سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا کاریگەری لەسەر پرسەکانی پێوەندیدار بە عێراق و کوردستان دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە گەیشتووەتە ئەمەریکا و لانی کەم بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ئەمەریکا دەمێنێتەوە، بەپێی ئەو خشتە و بەرنامەیەی بۆ سەردان و چاوپێکەوتنەکانی بڵاو کراوەتەوە جگە لە جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا چاوی بە دەیان بەرپرسی باڵا و دامەزراوەی ئەمەریکی دەکەوێت. وەيڕای بەرپرسانی عێراقی چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانیش هاوڕێیەتی سوودانی دەکەن و پێشبینی دەکرێ گەشتەکە کاریگەری بەرچاوی لەسەر پرسەکانی پێوەندیدار بە عێراق و کوردستان هەبێت و پێوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکاش بخاتە قۆناغێکی نوێوە.

سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا لەسەر بانگهێشتی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت و بۆیەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆمەڵێک دۆسیە و پرسی جیاواز و هەڵواسراو لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا هەن سەردانەکە بە سەردانێکی پڕبایەخ لێکدەدرێتەوە.
پێشبینی دەکرێ لەگەڵ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک ئارێشەی نێوان عێراق و ئەمەریکا، پرسی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پرسەکانی دادگای فیدراڵی، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەرکووک، پرسی دارایی و پێشمەرگە و بودجە و چەندان پرسی تر لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی عێراقی و ئەمەریکی تاوتوێ بکرێن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندەکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا، برێت مەکگورگ ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەیمس هۆکشتاین ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ژمارەیەک بەرپرسی تر کۆبووەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم لەگەڵ جێک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، مایک میۆل سەرۆکی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و کۆمەڵێک بەرپرسی تر کۆببێتەوە.
لەو کۆبوونەوانەدا نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن و لەسەر پێشنیاری ئەمەریکا کورد لە تەواوی ئەو کۆبوونەوانەدا بەشدارە و کۆبوونەوەکانیش تا ڕۆژی هەینی درێژەیان دەبێت و دیدارەکان جگە لە بەرپرسان، دامەزراوەگەلی گرنگی ئابووری و سیاسی و ئەکادیمیش لەخۆ دەگرن.
دەرهاویشتەکانی ئەو گەشتە لە دوای گەڕانەوەی سوودانی بۆ عێراق زیاتر دەردەکەون و چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی تەناهی و سیاسی و سەربازییەوە دەتوانێت بە باشە یان بە خراپە بۆ سەر عێراقییەکان بشکێتەوە.
ئەمەریکا دەخوازێت پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە تەواوی ئاسایی ببنەوە و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە پاڵ عێراقێکدا کە خاوەنی سەروەری بێت، درێژە بە پێوەندییەکانیان بدەن.
یەکێک لەو پرسە گرینگانە کە زیاتر لە ساڵێک بەسەریدا تێدەپەڕێت، پرسی هەناردەی نەوتی کوردستانە. کوردستان لە ٢٥ی ئاداری ساڵی ڕابردووەوە نەیتوانیوە نەوتەکەی بفرۆشێت و دوای دەرچوونی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، ئەنکەرە هەناردەکەی ڕاگرتووە و دواتر سەرەڕای ئەوەی کە ئەنکەرە ڕێگەیدا نەوتەکە هەناردە بکرێ کەچی کێشەی نێوان بەغدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و پرسی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لەهەرێمی کوردستان درێژەی بە قەیرانەکە دا.
بەشێک لەو کۆمپانیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن ئەمەریکین بۆیە ئەمەریکا حەز دەکات هەرچی زووە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێ ئەمەریکا لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت و دوای گەڕانەوەی سوودانی لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق، هەناردەی نەوتی کوردستانیش دەست پێ بکاتەوە.
دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهانیش گرنگە و خستنەڕووی زیاتری نەوت دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری زیاتر بۆ بازاڕەکانی نەوت.
بەدەر لە پرسی وزە، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق خاڵێکی گرنگی تری ئەو دانوستانانەیە، هێشتا عێراق بەهۆی داعش و پاشاگەردانیی دەیان گرووپی میلیشیایی لە دۆخێکی نائارامدایە، ئەمەریکا دەخوازێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق یارمەتیی دۆخەکە بدات و ڕێ لەوە بگرێ دۆخی عێراق بەرەو دواوە بگەڕێتەوە.
بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق دژی ئیسرائیل لە لایەن ئێران ڕەنگە خاڵێکی ئیحراجی بێ بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو سەردانەدا و چاوەڕێ دەکرێ لەوەش بکۆڵدرێتەوە چیدی ئاسمانی عێراق بە مەبەستی تێکدانی دۆخی تەناهیی ناوچەکە بەکار نەهێنرێت.
خاڵێکی دیکە کە لەو سەردانەدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، پرسی دۆلارە لە بازاڕەکانی عێراق، وەک ئاشکرایە ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا دەیان بانکی عێراقی سزا دا بەهۆی ئەوەی دۆلاریان بۆ دەرەوە گواستووەتەوە و پارەیان سپی کردووەتەوە، لەو سەردانەدا لێکۆڵینەوە لە وداین ڕێکارەکان بۆ ڕێکخستنی کەرتی بانکی و شەفافیەتی دارایی دەکرێ و ئەگەر دەرەنجامەکان ئەرێنی بن و ئەمەریکا پێیان ڕازی بووبێت ئەوا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ نرخی دینار بەرز ببێتەوە و لە هەمان نرخی نزیک بکرێتەوە کە بانکی ناوەندیی عێراق دەستنیشانی کردووە.
پرس و بابەتەکانی جێی باس لەو گەشتەدا زۆرن و ئەگەر لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ کۆی کێشەکان هەبێت دەتوانێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەخێر بشکێتەوە.

ھەواڵی زیاتر