سەرەڕای خواستی ھاووڵاتییان لەسەر کاڵا خۆراکییەکان، نرخەکان دابەزێندراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی ڕەمەزان خواست لەسەر ھەندێک کاڵا و خواردن و خواردنەوەکان زیاتر دەبێت، ھەندێک جار ئەو خواستەی ھاووڵاتییان نرخ بەرز دەکاتەوە، بۆ ئەمساڵ بە پێچەوانەوە ژمارەیەک فرۆشیار و فرۆشگا و خاوەن دووکان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاتنی ئەو مانگە دەستیان کردووە بە داشکاندنی نرخی بەرھەمە خۆراکییەکان، داواش دەکەن فرۆشگا و خاوەن دووکانەکانی دیکەش وەکو ئەوان بکەن، بۆ ئەوەی ترسی گرانبوونی خۆراک لە مانگی ڕەمەزان لای ھاووڵاتییان نەمێنێت و کۆتایی بەو دیاردەیە بێت و نرخی خۆراک و خواردەمەنیش ھەرزان بێت. قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێریش، دەڵێت: سەرەڕای خواستی ھاووڵاتییان لەسەر کاڵا خۆراکییەکان، لە زۆر شوێن نرخەکان دابەزێندراوە، چونکە ڕەچاوی بارودۆخی ھاووڵاتییان کراوە.

خاوەن فڕۆشگا و دووکاندارەکان، دەڵێن، داشکاندنی نرخی خۆراک و خواردەمەنی پێشوازییە لە مانگی ڕەمەزان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھەموو ئەو شتانەی کە پێداویستی ڕۆژانەی خەڵکن، نرخەکەمان دابەزاندووە، نان یەکێکە لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە ھەندێک نانەواخانە پێشتر ھەشت نان بە ھەزار دینار بوو، ئێستە بە ھاتنی مانگی ڕەمەزان دە نانیان کردووەتە ھەزار دینار.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەھۆی خواست لەسەر شمەک و کاڵا و خواردن و خواردنەوەکان نرخی بەشێک لەو کەلوپەلانەی کە لە بازاڕدان گران دەبێت، ئەمساڵ لە سەرەتای مانگی ڕەمەزان بە ھەرزانکردنی خواردن و خواردنەوەکان، بەشێک لە خاوەن کۆگاکان دەیانەوێت، ئەو تێگەیشتنە لای خەڵک کاڵ بکەنەوە.
بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی کاڵا و شتومەک بەدواداچوون بۆ خۆراکی ماوەبەسەرچوو و دیاردەی قۆرخکاری، لیژنەی بەدواداچوونی قایمقامیەتی قەزا و ناحیەکان و لیژنەی چاودێریکردنی بازاڕ بەردەوام چاودێری بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان دەکەن و ڕێنمایی و ھۆشیاری بڵاودەکەنەوە، دەڵێن، ھەر کەسێک پابەندی ڕێنمایەکانی لیژنەکە نەبێت سزا دەدرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕۆژانە سێ لیژنە لە سێ کەرتی جیاواز بەدواداچوون بۆ دۆخی بازاڕ دەکەن، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان زیانمەند نەبن. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، ئاشکرای کرد: لیژنەکانی چاودێری و پشکنینی بازاڕ پلانێکی تۆکمەیان داناوە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ لە مانگی ڕەمەزاندا.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، گوتیشی: لە ڕەمەزان چاودێرییەکی وردی کۆگاکانی خواردن دەکرێت، چونکە خواستی ھاووڵاتی لەسەر کڕینی خۆراک و کاڵا و شتومەک زیاد دەکات، ھەروەھا بە بەردەوام چاودێری کارگەکانی دروستکردنی شەربەت دەکرێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، دەڵێت: ھاووڵاتییانیش ھاوشانی لیژنەکانی چاودێری بازاڕ لەکاتی بینینی ھەر خواردنێکی ماوەبەسەرچوو پێویستە ئاگادارمان بکەنەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، گوتیشی: لە کاتی بینینی ھەر سەرپێچییەک، ھاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە ٠٧٥٠٢٢٢٤٤٨٨ بکەن.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، باسی لەوەشکرد، سەرەڕای خواستی ھاووڵاتییان لەسەر کاڵا خۆراکییەکان، بەڵام نرخەکان لە بازاڕ جێگیرن و گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە، بەڵکو لە زۆر شوێن نرخەکان دابەزێندراوە، چونکە ڕەچاوی بارودۆخی ھاووڵاتییان کراوە.
دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر لە ھەرێمی کوردستان، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بەراورد بە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ھەرێمی کوردستان ٧% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە ١١٦.٣٣ بووە بە ١١٧.١٣، بەمەش پێداویستییەکانی خەڵک خواستێکی زۆری لەسەر بووە.
بەگوێرەی ئاماری ئەو دەستەیە، نرخەکانی بەکاربەر ئاماژەیە بۆ ئامارێک کە پێوانەی گۆڕانکارییەکانی ئاستی گشتی نرخەکانی سەبەتە و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەناوخۆدا بەکاردەھێنرێ، ئەو پێوانەیە ڕەنگدانەوە لەسەر خەرجی ڕۆژانەی خێزانەکان لە وڵاتدا.
ئامارەکە ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت وەک، پێوانەکان بۆ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان، پەروەردە، ڕۆشنبیری، چێشتخانەکان، پەیوەندییەکان، گواستنەوە، تەندروستی، پێداویستی ناوماڵ، جلوبەرگ و پێڵاو، کرێی نیشتەجێبوون، ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، خواردنەوە کحولییەکان و توتن لەگەڵ خواردنەوە ناکحولییەکان بووە.
لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ زۆرترینی خواست لەسەر ماددە کحولییەکان و تووتن بووە، لە کاتێکدا، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ خواست زۆر لەسەر کەرەستە و کەلوپەلە جۆراوجۆرەکان بووە، بەجۆرێک لە ھەولێر ٨%، سلێمانی ٧% و دھۆک ٧% بەرزبوونەوەیان تۆمارکردووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پێویستە بازرگانان ئەو کاڵایانەی کە دەیخەنە بازاڕەوە کوالێتی باش بێت و ماوەبەسەرچوو نەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل، گوتیشی: دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە کراوە بۆ ھاووڵاتییان، ھاوکات چوار جۆری خۆراک بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز زیاد کراوە، کە بریتییە لە شعرییە، نیشاستە، ئاردی سفر و مەعکەرۆنی.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، ھاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە، کە کاڵایەکی زۆر وەک بەشەخۆراک لە کۆگاکان ھەیە، ھەروەھا دابەشکردنی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، ئەگەر ھەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراو بێتە پێشەوە توانای ئەوەمان ھەیە تا شەش مانگ پێداویستی بازاڕ دابین بکەین.

ھەواڵی زیاتر