کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران: لە پلاندایە مۆنۆمێنتێکی باشتر بکەین کە تەعبیرێکی جوانتر لەو یادە بکات

پەنجا ساڵ لەمەوبەر فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس، شارۆچکەی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەکایەتییان بۆردوومان کرد، کە ئەو کات گەڵاڵە ناوەندێکی بازرگانی و ئیداری گرنگی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، لەو بۆردوومانەدا زیاتر لە سەد کەس شەھید و برینداربوون، قەبارەی کارەساتەکە ئەوەندە گەورەبوو تەرمی زۆربەی شەھیدەکان پارچە پارچە ببوون و نەدەناسرانەوە. د. کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: ھەر شتێک بە ئێمە بکرێت بۆ کەسوکاری شەھیدان وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێغی ناکەین.

لەنێو قوربانیانی ئەم کارەساتە ھاووڵاتییانی ھەر چوار پارچەی کوردستان ھەبوون، چونکە بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەیلوول ڕوویان لە گەڵاڵەی باڵەکایەتی پایتەختی شۆڕش کردبوو، بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە لیژنەی ناوچەی قەسرێی پارتی، بە ھاوکاری لقی ٢٦ی گوڵان مەڕاسیمێکیان سازکرد و لەلایەن ئامادەبووانەوە تاجەگوڵینە لەبەردەم مینۆمێنتی شەھیدانی ئەو کارەساتە دانرا.
دوای نیوەڕۆی ٢٦/٤/١٩٧٤ دوو فرۆکەی جەنگی دووژمن ھاتنە سەر ئاسمانی گەڵاڵە و بە بۆمبی ناپاڵم، کە چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییە پردی گەڵاڵەی بۆردوومانکرد لەو بۆردوومانەدا زیاتر لە سەد کەس شەھید و برینداربوون، بەڵام بەشێکی زۆری شەھیدەکان تەرمەکانیان نەدۆزرایەوە، چونکە لاشەیان پارچەپارچە ببوو، زۆر لە ئەندامی شەھیدەکان وەک دەست و قاچ چەند مەترێک لە دووری شوێنی ڕووداوەکە دۆزرانەوە، یاخود لەسەر بەرزایی درەختەکان کۆکرانەوە، بەشێکی زۆری بریندارەکانیش لەبەر سەختی برینەکەیان لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە ناوپردان و کەوەرتە گیانیان سپارد، بەگشتی بەرکەوتووان زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.
ناحیەی گەڵاڵە سەر بە قەزای چۆمانی سنووری ئیدارەی سۆرانە، لە ساڵی ١٨٩٠ و لە سەردەمی حوکمرانی عوسمانیەکان بووەتە ناحیە، لە ساڵی ١٩٢١ و لەکاتی دروستبوونی حکوومەتی عێراق وەک تاکە ناحیەی سنووری باڵەکایەتی بەناوی ناحیەی باڵەک مامەڵەی لەگەڵ کراوە، یەکێک بووە لە ناوەندە گرنگەکانی سیاسی و سەربازی ئەوسای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە ھەمانکاتدا ناوەندێکی بازرگانی بووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە گەڵاڵە کراوە، ھەر بۆیە ڕژێمی بەعس بەردەوام ناوچەکەی کردووەتە ئامانج. ھەرچی شەھیدی بۆردوومانی پردی گەڵاڵەیە بە شەھید ئەژمار کراون، زەوی، یان یەکەی نیشتەجێبوونیان پێدراوە.
د. کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، گوتی: بیرۆکەیەکمان ھەیە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا مینۆمێنتێکی باشتر و ھەندێک شت بکەین کە تەعبیرێکی جوانتر بگەیەنێت بۆ یادکردنەوەکە، یاخود قوربانیدانی ئەو خەڵکەی لەو بۆردوومانەدا بوونەتە قوربانی، بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆمان بۆ کەسوکاری شەھیدان و برینداران دەردەبڕین ھەر شتێک بە ئێمە بکرێت وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێغی ناکەین.
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو شکەستانەی دوژمن لە بەرەکانی شەڕ تووشی ھاتبوو دەیویست ڕق و کینە بەرانبەر بە میللەتی خۆمان بکاتەوە، بە چەکی قەدەغەکراو ناوچەکەمانی بۆردوومان کرد بەداخەوە لەو کارەساتەدا زیاتر لە سەد کەس شەھید و بریندار بوون، کە زیاتر لە ھەشتا و شەش شەھید و ئەوانی دیکەش بریندار بوون، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی کارەساتێکی گەورە بوو، دەمانەوێت ئەو ڕۆژە بیر گەنج و لاوانی خۆمان بھێنینەوە ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستھاتووە لە خۆرا دروست نەبووە، ھەموو لەسەر بنەمای خوێن ھاتووە.

ھەواڵی زیاتر