شوێنەوارەكانی نزیك شارۆچكەی سێ بابەجانی، كرماشان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

هەڵكەوت پشدەری كە شوێنەواناسێكی كوردەو لە توێژینەوەیەكی تازەیدا باسی لە شوێنەوارەكانی نزیك شارۆچكەی سێ بابەجانی، كرماشان كردووە و دەڵێت : ڕووماڵێكی سەرپێیی بۆ دەستنیشانكردنی شوینەوارەكانی ناوچەی كرماشان ئەنجامی باشی لێ بەدەست كەوتووە. لەو رووماڵەدا ١٠ ئەشكەوت و بنەبەرد دۆزرانەوە، هەر دە شوێنەوار مرۆڤی كۆنی تیدا ژیاوە و پاشماوەی ئامرازە بەردەكانیان دۆزراونەتەوە. تا ئامادەكردنی ڕاپۆرتی تیمی رووماڵەكەی ئەنجامداوە، لە هیچیاندا كنە و پشكنینی زانستیی نەكراوە.

١. ئەشكەوتی سەلمانە: دەكەوێتە زنجیرە بەرزاییەكانی سەلمانە و بە ئەشكەوتێكی دیكە و بنەبەردێك دەورەدراوە، بەڵام هیچیان شوێنەواری ژیانی مرۆڤی تێدا نەدۆزرایەوە. ئەشكەوتیكی بچووكە، ٨ مەتر لە دەمەكەیەوە قووڵایی هەیە و ٦ مەتر و نیو پانە و ٤ مەتر و ٧٠ سانتیمەتریش بەرزە. دەمی ئەشكەوتەكە سێگۆشەیی هەڵكەوتووە و بەسەر دەشتایی سەرقەڵادا دەڕوانێت. لە ناوەوە، لە كۆتایی ئەو ٨ مەترە تەسك دەبێتەوە، لەبەر بچووكیی و تاریكیی تیمەكە بەدوایدا نەچوون. ئامرازە بەردەكانی لە ڕووی سەرەوە دۆزرانەوە لە جۆری كەلتووری برادۆستن. ئامرازە بچووكەكان پارچەیان لێكراوەتەوە تا ببنە ئامرازی تازە. بەردی ئەو ئامرازانە لە جۆری بەردی شاخن بە ناوی چێرت chert و هەر لەو نزیكانە هەن.
٢. ئەشكەوتی دەربەند زەرد: لە بەشی بنەوەی شاخێكە بەناوی باخە. رووبەری زەوی ئەشكەوتەكە ٥٠ مەتر دووجا دەبێ و تا ١٤ مەتر و ٦٠ سانتیمەتر قووڵایی هەیە و تا ٧ مەتر پانە، بەرزیشی دەگاتە نزیكەی ٣ مەتر. دەمی ئەشكەوتەكە مەیلەو هێلكەییە و ٦.٨ بە ٢.٤ مەترە. بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوانێ. بەردەمی ئەشكەوتەكە زۆر لار و هەڵدێرە. ئامرازە بەردەكانی مرۆڤی كۆن لە بەردەمی ئەشكەوتەكە دۆزرانەوە و لەوانەی چاخی بەردیینی نوێ و ناوەڕاست دەچن. كۆی ئەو ئامرازە بەردانە ١٥ دانە بوون. ئامرازە بچووكەكان پارچەیان لێكراوەتەوە تا ببنە ئامرازی تازە و بەكاربێنەوە. بەردی ئەو ئامرازانە لە جۆری بەردی شاخن بە ناوی چێرت chert و هەر لەو نزیكانە هەن. تاكە یەك ئامراز لە جۆری بەردە شووشە بوو، كە لەو ناوچەیەدا نییە. دەبێ لە شوێنێكی دیكەوە هاتبێ.
٣. ئەشكەوتی سیڤەر هۆوار ١: ئەویشیان هەر دەكەویتە شاخی باخە و بەسەر بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی دەشتایی سەرقەڵا دەڕوانێت. ڕووبەری ناوەوەی ٢٥ مەتر دووجایە. ٧٠٪ی ئەو رووبەرە پاشماوەی ئاژەڵانی تێدایە. دیارە شوێنی حەوانەوەی شوانكارانە. لە دەمەكەیەوە تا ١٦ مەتر قووڵایی هەیە و تا ٢٠ مەتر پانە. دەمەكەی مەیلەو بازنەیە و تەنیا ٧٠ مەتر لە تەختایی سەرقەڵا بەرزە. دەمەكەی ٨.٣٥ مەتر بەرزە و ١٠ ماتر پانە. بەرزترین خاڵی بەرزایی دەگاتە ١٣ مەتر و نیو. ئامرازی بەردیین و پاشماوەی هەندێ گڵسازیی سەردەمی پارسەكان لە دەرەوەی لە بەردەم و تەنیشت دەمی ئەشكەوتەكە دۆزرانەوە.
