لەمە زیاتر دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هۆکاری سیاسی لە پشتە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وێرای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو پابەندیە دەستووری و یاساییەکانی لە بارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم ڕاگەیاندووە، بەڵام لێرە و لەوێ وەزارەتی نەوتی عێراق بە لێدوانی جیاواز دەیەوێت شکستی دواکەوتنی ئەو پرۆسەیە بخاتە ئەستۆی ھەرێمی کوردستان. پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھیچ بیانوێکی تەکنیکی ‌بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نییە. کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە ئەپیکور، دەڵێت: زیانی ڕاگرتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە زیاتر لە چواردە ملیار دۆلار.

کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە.
بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لە ماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و گاز تەواو بووایە، تاوەکو ئێستە ئەوە نەکراوە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ڕێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و گاز ھەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پارەیەکی یەکجار کەم بۆ شایستەی ئەو کۆمپانیانەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکەن داناوە، بە بەروارد بە عێراق، چونکە لە ھەندێک بیری نەوتی عێراق، تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت سی و ھەشت دۆلارە، بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا شەش دۆلار دانراوە، لەگەڵ ئەوەی سروشتی کوردستان و دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر زەحمەتترە، ئەو بڕە پارە کەمەش بۆ ھەر بەرمیلێکی نەوت بۆ ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەھاتووە.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران، حکوومەتی ھەرێم لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێم ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکراون، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکران.
بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا جەختیان لەوە کردووەتەوە ھیچ ئاستەنگێکی تەکنیکی لەبەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نەماوە، بەڵام بەغدا بە بیانوی جۆراوجۆر دەستکردنەوەی پرۆسەکەی ڕاگرتووە، دواین بیانوش پارەی ئەو کۆمپانیانەیە کە لە پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، بۆ ساڵێک دەچێت، لەسەر سکاڵایەکی عێراق و بەبڕیاری ژووری نێوبژیوانی پاریس ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جیھان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش زیاتر لە چواردە ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی عێراق داوە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، لەو بڕە چوار سەد ھەزار بەرمیلی لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەھای بەرمیلێک نەوتیش بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە، پێش ئەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕابگیرێت، ڕۆژانە چوار سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرا. بەوەش ٠.٥٪ـی ھەناردەی نەوتی جیھانی پێکدەھێنا.گوتەبێژی ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان ڕاگیراوە، زیاتر لە چواردە ملیار دۆلار زیانی ھەبووە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان- ئەپیکور، پێیوایە، بڕیاری ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە سەرکردەکانەوە نییە، بەڵکو دەڵێت، پێویستیی بە گرێبەستی نوێ و دانوستاندنی تەکنیکی ھەیە کە لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، لەنێویدا ئەپیکور و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت.
لە بەیاننامەکەی ئەپیکۆردا، ئاماژە بەوەکراوە، ھەفتەی ڕابردوو سەرکردەکانی عێراق، تورکیا، کوردستان و ئەمریکا باسیان لە گرنگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیا کرد، دووپاتیشی کردەوە، لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و ھاوبەشەکانمان کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەی ئەپیکۆر بەگوێرەی مەرجە بەردەستەکانی ئێستە ئامادەن دەست بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بکەنەوە.
ھەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ماوەی چەندین مانگە بەردەوامە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لەبارەی ئەو بابەتە پابەندییەکانی بە یاسا و دەستوور نیشان داوە، لە کاتێکدا لێرە و لەوێ وەزارەتی نەوتی عێراق لێدوانی نامۆ سەبارەت بەو دۆسیە دەدات و دەیەوێت کەمتەرخەمییەکە لە ئەستۆی خۆی لابدات. پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ڕێککەوتن لە نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوت کراوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ھیچ بیانوێکی تەکنیکی ‌بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نییە.

ھەواڵی زیاتر