ڕۆژانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٦ملیۆن لیتر بەنزینە

هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و، ژیان و گوزەرانی خەڵک گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە. بوونی سەرمایە و بەرزبوونەوەی داهات ڕەنگێکی تری بە ژیان بەخشیوە، بەڵام ئەو گەشەیە بەگوێرەی پلان نەبووە و نەتوانراوە بە هەمان ڕێژە بیر لە پاراستنی سەرمایە و داهات بکرێتەوە و زیانەکانی خەریکە دەردەکەون.

وەک ئاشکرایە، پێشتر ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر کەم بوون و لە هەر کۆڵانێک لەوانەیە خێزانێک یان دوو خێزان سەیارەیان هەبوایە، یان لە نێو خزم و کەسەکان بە دەگمەن هەڵکەوتبا چەند خێزانێک ئۆتۆمبێلی تایبەتییان لەژێر پێدا بێت.
دۆخی ئابووری بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە خێرایی گۆڕدرا و خەڵک پارەی زیاتری دەستکەوت و جووڵە بازرگانی و ئابوورییەکان زیاتر گەشەیان سەند و خەڵک بەو پارەیەی دەستیان کەوت هەوڵیان دا ژیان و گوزەرانی خۆیان خۆشتر بکەن و پێداویستییەکانی سەردەمیانەی ژیان زیاتر بۆ خۆیان دابین بکەن.
یەکێک لەو پێداویستییانە کە زۆرینەی خەڵک حەزی کردووە ببێتە خاوەنی، ئۆتۆمبێل بووە و ساڵانە ئۆتۆمبێلی کۆنی بە مۆدێلی نوێتر گۆڕیوەتەوە. لە ڕاستای ئەم حەزەدا گواستنەوەی گشتیش لە جیاتی ئەوەی بەرەو پێش بچێت زیاتر لاواز بووە و خەڵک لە سودوەرگرتن لە گواستنەوەی گشتی دوور کەوتوونەتەوە. گواستنەوەی کلاسیک نەک بۆ جۆری نوێ نەگۆڕدرا بەڵکوو کلاسیکییەکەشی نەپارێزراوە و بۆ نموونە لە هەولێر هەندێک شەقام لە دەیەکانی ڕابردوو خاوەنی پاس بوون و خەڵکیان گواستۆتەوە، بەڵام ئێستا لە گواستنەوەی گشتی بێبەشن و ئۆتۆمبێلی تایبەتیی جێگەیانی پڕ کردووەتەوە.
بەپێی ئامارێكی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، تا کۆتایی چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، ملیۆنێك و ٩٣٣ هەزار و ٥٥٢ ئۆتۆمبێل لە گشت بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون، لە هەولێر ملیۆنێك و ٢٢٣ هەزار و ٧١ ئۆتۆمبێل، لە سلێمانی ٦٤٧ هەزار و ٣٦١ ئۆتۆمبێل و لە دهۆك ٢٨٨ هەزار و ٣٩٨ ئۆتۆمبێل، لە گەرمیان هەزار و٦٢٤ ئۆتۆمبێل و لە سۆران سێ هەزار و٦٢ ئۆتۆمبێل تۆمار كراون.
بوونی نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانیەوە لە شەقامەکانی کوردستان ئەگەر ڕوویەکی دەرهاویشتەی گەشەی ئابووری بێت، ئەوا ڕوویەکەی تری ئەوەیە بوونی ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە و لاوازبوونی گواستنەوەی گشتی، زیانی زۆر بە ئابووریی هەرێم دەگەیەنێت.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل تایبەت بن بە گواستنەوەی هاووڵاتیان، ئەوا جووڵەی لەڕادەبەدەری ئەو ئۆتۆمبێلانە زیانن بۆ سەر ئابووری و ژینگەی هەرێمی کوردستان.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پێداویستیی هەرێمی کوردستان بە بەنزین، نزیکەی شەش ملیۆن لیترە لە ڕۆژێکدا، کە نیوەی لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و ئەوەی تر لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