٤. ئەشكەوتی سیڤەر هۆوار ٢: هەر لەهەمان شاخدایە بەڵام لە بەشی باكووریدایە. ڕووبەری ئەشكەوتەكە لە ١٠٠ مەتر دووجا كەمترە و هەمووی بەردە. بەڵام ٨٠٪ی بە پاشەرۆكی ئاژەڵان داپۆشراوە. ٥٢ مەتر لە دەشتایی سەرقەڵا بەرزە. دەمی ئەشكەوتەكە هێلكەییە، ٩.٦ بە ٣.٨ مەترە، لە ناوەوە تا ١٠ مەتر بەرزە و تا ٩.٦ مەتر پانە. بەردی گەورە لەبەردەمی ئەشكەوتەكە هەن، كەمێك جوونە ژوورەوەیان باریك كردووە. لە دیوارێكی ناوەوە، شوێنی چۆڕانی ئاو هەیە. دەكرێ وەكو كانیاویكی وەرزی ئاوی لێوە هاتبێت. بڕێكی زۆر ئامرازی بەردی چاخی بەردینی ناوەڕاست و هەندێك بابەتی سەردەمانی ئارۆك دۆزرانەوە.
٥. ئەشكەوتی دار پەڵا: گەورەترین ئەشكەوتە. دەكەوێتە شاخی سێرەكە. ئەشكەوتەكە دوو بۆشایی/ژوور هەیە. بنمیچی ژووری دووم ڕووخاوە و دەمی چوونە ژوورەوەی زۆر باریك كردووە. كۆی ڕووبەرەكەی دەگاتە ٢٠٠ مەتر دووجا. تا ٣٠ مەتر قووڵایی هەیە و تا ٨.٣ مەتر پانە. دەمەكەی مەیلەو بازنەیە ١٠ بە ٥ مەترە. تەنیا ١٨ مەتر لە دەشتایی ناوچەكەوە بەرزە. ئەویشیان بە پاشەرۆی ئاژەڵ پڕبووە بۆیە لە ناو ئەشكەوتوكە هیچ دەست نەكەوت. چۆمێكی بچووكی ئاو هەیە تەنیا ٥٠٠ مەتر دوورە و كانییەكیش ١.٩ كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەڵام لە ناو سنووری باشووری كوردستاندایە. چۆمی هەواسۆن ٣ كیلۆمەتر لێیەوە دوورە. كلتوورێكی دەوڵەمەندی پاشماوەی ئامرازی بەردی چاخی بەردیینی ناوەڕاست و دواتر گلسازیی سەردەمی ئیسلام و برۆنز، هاتوون.
٦. بنەبەردی سێرەكا: بۆشاییەكی بەردینی بچووكە دەكەوێتە دامێنی شاخی سیێرەكا. لە شییكاریی ئامرازە بەردەكانی لەو ناوە دۆزرانەوە دیارە ژیان تێیدا بۆ سەردەمی چاخی بەردینی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.
٧. بنەبەردی سەلمانە: وەكو ئەشكەوتی سەلمانە، دەكەوێتە شاخی سەلمانە. دوو بۆشایی هەیە، یەك لە تەنیشت ئەوی دیكەیە. بڕێك ئامرازی بەرد دۆزرانەوە. دواتر پارچەی گڵسازیی سەردەمی پارسەكانی لێبوو.
٨. شوێنەواری كەرەپوو: تەختاییەكی دامێنی چیای كەرەپوو لە نزیك كانییەكی ئاو بە هەمان ناو، هەڵكەوتووە. لە تەنیشت جۆگە ئاوێكی ناوچەكەیە ئەویش هەر ناوی كەرەپووی هەیە. لە نێوان دوو گرددایە و ئامرازی بەردی چاخی بەردیینی ناوەڕاست و هەندێك پاشماوەی سەردەمی ئیسلامی لی دۆزرایەوە.
٩. شوێنەواری كانی ڕەش: تەختاییەكی دامێنی شاخی دەلالهوویە، نزیكەی ١٦٠٠ مەتر دووجایە. لە نزیك كانییەكە بە ناوی كانی ڕەش. زۆربەی پاشماوەكان لە نزیك كانییەكە دۆزرانەوە. ئامرازە بەردەكانی بۆ سەردەمی چاخی بەردیینی نوێ دەگەڕێنەوە.
١٠. شوێنەواری سەراوی عەوڵا: لە لای ڕاستی چۆمی عەوڵایە. دۆزراوەكانی ئەو شوێنە نیشانی دەدات ژیان تێیدا لە چاخی بەردیینی نوێ تا سەردەمی پارسەكان بەردەوام بووە.
كۆی گشتی هەموو ئەو ئامرازە بەردانەی لەو ڕووماڵەدا دۆزرانەوە بوو بە ١٦٣ پارچە. درێژیی لە چەند میللیمەترێكەوە تا ٥ سانتیمەتریان تێدابوو و چەند جۆرێكیش بوون . ٩٧٪ ی ئەو ئامرازانە لە بەردی ناوچەكە دروستكراون. ٣٪ لە بەردەشووشە بوون، هیچ گومان نییە ئەو بەردەشووشانە لە شوێنی دووری وەكو چیاكانی دەریاچەی وان، هاتوون. دەبێت لە ئاییندەدا هەلكۆڵینی زانستیی شوێنەوارناسیی لەو شوێنەوارانە بكرێت تا لە بایەخی هەریەكەیان تێبگەین.

ھەواڵی زیاتر