پەردە لەسەر پەیکەری سیاسەتمەدار ‘فەلەکەددین کاکەیی’ لا درا

لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری سیاسەتمەدار و رۆشنبیر فەلەکەددین کاکەیی لا درا، لەو بارەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، فەلەکەددین کاکەیی پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکان بوو.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە مەراسیمی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری سیاسەتمەدار فەلەکەددین کاکەیی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فەلەکەددین کاکەیی، پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکان بوو، هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو بیری ئازادیی و ڕێبازی کوردایەتی و کوردستاندا بەخت کرد.

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، راستە فەلەکددین لە ژیاندا نەماوە بەڵام بیر، دەربڕین، نووسین و خەبات و تێکۆشانی لەپێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

لەلایەن خۆیەوە فازڵ میرانیی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، شەهید و سەرکردەکانی ئێمە بە حوکمی بیرکردنەوەیان زیندوون، هەروەها فەرهەنگی پارتی وەفادارییە بۆ وڵات.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، فەلەککەدین کاکەیی نموونەی وەفاداریی و دڵسۆزیی بوو بۆ خاک و نیشتمان.

فەلەکەددین سابیر کاکەیی، لەدایکبووی ساڵی 1943ـیە لە شاری کەرکووک، کەسایەتی ناسراوی کاکەییەکان و ئەندام پەرلەمانی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان بووە.

ھەروەھا ناوبراو لە کابینەکانی سێیەم و پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بووە، جگە لەوەش پێشتر ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانیی بووە.

لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام، فەلەکەددین کاکەیی وەک کەسێکی چەپی کورد، دەستی بە نووسین و کاری سیاسی کردووە لەگەڵ چالاکوانانی سیاسیی عەرەبی عێراقیدا بووەتە سەرنووسەری ڕۆژنامەی (التاخی) لە بەغدا.

لە 31ـی تەمموزی ساڵی 2013 بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد

ھەواڵی زیاتر