چیرۆکی تاقانەیەکی ئەنفال لە زاری خۆیەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زۆرن ئەو کەسانەی لە بینینی باوک بێبەشن، ئێستا پێگەیشتوون و توانیویانە بەبێ باوک و کەسوکاریان قۆناخەکانی ژیان تێبپەڕێنن. ڕۆژنامەی “ھەولێر” چیرۆکی کەسێک باس دەکات کە دانیشتووی ھەریرە و بەرەبەیانی ٣١-٧-١٩٨٣ لە کۆمەڵگەی قوشتەپە باوکی ئەنفالکراوە، حەوت مانگ دوای ئەنفالکردنی باوکی لە دایکبووە. دەڵێت، بێ باوکی دەردێکی گرانە.

ئێحسان مەردان، کوڕە ئەنفالە، دەڵێت: کاتێک باوکم ئەنفالکرا سێ مانگ بوو پڕۆسەی ھاوسەرگیری پێکھێنا بوو، حەوت مانگ پاش ئەنفالکردنی باوکم من لە دایکبوومە، واتە پاش بابم، لە کۆمەڵگەی قوشتەپه باوکم ئەنفالکرا، کە بە سەردان چووبووە ئەو کۆمەڵگەیە ئەگەرنا ماڵی ئێمە لە کۆمەڵگەی ھەریر بوو، کە ئێستاش ھەر لەوێ نیشتەجێین.
ئێحسان، تاقانەی ئەنفال، دەشڵێ: پێش ئەوەی ژیانی ھاوسەرگیری پێکبھێنم و منداڵمان ھەبێت، وشەی باوک، وشەیەکی نامۆ بوو لای ئێمە، بێ باوکی دەردێکی ناخۆش و گرانە، لە سۆز و خۆشەویستیی باوک، برا و خوشک بێبەشم، بەڵام من ھەمیشە دەڵێم ئەو تاقانەی پاش باوک لە دایکبوونە بارزانی بێت، گەرمیانی، ھەڵەبجەیی و فەیلی بە خوشک و برای خۆمیان دەزانم، چوونکە ئێمە ھەموومان یەک کێشەمان ھەیە، پێویستە ماددی و مەعنەوی قەرەبوو بکرێینەوە.
ئێحسان مەردان، لە نەبوونی باوک و باپیرەکانیدا مامەکانی دەبنە کەس و پشتیوانی، سەرەڕای کێشە و کۆسپەکانی سەر ڕێگەی، بە حەزەوە قۆناخەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت و دەبێتە مامۆستا.ئه و گووتیشی: شانازی بە ڕابردووی خۆمانەوە دەکەین، وەکوو تاقانەکانی ئەنفال داوا دەکەین ئیمتیازات بە ئێمە بدرێت، چوونکە ئەگەر خەڵکی دیکە کێشەیەکیان ھەبێت، ئێمە بە دەیان کێشە و گرفتمان ھەیە، داوا لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان دەکەین ھەر دانیشتنێک لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ھەبێت ئاگادارمان بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین باس لە کێشە و گرفتەکانی خۆمان بکەین، یان پێویستە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کە بە دەنگی کەسوکاری ئەنفالکراوان گەیشتوونەتە ئەوێ ڕۆژێک ئێمە کۆبکەنەوە، بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق باس لە کێشە و گرفتەکانی خۆمان بکەین و ڕەخنەکان ئاراستەی حکوومەتی عێراق بکەین و قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکرێتەوە، بەتایبەتی دایکی ئەنفالەکان کە چینێکی بێ نازن و پێویستە خزمەت بکرێن.
تا ئێستا وێنە باوەکە لەسەر مێژووی ئەنفال لە کوردستان ئەوەیە کە ئەنفالی خەڵکی کوردستان لە گەرمیان لە ساڵی ١٩٨٨ دەستپێدەکات، دواتر بەھەشت قۆناخ لە گەرمیانەوە تا دەگاتە بادینان، ڕەنگە ئەوەش بۆ گەورەیی و زۆری ژمارەی قوربانیان بگەڕێتەوە کە ژمارەیان نزیکەی سەد و ھەشتا و دوو ھەزار کەس بوو، بەڵام ئەنفالی خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام حوسێنەوە لە ساڵی ١٩٨٣ ەوە دەستپێدەکات، ئەو کات ھەشت ھەزار پیاوی بارزانی بێسەروشوێن کران، بە گوێرەی ئەو پێوەر و یاسانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردوون و کاری پێدەکرێت، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، ھەرچەندە دادگەی باڵای تاوانەکان لە عێراق لە ٣/٥/٢٠١١ بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام حکوومەتی عێراق داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال نەکردووە و قەرەبووی ھیچیانی نەکردوونەتەوە.
