پلانی حکوومەت دروستکردنی پۆندە لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمساڵ کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی باش ژیاونەتەوە. ھەر بن بەرد و شاخێک جۆگەڵە ئاوێکی سازگاری تێدا ھەڵدەقوڵێت، ئەمەش کاریگەری باشی ھەیە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ. لە بەرنامەی حکوومەتە لە تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان پۆند دروست بکات و ئاو گل بداتەوە، بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ کشتوکاڵ و ڕووبەڕێکی فراوانی بۆ داچاندن ھەیە. بەپێی تۆماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران ئەمساڵ لە ھەندێک شوێن بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێنده بگرە زیاتریش باران باریوە.بەپێی پێشبینییەکان لە ڕۆژانی داھاتوودا شەپۆلێکی دیکەی باران بارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. جووتیاران، دەڵێن، بەھۆی زۆری باران بارین ئاوی ژێر زەوی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادبووە، ئەوەش وای کردووە ھەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەین بۆ داچاندنی بەرھەمەکانی کشتوکاڵ. بەگوتەی ھەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی ئاو، باران بارینی ئەمساڵ، نەرمە باران و ماوەی بارینی زۆر بووە، بۆیە زەوی ئاوێکی زۆری گڵداوەتەوە. لە ھەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە و زیاتر لە بیست بەنداوی بچووک و گۆماوی دەستکرد ھەن، تەنیا بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دھۆک بۆ توانای گلدانەوە و کۆگاکردنی زیاتر لە دە ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراون. ئاوی کۆگاکراو لە ھەرێمی کوردستان ئێستا شەش ملیار مەتر سێجایە، بەراورد بە ھەمان ڕێککەوتی ساڵی ڕابردوو، ملیارێک و ھەشت سەد ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە.

ھەواڵی زیاتر