بە جێبەجێ کردنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەو پێش دەبات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رۆژی دووشەم ٢٢ی نیسان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لەگەڵ دەستەیەکی باڵا لە وەزیر و ڕاوێژکارەکانی سەردانی بەغدا و پاشان هەولێریان کرد، یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامی ئەو سەردانەی سەرکۆماری تورکیا واژۆکردنی بیست و شەش ڕێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن بوو کە یەکێکیان پێوەندی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیجیی بە ناوی ڕێگای گەشەپێدان هەیە.

ئەو پڕۆژەیە لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوودا زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە و پێشتریش باس لەوە کرابوو کە پڕۆژەکە بە قەبارەی دەیان ملیار دۆلار جێبەجێ دەکرێ و کۆمەڵێک وڵات لە جێبەجێکردنیدا ڕۆڵ دەگێڕن کە سەرەکیترینیان تورکیایە چونکە جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە خاکی تورکیادا تێدەپەرێت و دەگاتە دەریای ناوەڕاست.
پڕۆژەکە بەندەری فاو لە باشووری عێراق بە زاخۆ و پاشان ئەوروپا گرێ دەدات و تەنیا گواستنەوەی کاڵا و شتومەک بە ئۆتۆمبێل لەخۆ ناگرێت بەڵکو لە تەنیشت ئەو ڕێگایە وێڕای ڕاکێشانی هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی دادەمەزرێن. پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر کە بەشێکی پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگای گەشەیە درێژییەکەی هەزار و دووسەد کیلۆمەترە و بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٨ قۆناغی یەکەمی تەواو بکرێت و وەک لە میانەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی دووشەم لە بەغداش ئاماژەی پێ کرا کۆی پڕۆژەکە تا ساڵی ٢٠٥٠ تەواو دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو دەستەیەکی تەکنیکیی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی یونس کەعبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری عێراق لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیایەکی بواری ڕاوێژکاریی ئیتاڵیایی کە لە عێراق کار دەکات سەردانی تورکیایان کرد. لایەنی تورکیا پێداگریان کردبوو کە لای خۆیان دەستیان بە ڕاکێشانی هێڵی شەمەندەفەر بەرەو سنووری هەرێمی کوردستان کردووە کە سەد و سی و سێ کیلۆمەترە و لە داهاتوودا هێڵەکە لە سنوورەوە بەرەو باشووری عێراق دەڕوات.
بەپێی ئامارێک کە یونس خالید بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی شەمەندەفەری عێراق خستبوویە ڕوو، ساڵانە سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار کانتینەر بەهۆی شەمەندەفەر دەگوازرێتەوە، هاوکات پازدە ملیۆن گەشتیاریش دەتوانن سوود لەو ڕێگایە وەربگرن و چاوەڕوانن ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار داهاتی هەبێت. ئەو ئاماژەی دا پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵی شەمەندەفەر سەرووی دە ملیار دۆلار و ئۆتۆبانەکەش نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری تێدەچێت و گوژمەکەی دەگاتە حەڤدە ملیار دۆلار.
حکوومەتی عێراق نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە کۆتایی مانگی ئایاردا بەردی بناغەی پڕۆژەکەی دامەزراندبوو کە بەندەری فاو بە زاخۆ و پاشان ئەوروپا گرێ دەدا و دەبێتە ئەلترناتیڤێک بۆ کەناڵی سوێز و لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە دەروازەی بازرگانیی عێراق بەڕووی ئەوروپادا دەکاتەوە.
ئەو کات فەرحان فەرتوسی بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق باسی لەوە کرد کە پڕۆژەکە تەنیا بریتی نییە لە ڕاکێشانی جادەیەک و هێڵێکی شەمەندەفەر بەڵکو بەهۆیەوە ناوچە جیاجیاکانی عێراق گەشەیان پێ دەدرێت. لە داهاتوودا شەمەندەفەرە بازرگانییەکان بە خێرایی سێسەد کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا گەشتیار و کاڵا و شتومەک لە باشوورەوە بۆ سنووری تورکیا دەگوازنەوە و سەرجەم جەمسەرە پیشەسازییەکان بە یەکەوە گرێ دەدات.
ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی وەبەرهێنان و گواستنەوەی هەرێم داوایان لە عێراق کرد ڕێگا سەرەکییەکە بە بیاباندا نەڕوات و بەشێوەیەک ڕابکێشرێت کە بەشێکی بەرچاو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و کەرکووکیش لێ سوودمەند بن. باشترین و نزیکترین و لە هەمان کاتدا پارێزراوترین ڕێگا ئەوەیە بەشێکی زۆری هێڵەکە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەرێت و ئەگەر هێڵەکە بە هەر سیاسەتێک لە هەرێمی کوردستان دوور بخرێتەوە، لە پێگە و بایەخەکەی کەم دەکاتەوە و ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆژەکەش زۆر لاواز دەبێت.
پڕۆژەکە ئەگەر دوور لە ئامانجی خراپی سیاسی جێبەجێ بکرێ و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان بکرێت، دەرفەتێکی لەبارە بۆ گەشەپێدانی عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تری ناوچەکە و ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەو پێش دەبات.

ھەواڵی زیاتر