١١٩ساڵ بەسەر لە دایکبوونی بارزانیی نەمردا تێدەپـــــــەڕێت

بەیانی ١١٩ ساڵ بەسەر لە دایکبوونی بارزانیی نەمردا تێدەپەڕێت، کە لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەر و نەتەوەیی لە بارزان لە دایکبووە، ھەر بەو بۆنەیەوە لە ھەرێمی کوردستان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر و سەردانیکردنی مەزاری نەمران،یادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر، رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەکرێتەوە.

بەگوێرەی رۆژمێری بۆنە و یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەیانی وەک پشووی فەرمی ھەژمار کراوە، چالاکان و ناوەند و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستی فەرمی و کۆمەڵایەتی و میللیدا، بە بۆنەی لە دایکبوونی بارزانیی نەمر، چالاکی جیاجیا بەڕێوە دەبەن، لەدیارترین ئەو چالاکییانەی لەو یادەدا رێک دەخرێن، سەردانی مەزاری بارزانیی نەمر و دووپاتکردنەوەی بەڵێنی وەفادارییە بۆ رێبازی نەتەوەییانە و نیشتمانییانەی بارزانی و ناشتنی نەمام و سەوزکردنی زیاتری خاکی کوردستانە.
لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، جوڵانەوەی رزگاریخوازی کورد و کوردستان، ھێندەی بە ناوی بارزانیی نەمر و شۆڕشەکەی دەناسرێتەوە، نیو ھێندە بە مێژووی کۆی جوڵانەوەکە ناناسرێتەوە، ھەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەوانەی لە نزیکەوە بارزانییان ناسیووە، یان بە پەیام و رێبازەکەی ئاشنا بوون، ھەر وەک سەرەتا چاوەڕوانن ئەوەی ئەو ئامانجی بووە و بۆی تێکۆشاوە لە کوردستان بهێنرێنە دی و جێبەجێ بکرێن، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ گرنگی رۆڵ و پێگەی ئەو سەرکردە مەزنە، کە ھەموو ژیانی لە پێناو نیشتمانەکەی بەخشی و لە مێژووی کۆن و نوێی کورددا، گەورەترین گوڕی بە خەبات و تێکۆشانی کورد دا و دۆزی کوردی لەیاخیبوونی ناوچەیی و خنکانی لە بۆتەی گوندەکانەوە گواستەوە شار و لەوێشەوە گەیاندییە ناوەند و پایتەختە گەورەکانی جیهان و، خۆشی وەک یەکێک لە سیمبولە جیهانییەکانی بەرخودان دادەنرێت.
بە گوێرەی لێکدانەوەی مێژوونووسانی کورد و سەرچاوە مێژووییە ناوخۆیی و بیانییەکان، بارزانیی نەمر،یەکەم سەرکردەی ھەڵکەوتووی کورد بووە، خەباتی کوردی لە بازنەی ناوچەیی بوونەوە، کردە خەباتی نیشتمانی و سەرتاسەریی و لە داخوازیی مافی سەرەتایی و مافی مرۆیی و کولتوورییەوە، داواکارییەکانی کوردی بەرز کردەوە بۆ ئاستی داواکاریی سیاسیی، جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردیشی لە نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسیی تۆکمە و روون دەرباز کرد، بە دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش لە ‌١٦ ئابی ١٩٤٦دا داخوازییە نەتەوایەتییەکانی کوردی لە چوارچێوەی بەرنامەی حزبێکی سیاسیی رێکخراودا رێکخست و خەباتی گەلەکەی و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان، گواستەوە قۆناخێکی پێشکەوتوو.

