محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک:کەرکووک پێویستی بە هەمووانە

دوای سەردانی بۆ بارەگای جەبهەی تورکمانی، محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند، سەردانیان بۆلای هەموو پارتە سیاسییەکانی کەرکووک دەبێت و جیا لەوەی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتیش لەگەڵ لایەنەکان لە دانوستاندن بەردەوام دەبێت.

دوێنێ، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەکو پارتە سیاسییەکانی کەرکووک سەردانی جەبهەی تورکمانیمان کرد، چونکە کەرکووک پێویستی بە هەمووانە، هەروەها پێویستی بە کورد و تورکمان و عەرەبە بۆ ئەوەی پێکەوە خزمەتی شارەکە بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە سەردانی فەرمیمان بۆ لای هەموو لایەنەکان هەیە، پەیوەندی بە دانوستان نیە، چونکە لیژنەیەکی تایبەت هەیە بۆ دانوستانەکان، ئەوان کاری خۆیان دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدا دێت، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەی ڕاگەیاند؛ زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە تاکو ئێستا حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دانەنراوە و هەڵنەبژێردراوە. ئەم بابەتە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە شاری کەرکووک پێکهاتەکەی فرەنەتەوە و فرە پێکهاتەیە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکانی دواکەوتنی پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.
ئەوەشی خستووەتەڕوو “هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن هەریەکەیان داواکاریی خۆی هەیە، کەسیش سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات و دەیەوێت زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنێت. ئەمەش وایکردووە کە نەتوانین بگەینە ئەنجامێک، هەرچەندە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێو پێکهاتەکانی لایەنە براوەکانی شارەکەدا هەن”.

ھەواڵی زیاتر