ڕۆژانە سووتاندنی ئەو بڕە زۆرە بەنزینە لە لایەک هۆکارە بۆ بەتاڵکردنی گیرفانی هاووڵاتیان و لە لایەکی تر مایەی پیسبوونی ژینگەیە.
بە تایبەتی لەم ڕۆژانەدا کە نرخی بەنزین بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە، زیاتر هەست بە گوشاری دارایی خەرجییەکانی بەنزین بۆ سەر خێزانەکان دەکرێت. خێزان هەیە دوو ئۆتۆمبێلی هەیە و مانگانە تەنیا بۆ دابینکردنی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکان دەبێت لانی کەم ٣٠٠ هەزار دینار دابین بکەن.
نرخی بەنزینی جۆری باش بۆ سەرووی هەزار و ٥٠٠ دینار هەڵکشاوە و ئەوەی تریش بە نرخی جیاوازی ٦٩٠ تا هەزار دابەش دەکرێت و جۆری هەزار ٢٠٠ دیناری و هەزار و ٤٠٠ دیناریش لە بازاڕ دەست دەکەون.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێ ئەو شەش ملیۆن لیترە بە تێکڕا بە ٩٠٠ دینار بگاتە ئۆتۆمبێلەکان، ئەوا ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار و مانگانە نزیکەی ١١٠ ملیۆن دۆلار بە بەنزین دەدرێت و دەسووتێنرێت؛ سەرمایەکی زۆر کە دەرفەتی ئەوەی تێدایە کەم بکرێتەوە.
ئەگەر گواستنەوەی گشتی چالاک بکرێت و هاووڵاتی دڵنیا بێت بە پاس و میترۆ، لە كاتی خۆیدا و بە كەمترین تێچوو دەگاتە شوێنی كار و دەوامی ڕۆژانەی، ئەوا ناچار نییە بۆ گەیشتن بە بازاڕ یان دەوام و کاری ڕۆژانەی هەر سوود لە ئۆتۆمبێلی تایبەتی وەربگرێت. ئەگەر حکوومەت پلانێک جێبەجێ بکات کە تەنانەت ٢٥% لەو جووڵەیە کەم بکاتەوە ئەوا یەک لەسەر چوار ئەو سەرمایەی بۆ بەنزین تەرخان دەکرێ، دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ گیرفانی هاووڵاتیان و لە ئابووریی ناوخۆییدا ڕەنگ دەداتەوە و، هێڵەكانی گشتیی گواستنەوەش داهاتەكەیان دەچێتەوە گیرفانی حكوومەت.
چارەگی ئەو سەرمایە بەفیڕۆچووە لە مانگێکدا نزیکەی ٣٧ ملیۆن دۆلارە و گەراندنەوەی ئەو سەرمایە بە فیڕۆچووە لە ساڵێکدا دەگاتە سەرووی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار. پارەیەکی زۆر کە دەتوانرێ دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بکرێت و سووڕانی بەردەوامی ئەو پارەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی وڵات.
بەدەر لەم خەرجییانە، حکوومەتیش بەردەوام دەبێت شەقام و ڕێگاوبانی زیاتر دروست بکات بۆ ئەوەی وڵامدەری جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان بن. شەقامێکی ستراتیجیی وەک ١٢٠ مەتریی هەولێر هەمووی دوو ساڵە تەواو بووە، کەچی خەریکە ئەم شەقامەش قەرەباڵغ دەبێت و بەو دەرەنجامە دەگەین ئەگەر سنوورێک بۆ ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە دانەنرێت، ئەوا زیانەکانیشی زۆر زیاتر دەبن. ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پەرەسەندنی نەخۆشییەکان بەهۆی ئەو هەمووە گازە ژەهراوییە خەرجییەکی ترن لەسەر شانی حکوومەت و کۆمەڵگا.

ھەواڵی زیاتر