١4 تۆمه‌تبار به‌ ٢٣ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركران

چواس خالید – هەولێر

له‌ زنجیره‌یه‌ك چالاكیدا، تۆڕێكی گه‌وره‌ی بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركرا، كه‌ له‌ چوارده‌ تۆمه‌تبار پێكهاتبوون و به‌ مه‌ترسیدارترین تۆڕه‌كانی بازرگانی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان داده‌نرا، هه‌ر له‌و چالاكییه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر ٢٣ كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری كریستاڵ دا گیرا.

دوێنێ، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركردنی تۆڕێكی بازرگانیی مه‌ترسیداری مادده‌ی هۆشبه‌ر ڕاده‌گه‌یاند و هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، دوای به‌دواداچوون و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد و دواتر وه‌رگرتنی فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش، له‌سه‌ر زانیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، تیمێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان، دوای هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و به‌ به‌شداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی كه‌ركوك، له‌ زنجیره‌یه‌ك چالاكی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا، كه‌ زیادتر له‌ دوازده‌ ڕۆژی خایاند، تۆڕێكی گه‌وره‌ی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركرا.
به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، باندی بازرگانه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر كه‌ ده‌ستگیركران چوارده‌ تۆمه‌تبار بوون، هاوكات له‌م زنجیره‌ چالاكییه‌دا، بڕی بیست و سێ كیلۆ گرام مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری كریستاڵ له‌ناو شاری كه‌ركوك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌م تۆڕه‌ بازرگانییه‌ی كه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، به‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین تۆڕكانی بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆ داده‌نرا.
هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ئه‌و تۆڕه‌ بازرگانییه‌ی كه‌ ده‌ستگیركراون، حه‌فتانه‌ بڕێكی زۆری مادده‌ی هۆشبه‌ریان بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ ده‌كرد و گه‌نج و لاوی كوردیان به‌هۆیه‌وه‌ له‌خشته‌ ده‌برد.
له‌ كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هاتووێ، بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی دادێ، ئه‌م چالاكییه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕابگه‌یه‌ندرێ.
جیا له‌وه‌ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو بازرگانی دیكه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركران، كه‌ یه‌كێك بوون له‌وانه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ریان ده‌گه‌یانده‌ ناو شاری هه‌ولێر.
به‌ پێی ئاماری به‌رده‌ست، له‌ ساڵی ٢٠٢١ دا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستی به‌سه‌ر نزیكه‌ی چوار سه‌د كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر داگرت و هاوكات هه‌زار و نۆ سه‌د و چل و سێ كه‌سیش به‌تۆمه‌تی بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه‌ كار ده‌كات له‌ قه‌ڵاچۆكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌و بازرگانانه‌ی‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافییه‌وه‌، وه‌ك ترانزێت به‌كار ده‌هێنن، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یاسای ژماره‌ یه‌كی ساڵی ٢٠٢٠ی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ر و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌سند كرد.
به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر كه‌سێك بازرگانی به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ بكات، یان به‌رهه‌می بهێنێت، به‌ زیندانی هه‌تا هه‌تایی و پێبژاردنێك له‌ پازده‌ ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ سی ملیۆن دینار زیادتر نه‌بێت سزا ده‌درێت، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌كار ده‌هێنن، به‌ سزای زیندانیكردنی ساڵێك تا سێ ساڵی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت و سزاش ده‌درێت به‌ پێبژاردنێك له‌ پێنج ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ ده‌ ملیۆن دینار زیادتر نه‌بێت.