بۆ کۆبوونەوەی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غداد ده‌كات

چواس خالید – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، سه‌ردانی به‌غداد ده‌كات و وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، ” به‌شداریی پێكهاته‌كان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر و كارایه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر به‌ جوانی هێشتنه‌وه‌ی تابلۆی كوردستان ده‌كات”.

دوێنێ، دڵشاد شه‌هاب گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، “به‌م نزیكانه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت سه‌ردانی به‌غداد ده‌كات”.
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت چه‌ند پرسێك تاوتوێ ده‌كرێت، له‌نێویشیاندا به‌شداری پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، دڵشاد شه‌هاب گوتی، “سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو تواناكانییه‌وه‌ كار بۆ به‌شداریی پێكهاته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات”.
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، به‌شداریی پێكهاته‌كان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر و كارایه‌ و تابلۆیه‌كی جوانی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ سه‌رکۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو تواناكانییه‌وه‌ هه‌وڵی پاراستنی ئه‌و تابلۆیه‌ جوانه‌ ده‌دات.
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ له‌كاتی خۆیدا، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، وتی، “ئێستا هه‌وڵی جددی هه‌ن و جموجۆڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت، چونكه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن شتێك نییه‌ ته‌نیا به‌ ژماره‌یه‌ك بڕیار ده‌ربچێت، ده‌بێت زه‌مینه‌ سازی بۆ بكرێت”.
دڵشاد شه‌هاب هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند لایه‌نێك تێیدا به‌شدارن، لایه‌نی سه‌ره‌كی هاووڵاتییه‌ و مافی ده‌ستوری خۆیه‌تی، كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیش لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانن بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م زه‌مینه‌سسازییه‌ ڕه‌نگ بداته‌وه‌.
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان نایشارێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و ململانێیه‌ سیاسییانه‌ی له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌بوون، زیانێكی زۆر به‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌، ئێستا كاتی هاتووه‌ ناكۆكییه‌كان وه‌لا بنێین و بوونی په‌رله‌مانێك، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی گه‌لی كوردستان بكات و ئامانجی هه‌مووان بێت.