لە دایکبوون و تەمەنی منداڵی مستەفا بارزانی:

  • مستەفا بارزانی کوڕی شێخ محەممەد بارزانییە و لە گوندی بارزان لە ١٤ی ئازاری ١٩٠٣ لە دایکبووە.
  • لە تەمەنی ٣ ساڵیدا لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی بارزان، شێخ عەبدولسەلامی برای گەورەی دەستگیر کرا و مستەفا بارزانی و دایکیشی لە مووسڵ خرانە زیندانەوە.
  • ماوەی شەش ساڵ لە لای چەند مامۆستایەک لە گوندی بارزان سەرقاڵی خوێندن بووە، دواتر رووی کردۆتە خوێندنی فیقهی ئیسلامی و ماوەی چوار ساڵ زانستە ئاینییەکانی خوێندووە، دواتریش لە ماوەی دووخرانەوەی بۆ سلێمانی، ھەوڵی تەواوکردنی خوێندنی داوە.

وێستگەکانی تێکۆشان و خەباتی:

  • مستەفا بارزانی لە ١٩١٩ بەشداریی لە جوڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانیدا کردووە و سەرپەرشتی تیپێکی چەکداریی کردووە، کە ژمارەیان ٣٠٠ چەکدار بووە.
  • لە ١٩٢٠دا شێح ئەحمەدی بارزان، برا گەورەی، وەک نوێنەر رەوانەی باکووری کوردستانی دەکات بۆ ئەوەی سەردانی شێخ سەعیدی پیران بکات و ھەماھەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەی دروست بکات.
  • لە نێوان ساڵانی ١٩٣١ – ١٩٣٢ سەرپەرشتی ھێزێکی بارزانییەکان دەکات بۆ بەرگریکردن لە میحوەری مێرگەسۆر – شێروان لە بەرامبەر ھێزی ئینگلیزەکان، لەوشەڕەدا بەھۆی چاپووکیی و کارزانییەوە، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا و توانی میحوەرەکەی بپارێزێت.
  • لە ١٩٣٤دا لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و ھەندێک لە پیاوەکانیان، روویان کردە تورکیا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەرێتی بکەن، دواتر بە ھۆی وتوێژەوە گەڕانەوە عێراق و لە لایەن ئینگلیزەکان و دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق دوور خرانەوە. دواتر گەڕێندرانەوە سلێمانی و ماوەی ١٠ ساڵ بە دوورخراوەیی ژیانیان بەسەر برد.
  • لە ١٢ی تەمموز/ یۆلیۆی ١٩٤٣دا بە ھاوکاریی رێکخراوی ھیوا توانی لە سلێمانی خۆی دەرباز بکات و بچێتە رۆژھەڵاتی کوردستان.
  • لە ھەمان ساڵی ١٩٤٣ دا لە ئێرانەوە گەڕایەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەک گەنج لە دەوری کۆبوونەوە، لە ماوەی دوو مانگدا ٢٠٠٠ چەکداری خۆبەخش ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەربڕی و توانیان دەست بەسەر زۆرینەی بنکەکانی پۆلیسی ناوچەکەدا بگرن.
  • لە پایزی ١٩٤٣دا حکوومەتی بەغدا شاندێکی رەوانەی بارزان کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی وتوێژ بکەن و شەڕ بوەستێت، مستەفا بارزانیش مەرجی ئەوەی خستەڕوو، کە دەبێت سەرجەم دوورخراوەکان و شێخ ئەحمەدی بارزان بگەڕێنەوە و دانوستان کۆتایی ھات و حکوومەتی نوری سەعید ھەموو مەرجەکانی مستەفا بارزانی جێبەجێ کرد.
  • لە ١٩٤٣ – ١٩٤٥ شۆڕشی بارزانی لە دژی حکوومەتی عێراق، کە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی لێ دەکراو سەری ھەڵدا و لەو جارەدا شۆڕش ناوچەیەکی فراوانتری کوردستانی گرتەوە.
  • لە ١١ی ئایار/ مایۆی ١٩٤٥دا بارزانی و پێشمەرگەکانی روویان کردە رۆژھەڵاتی کوردستان.
  • لە ٢٢ی کانوونی دووەم/ یەنایری ١٩٤٦ بارزانی لە مەراسیمی راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، بەشداریی کرد و لە لایەن قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستانەوە، بارزانی کرایە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان و پلەی جەنەراڵی سەربازیی پێ بەخشرا.
