مەزهەر كەریم – سلێمانى
دكتور محمود عوسمان، سیاسەتمەداری ناوداری كورد لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ “هەولێر” باسی یانزەی ئادار دەكات و دەڵێت ” ئەوكات یەك حیزب و یەك سەرۆك لەكوردستان هەبوو قەراری دەدا، دەشڵێت:” وەك ئێستا نەبوو هەر ئێمە بچینە بەغدا نوێنەری حكوومەتی عێراق بۆ دانوستاندن دەهاتنە كوردستان”.
- چەندە گرنگە كورد ئەمڕۆ یەك ڕیز بێت بەرامبەر ئەو هەڕەشە و فشارانەی لەبەغدا و لەپشتی بەغداوە لەكورد دەكرێت؟
د محمود عوسمان: هەرێمی كوردستان ئێستا بەرامبەر زۆر فشار و كێشەیە لەبەغدا و ناوخۆ و دەرەوە وەستاوەتەوە. یەك ڕیزی زۆر پێویستە، خەڵكی كوردستان وشەی یەك ڕیزیشی زۆر پێناخۆشە، بۆیە با بڵێین یەكگرتوویی، حیزبەكان هەریەكەیان خەریكی حیزبایەتی خۆیانن، حیزب پێش كوردە، بەداخەوە یەكڕیزی نیە ئەمەش شتێكی عەیبەیە، یەك ڕیزی بۆچی نیە ئەوە من ناتوانم جوابت بدەمەوە دەبێت لە حیزبەكان بپرسین”. - كورد چۆن بتوانێت بەرامبەر بەغدا فشار بكات و بوەستێتەوە كارتەكانی چین؟
د. محمود عوسمان: بە ڕەئی من كارت و فشارەكانی كورد بەرامبەر بەغدا یەكگرتووییە، حیزبەكان بەیەكگرتوویی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن ئەوە باشترین كارتە بتوانن بەكاری بهێن لەهەمان كاتدا مادەكانی دەستور بەكاربهێنن و خەڵكی قانونی بهێنن مەلەفی خۆیان حازر بكەن بۆ ئەوەی ئیسپاتی ئەو قەزیەیە بكەن لەڕووی سیاسی و یاساییشەوە، كە دژی دەستوری عێراق نیە”.
هەولێر: كاتی خۆی ئێوە شاندی دانوستانكار بوون لە یازدەی ئادار دانوستانەكان چۆن دەكرا لەنێوان كورد و حكوومەتی ئەوسای عێراق ؟
د. محمود عوسمان: ئەوكات جیاواز بوو، شەڕ هەبوو، دانوستانەكان پاش شەڕ بوو، یەك حیزب لەكوردستان هەبوو یەك سەرۆك یەك حیزب قەراری دەدا، بەغداش عەینی شت سەدام حسێن قەراری دەدا، مەخسەدم وەك ئێستا نەبوو بچیتە بەغدا دە حیزب ببینیت، لێرەش دە حیزب هەبێت لەبەر ئەوە فەرقی زۆرە وەختەكەشی جیاوازە پەنجا ساڵ تێپەڕیووە”.
- دانوستانەكان چۆن دەكران، هەردوو لا وەك دوو هێزی سەرەكی لەسەر یەك مێز گفتوگۆتان دەكرد ؟
د. محمود عوسمان: تەبعەن ئەو وەختە جیاواز بوو لەسەر مێز دادەنیشتین جارێك ئەوان دەهاتن بۆ كوردستانو بۆ ناوپردان جارێك ئێمە دەچووین بۆ بەغدا وەك ئێستا نەبوو هەردەبێت ئێمە بچین تەبیعی ئەوان هەدەفی خۆیان هەبوو ئێمەش هەدەفی خۆمان هەبوو لەسەر ئەو خاڵانە مناقەشەمان دەكرد لەهەندێك خاڵ دەگەشتینە ڕێكەوتنی ناوەند هەندێكیش تەكید دەكرا، یەعنی بەماوەی سێ مانگ گەشتینە رێكەوتنی یانزەی ئادار. - گەلێك جار حەملەی ئیعلامی لەبەغداو میدیای كوردی خۆشمانەوە دەبینن بەگواستنەوەی ختابی دژە كورد، ئەمەش زۆر جار خەڵك زاڵم و مەزڵومی ڵێ تێك دەچێت بۆچی؟
د. محمود عوسمان: بەردەوام ئەمە هەیە ئەوكێشانەی كە هەیە هی میللەت نیە میللەتەكە هیچ عەیبیان نیە، كورد و عەرەب و توركمان هیچ كێشەیەكیان نیە بەس قیادە و حیزبەكان كێشەیان هەیە، خەتای هەردوولای تێدایە، تەبعەن خەتا گەورەكە دەكەوێتە سەر بەغدا چونكە دایمە وەها بوە توانای زیاترە ئەتوانێ قەرار بدات و كێشەكان چارەسەر بكات بەڵام دیارە زۆر بڕوایان پێی نیەو نایكەن”. - چۆن خەڵكی كوردستان تێبگات لەوەی مەزڵومە لەبەر ئەوەی كیمیاباران كراوە ئەنفال كراوە و خاكی داگیركراوە و ڕاگواسراوە ؟
د. محمود عوسمان: ئەوە ئیشی حكوومەت و پەرلەمان و حیزبەكانە ڕایبگەیەنن و بڵاوی بكەنەوە و شەرحی بكەن بۆ خەڵك، ئەركی دامەزراوەكانیانە زیاتر لەوەی ئێستا دەیكەن زیاتر شەرحی بكەن “.
- بەبڕوای ئێوە گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت یان نا بۆچی؟
د محمود عوسمان: وەڵا باشترە لەكاتی خۆیدا بكرێت عادەتەن ئەوكاتە دەستوریانەی دانراون بۆ ئینتیخابات لەكاتی خۆیدا بكرێت باشە دواخستن باش نیە، ئیتیفاق بكەن لەنێوان خۆیان لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت باشە “.