کوردستان و ئێزدخان ئاوێتەی یەک بیروباوەڕن

شێخ زێدۆ

لە مێژووی پێکەوەژیاندا لە لانکەی کوردستان، زۆر جار گوێ بیستی دەستەواژەی کوردستان و ئێزدخان دەبین کە پێکەوەن و دوور لە یەکتر ناژین (جومکن). هەڵبەت نیشتیمان یاخود کوردستان، ناوی ئێزدی لە نێو شارستانیەت و فەرهەنگی کوردستان دەبینرێنەوە و بەشێکی کۆنی مێژوویەتی، بەڵام لێرە بە پێویستی دەزانم ڕووناکی بخەمە سەر ئەم دەستە واژەیە، کوردستان بەهەموو مانا و پێوەرێک خاک و زێدی کورد کوردانە و مێژووش ئەوەی سەلماندوە و پشتڕاست کراوەتەوە لەلایەن گەڕیدەکان و نووسراو و بەڵگەکانیان، ناوی کوردستان لە تێکستە ئاینییەکاندا هەیە پێش هەزاران ساڵ، خوێندنەوەم بۆ ئێزدخان دەستەواژەیەکە واتە لەناو جەماوەر بەدەر لە هەبوونی جوگرافیا، جێگەی شانازییە کوردستان بەهەموو سنوورە دەستکردەکانیەوە بە وار و زێدی خۆمانی دەزانین و میوان نین و بەشێکین لە کوردستان، لە کاتی هێرشکردنە سەر کوردستان لە مێژوودا قوربانی یەکەم ئێزدییەکان بوون بۆ لەناوبردن و فەرمان جێبەجێکردن لەسەریان. خۆشبەختانە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشێکی هۆشیار و نەتەوەیی و ڕۆشنفکران و بەرگریکاری ئەو تاوانانە بوون کە دەرحەق بە کەمینەکان دەکران و بۆشاییان بۆ دوژمنان نەهێشتبووەوە کە بتوانن بەردەوام بن لەسەر سڕینەوەی شوناسیان، شایانی باسە لە شار و گوندەکانی کوردستان دووجۆر گۆڕستان هەیە ئەوانەی کۆن لەسەر کێلەکانیان هێما و وێنە و نووسراوی کۆنی دەقە ئاینییەکان هەیە لە ئەستێرە و مانگ و ڕۆژ و خەنجەر، بەڵام لە سەردەمی نوێ ئەو دیاردەیە کەم بۆتەوە یاخود جیاکراوەتەوە تایبەت بە خۆیان، لەم دوایانەشدا بەپلانی داڕێژراوی دوژمنانی کورد و کوردستان کەوتنە شکان و سڕینەوەی هێمای سەر کێلەکان دەیانویست ناکۆکی و دووبەرەکی و ئاڵوزی بخەنە ناو لانکەی پێکەوەژیان هەروەک 74 فەرمانیان لە ڕابردوودا ئەنفال و فەرمانی داعشەکان نەیانتوانی بەشیر و تۆپ و تفەنگ ئێزدی لەناوبەرن، بەڵام ئێستا بەسیاسەتێکی تر و شێوازێکی سەردەمیانە دەیانەوێ ناکۆکی بخەنە نێوماڵی ئێزدخان و چەند میرێک سەریان هەڵداوە و بانگەشەی میرایەتی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا لەسەر ڕاسپاردە و بنەماکانی ئێزدی تەنها دەبێت یەک میر بوونی هەبێت کە کۆکەرەوەی هەمووان بێت ئەوەی بەو زەقیە دەرحەق بە ئێزدی دەکرێ تاوانە و پیلانگێڕییە و باوەڕمان بەسەرکردایەتیی کورد و سەرۆک بارزانی هەیە کە کۆتایی بەو ئاریشانە بهێنێت بۆ ئەوەی کەس جورئەتی ئەوەی نەبێت لانکەی پێکەوەژیان بشێوێنێ لەو جوانیەی کە لە کوردستاندا هەمانە لە ئازادی و ماف.

  • ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان
ھەواڵی زیاتر