مەحمود محەمەد: لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و دوانەکەوێت

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە و دەڵێت؛ ئێمە دەمانەوێت بەپێی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستاندا دادەنرێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، تا دەستوور دەنووسینەوە. دەشڵێت؛ ئێمە ئامادەین بە گوێرەی ئەوەی کە ئێستا کۆمیسیۆن چۆنە با وەک خۆی بەردەوام بێت، ئەم کۆمیسیۆنە پێشتر بە گوێرەی پشکی لایەنەکان لە ھەڵبژاردن دیاری کراوە، کە دەبێت ئەو ئەندامانەی کۆمیسۆن گۆڕانیان بەسەردا بێت کە پشکی پارتی لە کۆمیسۆنی ئێستا کەمە، ھەرچەندە پارتی زیان دەکات، بەڵام ئێمە ئامادەین.

بەپێی یاساکانی پەرلەمان هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت
مەحمود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی، هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکان خستەڕوو، ، ڕایگەیاند: “ئێمە دەمانەوێت بەپێی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستاندا دادەنرێت ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، تا دەستوور دەنووسینەوە؛ کەی دەستوور نووسرایەوە، بە گوێرەی ئەو دەستوورە ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێستا یاسایەک ھەیە ئەو یاسایەش دیاریی کردووە ٤ ساڵ جارێک دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت. ئێمە ئەگەر بمانەوێت ئەم وڵاتە ببێتە وڵاتێکی دامەزراوە و یاسایی، دەبێت لەو شوێنانەوە دەست پێ بکەین کە گرینگن ئەویش ئەوەیە مادام کە یاساکە چەسپاوە و دەبێت ٤ ساڵ جارێک بکرێت با ئەم ھەڵبژاردنە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشداین ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت و دواش نەکەوێت”.

بۆچوونی لایەنەکانی دیکە سەبارەت بە هەڵبژاردن
سەبارەت بەوەی لایەنە سیاسیەکان تا چەند ئامادەن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەوە مەحمود محەمەد دەڵێت: “لایەنە سیاسیەکان لەڕاگەیاندن ناڵێن ئامادە نین، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکاری دیکە ھەیە کە ھەندێک لایەنی سیاسی دەیگرنەبەر بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، ئەویش بابەتی کۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردنە لەوەی کە ئێستا یاسایەک ھەیە داوای ھەموارکردنەوەی دەکەن، ھەروەھا داوای ھەموارکردنەوەی یاسای پێکھاتەکان دەکەن، کە ئەو یاسایە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت کە ئەمەش کێشە دەخاتە نێو پڕۆسەکە و ئەمە دەبێتە ھۆی رێگری، بە تایبەت ئەو لایەنانەی کە سووربوونیان لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە ھەبێت ئەوا بێگومان نیشانەی ئەوەیە کە نایەنەوێت ھەڵبژاردن بکرێت لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی ناکەن”.

لەم کۆمیسیۆنەی ئێستا هەیە پارتی زەرەرمەندە
مەحمود محەمەد، دەڵێت: “ئێمە ئامادەین بە گوێرەی ئەوەی کە ئێستا کۆمیسیۆن چۆنە با وەک خۆی بەردەوام بێت، ئەم کۆمیسیۆنە پێشتر بە گوێرەی پشکی لایەنەکان لە ھەڵبژاردن دیاری کراوە، کە دەبێت ئەو ئەندامانەی کۆمیسۆن گۆڕانیان بەسەردا بێت کە پشکی پارتی لە کۆمیسۆنی ئێستا کەمە، ھەرچەندە پارتی زیان دەکات، بەڵام ئێمە ئامادەین، واتە پێشتر پارتی ٣٨ کورسی ھەبوو بەڵام ئێستا ٤٥ کورسیمان ھەیە، ھەندێک لایەن لەوانەیە ھەر کورسیان لە نێو کۆمیسیۆن بەرنەکەوێت بە حوکمی ئەوەی لەم ھەڵبژاردنە متمانەی خەڵکیان بە دەست نەھێناوە، بەڵام ئێمە لەوەش گوتوومانە فەرموون بەو کۆمیسیۆنە کارای بکەنەوە با بێت کارەکانی خۆیان بکەن، ھەروەھا یاسایەکیشمان ھەیە با وەکو خۆی بێت و دەستکاریی نەکەین ئەگەر زۆریش پێویستە دەستکاری بکرێت با ئەم ھەڵبژاردنە بکرێت و با لە داھاتوو بێن گفتوگۆ بکەین و بۆ ئەوەیڕێگا لە ھەڵبژاردن نەگرین، چونکە کۆمیسیۆن ٦ مانگی پێویستە تاوەکو خۆی ئامادە بکات بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەگەر بێت و ئەم کێشانە بێنە پێش و یاساکه‌ بگۆڕدرێت ئەوا لەوانەیە کۆمیسیۆن لەو ماوەیەدا كە بۆی دیاری کراوە، نەتوانێت کارەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت”.

