نووسەربوون لای ئیتالۆ کالڤینۆ

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کاتێک یەکەم ڕۆمانی ئیتالۆ کالڤینۆم خوێندەوە، یەکەم هەستێک بۆم دروست بوو ئەوە بوو لەبەردەم نووسەرێکی ئاساییدا نیم. بەڵکو ئەم نووسەرە لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە، کە کار لە ڕووبەری نائاساییدا دەکات و چیرۆکی ناوازە هەڵدەبژێرێت. ئەو ڕۆمانەی لە ڕێیەوە کالڤینۆم ناسی “شارە خەیاڵییەکان” بوو، ڕۆمانێک کە زیاتر لە گەشتێکی خەیاڵی دەچێت بەنێو زەمەندا.

دووەم ڕۆمانی ئەم نووسەرە بە ڕۆمانی “ڤیسکۆنتی دوولەتبوو” ئاشنا بووم، کالڤینۆ لەو ڕۆمانەدا لە ڕێی خەیاڵێکی پەرجووئاساوە مرۆڤێک دابەشی هەردوو بەشە خێر و شەڕەکەی دەکات و هەریەکەیان بە سەربەخۆیی دەژین و تادواجار عەشقێک پێکیانەوە دەبەستێتەوە. سێیەم ڕۆمانیشی “سوارچاکێکی نەبوو”، یان “سوارچاکی نادیار” بوو، ئەویش گەلێک سەرنجڕاکێش بوو نووسەر لەوێدا ئیشی لەسەر ئەو هێزە نادیارە کردووە، کە ڕەنگە زۆرجار هەندێک مرۆڤ توانای بینینی ئەو هێزەیان نەبێت، بەڵام ئەو هێزە کاریگەریی و ئاسەواریش بەجێدێڵێت. “بارۆنی سەردارەکان”، یەکێکی دیکەیە لە ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە کە جوانییەکی بێئەندازەی لە خۆیدا هەڵگرتووە و لەو ئیشانەی کالڤینۆیە کە دەمەوێت جارێکی دیکەشی بخوێنمەوە، چونکە هەست دەکەم جوانیی ئەم ڕۆمانە بە یەکجار خوێندنەوە سنگی خۆی بۆ خوێنەر ئاوەڵا ناکات.
بەدەر لەو کتێبانەی باسم کرد گەلێک کورتەچیرۆک و وتار و چاوپێکەوتنی ئەم نووسەرەم خوێندووەتەوە و لە هەفتەی ڕابردوودا چەند چاوپێکەوتنێکیم خوێندەوە، کە باسی گەلێک بابەتی جۆراوجۆر دەکات یەکێک لەو بابەتەتانەی بێزاریی خۆی ناشارێتەوە ڕۆژنامەنووسان و پرسیارە دووبارەکانیان، ئەو ڕاشکاوانە دەڵێت “بەو شتەی ڕۆژنامەنووسان پەست دەبم کە پرسیارێک دەکەن لەسەر شتێک کە ئاشکرایە، نەک بیانەوێت پرسیارێک بکەن لەسەر شتێکی شاراوە”. لەم بێزارییەی کالڤینۆوە تێدەگەین، کە ئەرکی ڕۆژنامەنووس ئەوە نییە ئاشکراکان ئاشکراتر بکات، یان دووبارە ئاشکرایان بکات، بەڵکو ئەرکی ئەو، ئەوەیە نهێنییە، یان شاراوەیەک ئاشکرا بکات.
لە جێگەیەکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەبارەی چۆن دەنووسێت؟ کە گەلێک سەرنجڕاکێش وەڵام دەداتەوە و ئەوە دەخاتەڕوو کە بەدەست دەنووسێت و کاتێکیش دەنووسێت کرداری ڕاستکردنەوەی زۆر لە وشەکاندا دەکات. یان دەڵێت “دەتوانم بڵێم من زۆر زیاتر لەوەی دەنووسم، دەسڕمەوە”. نووسەرە داهێنەرەکان ناترسن لەوەی بسڕنەوە و فڕێ بدەن. لێرەوە تێدەگەین نووسەربوون چەند کردەی نووسینە، هێندەش کردەی فڕێدان و سڕینەوەیە. لە وتاری پێشووتردا باسم لەوە کرد، کە ئۆرهان پاموک باس لە فڕێدان و دڕاندنی لاپەڕەکان دەکات، کالڤینۆ باس لە سڕینەوە دەکات. بەڵام هەر خودی کالڤینۆش ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەندێک جار بەدەم قسەکردنەوە وشە ڕاو دەکات.
خاڵێک کە وەکو خاڵێکی جەوهەری لای ئەم نووسەرە دەردەکەوێت ئەوەیە، کە سڕینەوە زۆر زیاترە لەوەی دەنووسرێت، بۆیە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی بچووکن و خاوەنی ڕۆمانی قەبارە گەورە نییە، بەڵکو بەشێک لە رۆمانەکانی لە چەشنی نۆڤلێتی کورتن وەکو “ڤیسکۆنتی دولەتبوو” و “شارە خەیاڵییەکان”. هەربۆیە لە جێگەیەکی دیکەی هەمان چاوپێکەوتندا ئەوەش دەخاتەڕوو کە لاپەڕەکانی هەمیشە خەڵتانن بە هێڵی سڕینەوە و پێداچوونەوە. لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کاتێک نووسەرێک وشەیەک دەنووسێت ئەمە نیشانەی ئەوە نییە، کە وشەکە موقەدەس بێت، بەڵکو وشە موقەدەس نییە، بۆیە ئەگەری سڕینەوە و فڕێدان و دڕاندنی هەیە.
ئەو وانەیەی لە ئیتالۆ کالڤینۆوە فێری دەبین ئەوەیە کە وشە موقەدەس نییە و نووسەربوون بریتییە لە فڕێدان و سڕینەوەی وشە و هاوکات ڕاوکردنی وشەی نوێش لە کاتی گونجاودا. ئەوەی وا دەکات کالڤینۆ لە ڕیزی نووسەرە دڵخوازەکانمدا بێت ئەو دونیا تایبەتەیەتی کە پەیوەستبوون و سووتانی بەدیار وشەیەوە دروستی کردووە و من هەست بە گەرمی وشەکان و ئاوێتەکردنی ڕۆحی نووسەرەکە دەکەم لەناویاندا. هەر نووسەرێکیش بەمشێوەیە بنووسێت نەمری بۆ خۆی و نووسینەکانی بەرجەستە دەکات.

ھەواڵی زیاتر