شاندێکی سه‌رۆکایه‌تی بۆ سه‌ره‌خۆشی سه‌ردانی کونسولخانه‌ی ڕووسیا ده‌کات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٤/٣/٢٦ شاندێکی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی به‌ڕێز فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆکی دیوان و ژماره‌یه‌ک له‌ ڕاوێژکاران و به‌رپرسان له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، بۆ گه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ قوربانیانی هێرشه‌ تیرۆرستییه‌که‌ی ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردووی مۆسکۆ، سه‌ردانی کونسولخانه‌ی گشتیی ڕووسیایان له‌ هه‌ولێر کرد.

وێڕای گه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی، شانده‌که‌ پرسه‌نامه‌یه‌کی له‌ تۆماری پرسه‌دا نووسی و به‌ ناوی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و گه‌لی کوردستانه‌وه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ خێزان و که‌سوکاری قوربانیان و گه‌ل و حکوومه‌تی ڕووسیادا ده‌ربڕی.

له‌ پرسه‌نامه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ ئه‌م هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌یسه‌لمێنیت تیرۆر و تونڕه‌وی هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جددییه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێ یه‌کگرتوو بێت و له‌ هاریکاریی هاوبه‌ش به‌رده‌وام بێت بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر.