گۆڕانکارییەکی نوێ لە پرۆگرامەکانی خوێندندا بکەن؟
  • ساڵانە لە وەزارەتی پەروەردە چەندین کۆبوونەوە و وۆرکشۆپی تایبەت بە پڕۆگرام و پێداچوونەوە بە بابەتەکان دەکرێت لە ڕێگای لیژنەکانی تایبەتمەند لە پسپۆڕان و سەرپەرشتیاران و مامۆستایان گۆڕانکاری و پێداچوونەوە بەو پرۆگرامانە دەکەن کە پێویستییان بە گۆڕانکاری و پێداچوونەوە و هەڵەچنین هەیە ئەمساڵیش چەندین کتێب لە قۆناغەکانی خوێندن بە زانیاریی سەردەمیانە و چاپی مۆدێڕن بەپێی تەمەن و ئاستی قوتابیان لە قۆناغەکانی خوێندن گۆڕانکارییان تێدا کراوە، بۆ نموونە زانستی پۆلی دوو، پۆلی سێ و چوار بۆ ئەمساڵی خوێندن بە چاپی نوێ دەگاتە دەستی قوتابیان، کتێبی نوێ هاتووەتە بەرهەم، پەروەردەی وەرزشی بۆ پۆلەکانی حەوت و هەشت و نۆ، بیرکاری پۆلی یەکەمی بنەڕەتی گۆڕاوە، بابەتی ئابووری بۆ هەر سێ قۆناغی دە و یازدە و دوازدەی ئامادەیی بۆ هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بە شێوەیەکی نوێ و زانستێکی سەردەمیانە چاپ کراوە، فەلسەفە بۆ پۆلی ١١ی ئامادەیی چاپ کراوە، کتێبێکی نوێ بە ناوی جینۆسایدی گەلی کوردستان بۆ قۆناغی دەی ئامادەیی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندن ئەمە نموونەیەک بوو لە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بۆ دەستکاری پرۆگرامی خوێندن کە بۆ ساڵی نوێ ئەنجام دراوە و ئامادە کراوە بۆ جێبەجێکردن.
  • چی کراوە بۆ ئەوەی پێگەی زانستیی قوتابخانە حکوومییەکان لە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت دوا نەکەوێت و شان بە شانی یەکتر گەشە بکەن، گلەیی ئەوە هەیە کە قوتابخانە حکوومییەکان لە پێگەیاندنی قوتابییان ساردییەکیان پێوە دیارە تێڕوانینتان چییە؟
  • قوتابخانە حکوومییەکان هەردەم پێشەنگن لە ڕووی زانستی و بوونی مامۆستایانی بە ئەزموون و پسپۆڕ بە تایبەتی لە قۆناغی ئامادەیی کە ساڵانە داواکارییەکی زۆر لەسەر کەرتی حکوومی هەیە لە قۆناغی ئامادەیی بۆ وەرگرتنی قوتابیان بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە ساڵانە یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێم لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی لە قوتابخانە حکوومییەکانن کە زۆربەیان منداڵانی چینی هەژارن، لە گەڵ ئەوەشدا لە قوتابخانە ناحکوومییەکانیش قوتابیی باش و چالاک و نمرە بەرز هەن، لە ڕواڵەتدا جوانکاری باڵەخانە و هەندێک بابەتی سەرنجراکێش لە قوتابخانە ناحکومییەکان بەرچاوترن و سەرنجی قوتابیان و بنەماڵەکانیان بۆلای خۆیان ڕادەکێشن، ئەوە تاکە جیاوازییە لە نێوان قوتابخانە حکومییەکان و ناحکومییەکان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە هەر دوو کەرت دەدات کە هەمویان ڕۆڵەی ئەو وڵاتەن و ئەرکی هەموو لایەکە پاڵپشتیی خوێندن بکەن.
  • هیچ پلانێک هەیە قوتابخانەی زیاتری حکوومی لەسەر سیستمی زمانی ئینگلیزی بکەنەوە؟
  • زمانی دایک لە کوردستان زمانی شیرینی کوردییە بۆیە لە هیچ وڵاتێکی تر زمانی تر ناخەنە ئاستی زمانی دایک بەڵام دەکرێ هەر نەتەوەیەک منداڵەکانیان بە زمانی خۆیان بخوێنن هەر بۆیە لە کوردستان خوێندن جگە لە زمانی کوردی، بۆ سەرجەم زمان و نەتەوە جیاوازەکان دابین کراوە قوتابخانەکانی تورکمانی، سریانی، عەرەبی، ئینگلیزی و فڕەنسی و ئەڵمانی لە کوردستان هەن و هەر نەتەوەیەک کە داوا بکات بە زمانی خۆیان بخوێنن بۆیان فەراهەم کراوە کە بەشێک لە دابینکردنی مافی مرۆڤە، سەبارەت بە زمانی ئینگلیزی لە هەولێر کۆمەڵێک قوتابخانە هەن بە تایبەتی لە حەوت تا دوازدە کە سیستمیان ئینگلیزییە و کۆمەڵێک قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە و لە داهاتووشدا بە پێی پلانی وەزارەت کاری لەسەر دەکرێت.