  • لە ١٦ی ئاب/ ئۆگستی ١٩٤٦دا بارزانی پارتیی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دامەزراند و وەک سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێردرا و لە سەرجەم کۆنگرەکانی حزبدا، کە ھەندێکیان ئامادە نەبوو، وەک سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرایەوە.
  • دوای نسکۆی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٧ ڕۆیشتنی مێژوویی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ئەنجام دا و بارزانی ئامادە نەبوو خۆی رادەستی دەسەڵاتی شاھەنشایی ئێران بکات و بەپێ خۆی و ٥٠٠ پێشمەرگە روویان کردەیەکێتیی سۆڤیەت و لەو رێڕۆیشتنەشدا، رووبەڕووی سوپاکانی عێراق و ئێران و تورکیا بوونەوە.
    *رۆژی ١٧ی حوزەیران/ یۆنیۆی ١٩٤٧ بارزانی و یاوەرەکانی لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە یەکێتیی سۆڤیەت.
  • لەیەکێتیی سۆڤیەتدا، کە ستالین سەرۆکی یەکێتییەکە بوو، مامەڵەیەکی توند لەگەڵ بارزانی و یاوەرانی دەکرا و تا دوای مردنی ستالین، لە ١٩٥٣ ھەندێک رەوشی ژیانیان باش بوو.
    لە رووسیا، سەرەڕای تێپەڕینی ٤٥ ساڵ لە تەمەنی بارزانی لە ئەکادیمیای زمانەکان لە مۆسکۆ دەستیکرد بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی رووسی.
  • لە دوای شۆرشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ بارزانی و یاوەرەکانی گەڕانەوە عێراق و لە بەسرەوە تا ھەولێر جەماوەر پێشوازی لێکردن.
  • عەبدولکەریم قاسم، سەرۆک کۆماری عێراق لە ٧ی تشرینییەکەم/ ئۆکتۆبەری ١٩٥٨ پێشوازی لە بارزانی و یاوەرانی کرد.
  • لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ بارزانی رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد و شۆڕشەکەی ١٥ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستهێنا.
  • لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بارزانی و حکوومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان رێککەوتن و ئەوەیەکەمجار بوو لە مێژووی کوردستاندا شۆڕشێکی کوردیی بە ٩ ساڵ خەبات بتوانێت ئەو دەستکەوتە بۆ کورد بەدەستبهێنێت.
  • لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بە ھۆی رێککەوتنی سەدام حوسێن و محەممەد رەزا شای ئێران لە جەزائیر شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو و بەو ھۆیەوە بارزانی و ھەزاران پێشمەرگەی شۆڕشەکە رێگەی ئاوارەییان ھەڵبژارد.
  • لە دوای نسکۆی ١٩٧٥ جارێکی دیکە بارزانی چاودێری و سەرپەرشتی دانانەوەی بەردی بناغەی شۆڕشی کرد.
    لە ١ی ئادار/ مارسی ١٩٧٩ بارزانیی نەمر لە ئەمریکا بە ھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد لە ٥/٣/١٩٧٩ لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری (شنۆ) ی رۆژھەڵاتی کوردستان، لەسەر سنووری باشووری کوردستان و باکووری کوردستان ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
    *دوای راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لە ئارامگەی خۆیان لە خاکی رۆژھەڵاتی کوردستان، گواسترانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە شوێنی لە دایکبوونییان و لە ناوچەی بارزان بەخاک سپێردرانەوە.
    • لە ماوەی ژیانیدا دوو جار بارزانیی نەمر لە ھەوڵی تیرۆرکردن موعجیزە ئاسا رزگاری بووە،یەکێکیان لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١ و دووەمیشیان لە ١٦ی تەمموزی ١٩٧٢دا، بەڵام ھەردووجارەکە لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کوردستان و دروستنەبوونی شەڕ رێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لەگەڵ بەغدا ھەڵنەوەشاندەوە”.
ھەواڵی زیاتر