ئەنفالی بارزانییەکان بە ڕاگواستن دەستیپێکرد، بارزانییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و دەستکرا بە وێرانکردنی دێھاتەکانیان و سووتاندنی دار و زەوی بەپیت و چێنراوەکان و تێکدانی ژینگەی دەڤەرەکە و تاڵانکردنی مەڕوماڵات و بەرھەمە کشتووکاڵییەکانی خەڵکەکە. ئەو بارزانییانەی بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزرابوون لە ساڵی ١٩٨٠ لە ئۆردوگای قوشتەپە لە ھەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێکران، پێش ئەمەش لە ساڵی ١٩٧٨ ھەندێکی دیکەیان ئەوانەی لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان مابوون، ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی دیانا، ھەریر، بەحرکە و گۆڕەتوو.
بارزانییەکان لەو ئۆردوگایانە لەژێر کۆنترۆڵی تووندی سەربازیدا کۆکرانەوە، بەم شێوەیە ئەم کۆمەڵە مرۆڤەی کە بەبۆچوونی بەعس پێویست بوو لەناوببرێن، کە بارزانییەکان بوون دەستنیشانکران، پاش تەواوبوونی قۆناخی یەکەم لە قۆناخی دووەمدا گرتن و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردنیان دەستیپێکرد، تا لە کۆتایی تەممووز و سەرەتای مانگی ئابی ١٩٨٣، دەستکرا بە گرتنی کوڕان و پیاوانی بارزانییەکان لە کۆمەڵگە زۆڕەملێیەکاندا، بارزانییەکان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و ڕەوانەی پارێزگای موسەننا کران، دوای ئەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ١٩٨٣ جارێکی دیکە ھەردوو کۆمەڵگەی قودس و قادسیە لە ئوردوگای قوشتەپە دووبارە کۆنتڕۆڵکرانەوە و ھێزەکانی ئەمنی و ئیستیخبارات ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و ئەو مێردمنداڵانەی دایکیان جاری پێشووتر لەناو کەنتۆر و سەلاجە و شوێنە نادیارەکاندا شاردبوویاننەوە، ئەوانیشیان دەستگیر و بێسەروشوێن کرد.
ئەنفالی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨٨ کرا و تێیدا زیاتر لە سەد و ھەشتا و دوو ھەزار ھاووڵاتیی ئەنفالکران و نزیکەی چوار ھەزار و پێنج گوند و شارۆچکەش ڕووخێندران.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەوڵی بەردەوام درا بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ڕووفاتی قوربانیانی ئەنفال.
ھەرچەندە بەعس ئەو کات سزای کووشتن و گولەبارانکردنی ھەر کەسێکی دابوو کە ھاوکاری بارزانییەکان بکات، بەڵام وەک کەسوکاری قوربانیان دەڵێن، ھەولێرییەکان گوێیان بەو ھەڕەشەی بەعس نەدا و تا لە دەستیان ھات یارمەتییان پێشکەشکرد.
ھەریەک لەو دایکانەی کەسوکاری ئەنفالکراوی بارزانی، زۆر چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان ھەیە لە بارەی یارمەتیدانی خەڵکی ھەولێر و ھاوکاریی خەڵکی ناوچەکانی پارێزگای ھەولێر لەگەڵیاندا، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو ھاوکارییە نەک ھەر لەبیر ناچێتەوە، بەڵکوو ھەمیشە لە ویژدانی ئێمەدا زیندووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوکات خەڵکی ھەولێر ھەمیشە ھەلی کاریان بۆ ئێمە دەدۆزییەوە و کاتی کارکردنیشیان بۆ ئێمە کەمدەکردەوە و ڕۆژانەیەکی زیاتریشیان پێدەداین، یارمەتییەکانی ئەو کاتی خەڵکی ھەولێر وایکردووە تا ئێستاش خۆمان بە قەرزاری ئەوان بزانین.
پێشتر لە یادی ئەنفالی بارزانییەکاندا، لە پەیامێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یارمەتییەکانی خەڵکی ھەولێری بۆ بارزانییەکان لە کاتی شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان بەرز نرخاندبوو و گووتبووی، لەو کاتەدا کە بارزانیبوون و تەعامولکردن و ھاوکاریکردن لەگەڵ خێزانە بارزانییەکان قەدەغە بوو، خەڵکی ھەولێری خۆشەویست، گەورەترین داستانی مەردایەتی و کوردپەروەری و مرۆڤانەی تۆمار کرد، بە ‌ڕاستی چاکە و مەردایەتیی خەڵکی ھەولێر قەت لەبیر ناکرێت و ھەولێر قەڵای مەردایەتییە، خەڵکی ھەمیشە خێرخواز و نیشتیمانپەروەری ھەولێر، بە ئیمانی گەورەی بە حەق و حەقپەروەری، یارمەتی ئەو خێزانە بارزانییانەی دەدا، بۆ ئەوەی بتوانن خۆڕاگری بنوێنن و بە سەربەرزی بژین و سەر دانەنوێنن.

ھەواڵی زیاتر