پێمانخۆشە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان دۆستانەبێت
سەبارەت بە پەیوەندیی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و لە ناوخۆی کوردستاندا،، گوتەبێژی پارتی دەڵێت: “زۆر پێمان خۆشە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکە پەیوەندییەکی دۆستانە بێت، لە کوردستان چەندین حیزبی بیروبۆچوونی جیاوازمان ھەیە کە ئەم بیروبۆچوونانە بارگاوین بە ھەندێک ئایدۆلۆژیا و تێڕوانینی جیاواز، ھاوکات پارتی ھەر دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەموو لایەنە سیاسیەکانمان کرد، پێمان وتن ڕاستە منافسین، بەڵام با پێکەوە خزمەتی کوردستانەکەمان بکەین، بەڵام بەداخەوە ھەندێک جار بە ھەڵە ئەو سەردانانەی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسیەکان لێک دەدرێتەوە، کە گوایە ئێمە پێویستمان پێیەتی، نەخێر بەڵکو ئێمە باوەڕمان پێیەتی کە دەبێت پێکەوە بین بە تایبەت پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان یەک دەنگ بین، ھەروەھا بەرگری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان بکەین و بپارێزرێت، چونکە پارتی لە خەمی خەڵکی کوردستاندایە”.

تمووحی زۆری هەندێک لایەن کێشەی نێوماڵی کوردە
مەحمود محەمەد، سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کێشەی نێو ماڵی شیعە و سوننە و کورد، دەڵێت؛”لەڕاستیدا کێشە لە نێو ماڵی شیعە و سووننە و کوردیشدا ھەیە، کێشەی نێوماڵی سوننە تا ڕادەیەک چارەسەر بووە، کێشەی نێو شیعەکانیش تا ئێستا بەتەواوەتی چارەسەر نەکراوە و کێشەکەش بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەم کێشەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە سەری ھەڵداوە، ھەروەھا کێشەی ناو ماڵی کوردیش با بەڕاشکاوی بڵێین، ھەندێک لایەن ئەو تمووحەی کە ئەوان ھەیانە و بڕیاری خۆیان بدەن و ھەموو شتێک بۆ ئەوان بێت، ئەمەش بۆ خۆی کێشەی دروست کردووە، وای کردووە کێشە لە نێو پرۆسەکە دروست ببێت و پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھێواش بێت، بەڵام ئومێدیش دەکەین لە چەند ڕۆژی داھاتوو کێشەکان چارەسەر بکرێت و حکوومەت پێک بێت”.

دەبێت هەموو پێکهاتەکان پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەن
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی عێراق و حوکمڕانیەتی عێراق، مەحمود محەمەد، ڕایگەیاند؛ لەمەودوا بە یەک پێکهاتەی سیاسی، قەومی، مەزهەبی ئەم وڵاتە بەڕێوە ناچێت و ئەمە تاقیکرایەوە و سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو عێراقی بەرەو هەڵدێڕ و شەڕ و هەژاری برد. بۆیە دەبێت ئەم حوکمڕانیە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و تەنزیم بکرێتەوە لە گوێرەی تێگەیشتنی ئێستای عێراق بە هەموو پێکهاتەکانەوە.

ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار
سەبارە بە پۆستی سەرکۆماری عێراق، مەحمود محەمەد وتی: “پێویستە لە نێو کورددا پۆستی سەركۆمار یەکلا بکرێتەوە، بەداخەوە لایەنێک لە کوردستان لە ھەڵبژاردنی پێشووی عێراق بە ھەوڵی لایەنەکانی دیکە ئەمەی یەکلا کردەوە، ئێستاش یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر قسەی خۆیان سوور بوون و پرس و ڕاوێژیان نەکرد، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەركۆمار، ھەروەھا شەراکەتی کوردستان لە بەغدا بۆ کورد گرینگە، ئێمە بۆ پۆست ناچینە بەغدا بەڵکو دەمانەوێت لە بڕیاردانەکان بەشداربین و لە جێبەجێکردنیش بەشدار بین، واتە پارتی لە بەغدا پۆستی بۆ پاراستنی شەراکەت و تەوافوق دەوێت و پێویستیشە پێداچوونەوه‌ بە حوکمڕانی لە عێراق بکرێت”.

پارتی لە خەمی خەڵکی کوردستاندایە
مەحمود محەمەد، سەبارەت بەوەی دەگوترێت هەموو لایەنەکان لە خەمی نەتەوەییدان، گوتی؛ مەسەلە ئەوە نیە ئێمە بڵێین لە هەمووان زیاتر واین، بەڵام ئەو ڕێچکەیەی ئێمە گرتوومانە و ئەو تەریقەیەی ئێمە لە ڕابردوو و ئێستا و ئایندە هەمانە، ئەوەمان پێدەڵێت، پارتی لە خەمی خەڵکی کوردستاندایە و لە خەمی کێشەکەیدایە، لە خەمی ئەو مافانەدایە کە لە دەستووردا هێشتا جێگیر نەکراون، ئەو مافانەی لە دەستووردا جێگیرکراون و پێویستە بپارێزرێن.

ھەواڵی زیاتر