“دەوڵەتێک کە لە میلیشیاکان و بەشێک لە لایەنە شیعیەکان پێکهاتوون و ئەجێندای دەرەکی ئاراستەی دەکات”

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە عێراقی فیدراڵیدا سەرەڕای ئەوەی کە دەستوورێکی هەمیشەیی لەبەردەستدایە بەڵام تا ئەم ساتەش ڕوون نییە کورد بۆ دابینکردنی مافەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دەبێت لەگەڵ کێ قسە بکات و بەڵێن لە کێ وەربگرێت و ڕێککەوتن لەگەڵ کام لایەندا بکات. دەرکەوتووە ئەوەی دۆخەکەی لە قازانجی خۆی و ئەجیندایەکی دەرەکیدا قۆستووەتەوە و بووەتە سەرچاوەی قەیران و تەنگژەکان دەوڵەتی قووڵە نەک ئەو دەسەڵاتەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی لەگەڵ بەغدادا هەیە کە بەشێکیان کۆنن و بەشێکی تریان ماوەیەکە سەری هەڵداوە، نوێترین کێشەیان پرسی مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و توێژەکانی تری کوردستانە کە دەستی دەستی بە هەرێمی کوردستان کراوە و ئەوەی بەغدا بە زمان دەری دەبڕێت لەگەڵ ئەوەی بە کردەوە ڕوو دەدات تەواو جیاوازییان لەگەڵ یەکتردا هەیە.
وەک ئاشکرایە نزیکەی دوو مانگە خەڵکی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و تووشی دۆخێکی نالەباری دارایی بوونەتەوە. خەڵک بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی مانگی ڕەمەزان هانایان بۆ قەرز و فرۆشتنی زێڕی خێزانەکانیان و کەلوپەلەکانیان بردووە. ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان ڕەنگە توانای کڕینی مریشکێکیشیان نەبێت یان توانای ئەوەیان نەبێت قتووی شیرێک بۆ منداڵیان بکڕن و بژێویی زۆربەی خەڵک خراپە جا ئەگەر مووچەکەی زۆر بێت یان کەم کاریگەریی خراپی لەو دۆخە وەرگرتووە مادام مووچەکەی بەدەست نەگەیشتووە.
حکوومەتی عێراق کە بەپێی یاسای بودجە و دەستوور و دواین بڕیاری دادگای فیدراڵیش، بەرپرسیارە لە دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەر مانگە و بە بیانوویەک کێشەی بۆ مووچە دروست کردووە و نوێترین بیانووی ئەوە بوو کە ناوی چواریی فەرمانبەران نەنووسراوە، دواتر کە ناوەکان دووبارە نووسران و بۆ بەغدا بەڕێ کرانەوە ئەم جارە داوای لیستی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی بە ناوەوە کرد.
لەم ماوەیەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دووبارە کەوتەوە دانوستان و بڕیاری ئەوە درا کە بەغدا ڕازییە بەوەی هەر بە کۆد لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و هەندێک توێژی تر وەربگرێت و هەرێمی کوردستان ئەو لیستەشی ڕەوانەی بەغدا کرد بۆ ئەوەی وەڵام بدرێتەوە بەڵام هێشتا مووچەی ئەو توێژانەی نەناردووە بۆ ئەوەی حکوومەت دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.
هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نوێنەرانی کورد لە بەغدای ڕاگەیاندووە مووچەی ڕەوانە دەکات و تەنانەت باسی لەوە کردووە کە کێشەیان لەگەڵ ”هەژماری من”یش نییە کە کراوەتە بیانووی نەناردنی مووچە بۆ مانگەکانی داهاتوو.
بە گشتی ئەگەر بە پێی ڕێککەوتنەکان بێت ئەوا کێشەکان زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەبوون، بەڵام کێشە لەوەدایە هەست دەکرێ حکوومەتی عێراق خۆیشی بێدەسەڵاتە و ئەگەر بڕیارێکیش بدات ئەوا لە لایەن دەوڵەتی قووڵەوە لەمپەری بۆ دروست دەکرێت، دەوڵەتێک کە لە میلیشیاکان و بەشێک لە لایەنەکانی شیعە پێکهاتوون و ئەجیندایەکی دەرەکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و ئامانجیان لەقاڵبانی هەرێمی کوردستان و ڕێگەگرتن لە پێشکەوتنەکانی و تەعامولکردن لەگەڵیدایە هاوشێوەی پارێزگا نەک هەرێمێکی دەستووری.
ساڵی ڕابردووش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی سوودانی لەبارەی نەوت و دواتر بودجە بە ڕێککەوتنێکی زۆر گرنگ گەیشت کە مایەی دڵخۆشیی کورد بوو بەڵام ئەو ڕێککەوتنە هەرگیز جێبەجێ نەکرا و لە پەرلەمان کە دەوڵەتی قووڵ دەستی بەسەر ئەویشدا گرتووە گۆڕانکاری لە ڕێککەوتنەکە کرا و یاسای بودجە بە زیانی کورد تێپەڕێنرا.
ئەو دەوڵە لە چوارچێوەی حکوومەتی فەرمیی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی و دامەزراوەکانی ترەوە هەر ڕۆژە و بیانوویەک بە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دۆخێکی زۆر نالەباری هێناوەتە کایەوە کە خەڵکی کوردستان قوربانییە سەرەکییەکەن.
کاتی ئەوە هاتووە هەمووان ئەو ڕاستییە ببینن و لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان پشت لە بەغدا و ڕوو لە بەها نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان دەروویەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە.

ھەواڵی زیاتر