کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی نایابە

چواس خالید – هەولێر

له‌ ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا، زیادتر له‌ دوو سه‌د هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ گه‌شتیاره‌كان كردووه‌، زۆرترینی ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

بووژاندنه‌وه‌ و پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاری، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی داتاكان هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی دی، ساڵ به‌ ساڵ كه‌رتی گه‌شتیاریی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و گه‌شانه‌وه‌یه‌ و ڕێژه‌ی سه‌ردانیكردنی گه‌شتیارانیش زیاتر ده‌بێت.
ساڵانه‌ جیا له‌ وه‌رزه‌كانی به‌هار و هاوین، له‌ بۆنه‌كانیشدا گه‌شتیارێكی زۆر ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن . ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا له‌ ٨ ی نیسانه‌وه‌ تا ١٣ی نیسان، زیادتر له‌ دوو سه‌د هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌.

له‌و ژماره‌یه‌ كه‌ گه‌شتیاری وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و وڵاتانی دراوسێ هه‌ن، زۆرێكیان له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، جیا له‌وانه‌ش گه‌شتیاریی ناوخۆیش هه‌نه‌ كه‌ ئه‌وانیش به‌ زیاتر له‌ سه‌د و په‌نجا هه‌زار كه‌س هه‌ژمار ده‌كرێن.
گه‌شتیار كه‌ داهاتی باش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و هۆكارێكیشه‌ له‌ جووڵه‌ی بازاڕه‌كان و داهاته‌كه‌شی ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌ گیرفانی دانیشتووانی شار و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانه‌وه‌.حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كاری جددی له‌و كه‌رته‌دا كردووه‌ و داتاكان سه‌لمێنه‌رن، كه‌ ساڵانی ڕابردوو ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ باشترین دۆخدا، ساڵی ٢٠١٣ ی به‌ر له‌ شه‌ڕی داعش و گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌تای كۆڕۆنا بووه‌، له‌و ساڵه‌دا ژماره‌ی گه‌شتیاران ته‌نیا سێ ملیۆن گه‌شتیار بوو، به‌ڵام به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له‌ ساڵی ٢٠٢٢دا، شه‌ش ملیۆن و سه‌د و شه‌ست و هه‌شت هه‌زار گه‌شتیار ڕوویان له‌ هه رێمی كوردستان كردووه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوی له‌و كه‌رته‌یه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كان و له‌ژێر ڕۆشنایی فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار، ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار پلانێكی هه‌شت ساڵه‌ی ئاماده‌كردووه‌ بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و زیاتركردنی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌و بواره‌دا، هه‌ر له‌ بنیاتنانی تاوه‌ری گه‌شتیاری و پارك و ته‌فریك و كردنه‌وه‌ی شوێنی كلتووری و كۆمه‌ڵگه‌ی وه‌رزشی و باخچه‌ی ئاژه‌ڵان و هۆڵی سینه‌مایی گه‌وره‌ و به‌ستنی ئیڤێنت و كۆنفڕاسی جیاواز و كردنه‌وه‌ی پێشا‌نگای تایبه‌ت به‌ گه‌شتوگوزار.
به‌گوێره‌ی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیه‌كی سێ هه‌زار شوێن و بنكه‌ی گه‌شتیاری هه‌یه‌، كه‌ چوار سه‌د و شه‌ست و هه‌شت میوانخانه‌ و دوو سه‌د و شه‌ست و حه‌وت مۆتێل و سی و سێ كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شتیاریی و بیست گوندی گه‌شتیاری هه‌نه‌ كه‌ توانای له‌خۆگرتنی شه‌ست و سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا و دوو كه‌سیان هه‌یه‌، هاوكات له‌ هه‌رێمی كوردستان پێنج سه‌د و بیست و چوار چێشتخانه‌ و شه‌ش سه‌د و په‌نجا و حه‌وت كافتریا و پێنج سه‌د و هه‌ژده‌ كۆمپانیا و نووسینگه‌ی گه‌شتیاری و هتد…، هه‌نه‌، كه‌ پێشتر ئه‌و ژمارانه‌ گه‌لێك كه‌متر بوون.
به‌پێی ئاماره‌كه‌، سێ سه‌د و هه‌شتا میوانخانه‌ و مۆتێل و دوو سه‌د كافتریا و چوار سه‌د چێشتخانه‌ی گه‌شتیاری له‌ هه‌ولێری پایته‌خت هه‌نه‌، له‌ سلێمانیش شه‌ش سه‌د بنكه‌ی گه‌شتیاری میللی هه‌نه‌، كه‌ جگه‌ له‌ مۆتێل و هۆتێل، كابینه‌ی گه‌شتیاری، چێشتخانه‌، ڕێستۆرانت و كافتریایان له‌نێودایه‌.