پارێزگاری هه‌ولێر و باڵیۆزی بیلاڕووسیا کۆبوونەوە

ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارێزگاری هه‌ولێر و باڵیۆزی بیلاڕووسیا باس له‌ بارودۆخی سه‌ختی په‌نابه‌رانی كورد له‌ سنووره‌كانی بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا و لیتوانیا كرا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر له‌نێوان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ڤیكتۆر ڕیباك باڵیۆزی بیلاڕووسیا له‌ عێراق و توركیا ئه‌نجامدرا.

پارێزگاری هه‌ولێر بڵاوی كرده‌وه‌: لە دیدارەکەدا وێڕاى ئەوەى هەردوولا تەئکیدمان لە زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکان کردەوە، وەکو پارێزگاى هەولێر لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەیی هەموو ئاسانکارییەکمان نیشان دا بۆ هەموو ئەو کۆمپانیا و وەبەرهەهێنەرانه‌ى بیلاڕووسیا کە دەیانەوێت بێنە هەولێر و کار بکەن.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆمان لەبارەى ڕەوشى سەختى پەنابەرە  گیرخواردووەکانى سنوورى نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا و لیتوانیا کرد، جەختمان لەوە کردەوە کە لە پرسی کۆچ و کۆچبەران پێویستە ڕەچاوی رەھەندە مرۆییەکان و پاراستنی ژیانی کۆچبەران بکرێت.

باڵیۆزی بیلاڕووسیا لە عێراق و تورکیا ڕایگەیاند: لەسەر سنوورەکانمان ئاگادارى بارودۆخى سەختى ژیانى کۆچبەرانین، نە ئێمە و نە ئێوەش نامانەوێت کۆچبەران لەم دۆخەدابن، ئومێد دەکەین هەموولایەک هەماهەنگ بین لە ناوچەکە بۆ هاوکارى و ئاسانکارى بۆ ئەوانەى دەیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.

ھەواڵی زیاتر