دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان:بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاسایشی سنوورەکان گرنگە

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، دەڵێت: ئەو بابەتە دیاردەیەکە لە ئێستادا لە تەشەسەندن و بەرزبوونەوەدایە لەسەر ئاستی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەو وڵاتە. دەشڵێت: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەوڵەکانمان بۆ هۆشیارکردنەوە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکان و پەروەردە و خوێندنی باڵا و لە ڕێگەی میدیاکان زۆر باشبوونە بەڵام خواستمان ئەوەیە زیاتر ببێت

دوێنێ، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ ئێمە لە مانگی 9ـی ساڵی 2023 یەکەم کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان لە هەولێر کرد، بە ئامادەبوونی حکوومەتی عێراق و بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی.
ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 147 زانیاری بە ئیمەیل و نووسراو لەگەڵ لایەنە بیانییەکان و ناوخۆییەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاڵوگۆڕکراوە، تاوەکو هەموومان پێکەوە زیاتر ئاشنای مەترسیەکان و بەرەنگاربوونەوەکان ببین.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە مەترسیی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت؛ ئاسایشی سنوورەکان بابەتێکی گرنگە، هەروەها ڕێنمایی و مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو ئەسەرە ئەمنییانە دەستیپێکردووە کە بەرپرسیارەتییان هەیە لە سنوورەکە، هەروەها هەنگاوەکانمان لە ڕێگەی میدیا و ئەو فەرمانگانەی کە گرێدراون بە کاری میدیایی بۆ هۆشیارکردنەوە زیاتر کردووە.
دیندار زێباری، گوتیشی: سەرۆکی حکوومەت سەبارەت بەهاوکاری نێودەوڵەتی لەیەکەم پرێس کۆنفرانسدا لە مانگی 9ـی 2023دا بەڕاشکاوی گوتی: “پێویستمان بەهاوکاری نێودەوڵەتیی هەیە لەڕووی لۆجیستی و هونەری و تەکنیکی کە زۆر گرنگە بۆ ئەو پڕۆسەیە”.
ئەوەشی ڕاگەیاند: هەندێک لە کونسوڵ و ئاژانسەکان هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی دەست بە خولی ڕاهێنان بکرێت، بۆ ئەوەی بە پێدانی هاوکاری هونەری تەکنیکی تا شارەزایی حکوومەت بەرزتر بکرێت لەم پڕۆسەیە.
جەختیکردەوە، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هەوڵەکانمان بۆ هۆشیارکردنەوە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکان و پەروەردە و خوێندنی باڵا و لە ڕێگەی میدیاکان زۆر باشبوونە بەڵام خواستمان ئەوەیە زیاتر ببێت.

ھەواڵی زیاتر