جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دهۆک:هێشتا شنگال لە مەترسیدایە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: عێراق ھیچ ھەنگاوێکی جیددی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالی نەناوە، ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی بارودۆخی شنگال ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە ناوچەکانی دیکەوە ھاتوونەتە شارەکە. دەشڵێ: کلیلی چارەکردنی ڕەوشی شنگال جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، بارودۆخی شنگال ئارام نابێت، کە ھێشتا شنگال لە مەترسیدایە.

بەرپرسانی شنگال، دەڵێن: “ھەولێر و بەغدا، لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد، کە لە شەش بڕگە پێکدێت و یەکێک لە بڕگەکان باسی دانانی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال دەکات کە لایەنی سێیەمیش ئامادەبوو لە ڕێککەوتنەکە، بۆیە کلیلی چارەکردن و دانانی قایمقامی شنگال پێویستە بگەڕێنینەوە بۆ ڕێککەوتنی شنگال، چوونکە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ھەر ھەنگاوێک بە ئاراستەی چارەکردنی دۆخی شنگال بنرێت و پێویستە بەپێی ڕێککەوتنی شنگال بێت و ئیدارەی شارەکە لەسەر ئەو بنەمایە دابنرێت ئەگەر نا بە ھەر شێوەیەکی دیکە بیانەوێت ئیدارەی شنگال دابنرێت ڕەتی دەکەینەوە”.
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دھۆک، گوتی: “کلیلی چارەکردنی کێشەی شنگال جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، بارودۆخی شنگال ئارام نابێت، چوونکە ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتوونە لە خزمەتی خەڵکی شنگال و ناوچەکەدانە، ھەتا ئێستا زیاتر لە ٧٠%ی خەڵکی ئێمە لەژێر خێمەدا دەژین، ئامادەنە لەژێر خێمەکانیان بژین و ژیانێکی ناخۆش ببەنەسەر بەس نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە بووەتە شوێنی دەیان گرووپی چەکدار. ئێستا شنگال بۆتە شوێنی کەسانی خراپکار، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، متمانە بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، ئەوەش وا دەکات خەڵکی ناوچەکە لە ژیانی ئاوارەیى ڕزگار بن و بگەڕێنەوە.
سەبارەت بەوەی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە لە مانگی حەوت کەمپەکان دادەخات، بەوەش دەبێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە، پێتوایە ئەوە بکرێت و خەڵکی شنگال بگەڕێتەوە ئه وا جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دھۆک، ڕایگەیاند: ئەوە یارییەکە بە خەڵکی ناوچەکە دەکرێت، ھیوا و ئاواتی ھەموو کەسێکە بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆی، بەڵام دەبێت ئەمن و ئەمان ھەبێت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە جێبەجێ بکرێن، چوونکە شارەکە بە تەواوەتی وێران بووە، لەبەر ئەوەی ئەگەر زەمینە لە بار نەبێت بۆ گەڕانەوە، خەڵکی ئێمە ئامادە نییە بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆیان، کاتێک حکوومەتی عێراق، دەڵێ، دەبێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە دەبێت زەمینە خۆش بکات، ئەوەی پێویستە بکرێت، ھەر کەسێک دەستی لە خوێنی ئێزدییەکان ھەیە دەستنیشان بکرێت و دادگايى بکرێت، ئەو کاتە خەڵکی ئێمە دەگەڕێتەوە، نەک وەکوو ئێستا کە بارودۆخ لەبار نییە، حکوومەتی عێراق پێگری بە ڕێککەوتنەکان ناکات، ھۆکارەکەشی ئەوەیە وڵاتانی ناوچەکە لێ ناگەڕێن عێراق پێگر بێت بەو ڕێککەوتنانەی کە ئیمزا دەکرێن.
سەبارەت بەبوونی گرووپی چەکدار لە شارەکە، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دھۆک، گوتیشی: ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی بارودۆخی شنگال ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە ناوچەکانی دیکەوە ھاتوونەتە شارەکە، ئەگەر ئەو گرووپانە لە شارەکە نەبن، ئەمن و ئەمان پەیدا دەبێت، ئەو کاتە خەڵکی ناوچەکە کە ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوونە دەگەڕێنەوە، چوونکە لایەنی ئەمنی دەکەوێتە دەست پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەوەش وا دەکات خەڵک بگەڕێتەوە، نەک وەکوو ئێستا کە کەس بە کەس نییە، ئەوەش ئەوە دەگەیەننت کە ھێشتا شنگال لە مەترسیدایە”.
جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە دھۆک، ئاشکراشی کرد: لەسەر فەرمان و ڕێنمايیەکانی سەرۆک بارزانی ئەوەی پێویست بووە حکوومەتی ھەرێم بۆ شنگال و خەڵکی ناوچەکەی کردووە، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی کرد. حکوومەتی ھەرێم بەردەوام خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی کردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەویش ڕۆلێکی سەرەکی گێڕاوە لە ھاوکاری کردنی خەڵکی ناوچەکە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکی شنگال لای سەرۆک بارزانی خەڵکێکی خۆشەویستە و ھیچ کات جیاوازی لە نێوان ناوچەکانی ئێزدینشین نەکردووە. سەرۆکی حکوومەت ھەوڵی دا دادگەیەک لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە بۆ ئەوانەی دەستیان لە تاوانی شنگال ھەیە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕازی نەبوو، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار لە حکوومەتی عێراق بکات، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکات و لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە بە ئازادانە بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆیان، کە ئەوەش باشترین چارەیە بۆ ئاسایيکردنەوەی بارودۆخی شارەکە، ھەروەھا پێویستە حکوومەتی عێراق چارەنووسی خەڵکی ئێمە کە تا ئێستا بە ھەزاران کەس چارەنووسیان نادیارە ئاشکرا بکات.

ھەواڵی زیاتر