سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕایسپاردین بەخێرایی بەهانای ئەو هاووڵاتییانەوە و بچین کە پێویستیان بە هاوکارییە

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دروستبوونی لافاوەکەوە لە پەیوەندیدابوو لەگەڵ تیمەکانی حکوومەت، ڕایسپاردووین زیانەکان دەستنیشان بکەین و هاوکاری زیانلێکەوتووان بکەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دروستبوونی لافاو بەردەوام لەسەر هێڵ بوو لەگەڵ تیمەکانی حکوومەت لەبارودۆخی هاووڵاتییانی دەکۆڵییەوە و ڕایسپاردین بەخێرایی بەهانای ئەو هاووڵاتییانەوە و بچین کە پێویستیان بە هاوکارییە.

هەروەها ئومێد خۆشناو گوتی: لافاوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، سەرۆکی حکوومەتیش لەکاتی سەردانیکردنی بەشێک لە زیانلێکەوتووان هەمیشە جەختی دەکردەوە کە “سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.

گوتیشی: هەر لە سەردانەکەیدا سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە بە وردی و دادپەروەری دەسنیشانی زیانەکان بکرێت و هاوکاری زیانلێکەوتووان بکرێت.

هەر سەبارەت بە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان ئومێد خۆشناو گوتی: تیمەکانی پارێزگای هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی لە بەیانییەوە دەست دەکەن بە خەمڵاندنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دوێنێ و هاوکاری دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر