کارکردن لە بەنداوی گۆمەسپان لەقۆناغی تەواوبووندایە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری پارێزگای هەولێر کە سێیەم گەورەترین بەنداوی کوردستانە لە دوای دوکان و دەربەندیخان، کارکردن تیایدا بەردەوامە و زۆری نەماوە تەواو بکرێت.

بەنداوی گۆمەسپان لەئێستادا لە ٪٦٢ ی کارەکانى جێبەجێ کراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە. تێچووی دروستکردنی بەنداوەکە بڕی نەوەد و پێنج ملیار دینارە و بە تەواوبوونی دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی کوردستاندا.
بەنداوەکە ڕۆڵی لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەبێت، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر و کەرتی گەشتیاریی لە ناوچەکە دەبووژێنێتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان بەرزیەکەی ٧٠ مەترە و درێژیەکی ٥١٣ مەترە و ڕووبەری دەریاچەی بەنداوەکە ٢٢٥٣ دۆنم زەوییە و لە توانایدا هەیە بڕی هەشتا ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبداتەوە، هەروەها ساڵانە چل و حەوت ملیۆن و هەشتسەد و سی و حەوت هەزار و دووسەد و بیست و یەک مەتر سێجا لە ئاوی باران و سەرچاوەکانی دیکە خەزن دەکات.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری ئەو پڕۆژەیە دەڵێ: لەکاتی هاوین بە تایبەتی کاتێک کە هەولێر کێشەی کەمئاوی هەیە، ئەم بەنداوە دەتوانێت هاوکاری ئەو چوار بۆری ئیفرازە بێت کە بۆ ناو شاری هەولێر دەچێت، هەروەها دەتوانێت ١٦ هەزار دۆنم زەوی نزیکی خۆی بەراو بکات، کە ئەمەش سوودێکی زۆری هەیە بۆ جووتیارانی ناوچەکە. بەنداوی گۆمەسپان یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکان کە ئێستا کارکردن تێیدا لە قۆناغەکانی کۆتایداییە، کە بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو بووە بڕیاروایە لە ماوەی هەشت مانگی داھاتوودا تەواوبکرێت.
عبدوڵڵا گەردی، به‌رێوه‌به‌ری کۆمپانیای جێبەجێکار ، دەڵێت؛ تێچوونی دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان نەوەد و پێنج ملیار دینارە، بەرزییەکەی ٧٠ مەتر و درێژییەکەشی ٥١٢ مەترە و، دەتوانێت سەد و پانزە ملیۆن مەتر سێجا ئاوی باراناو کۆ بکاتەوە، ھەروەھا یەکەمجارە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداوەكەدا بەکار دەھێنرێت.
بەنداوی گۆمەسپان بە تەواوبوونی، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە ھەرێمی کوردستان و ڕووبەرەکەی شەش ملیۆن سەد و بیست و پێنج ھەزار مەتر دووجا دەبێت.

ھەواڵی زیاتر