پارتی: هەڵبژاردن پاکوخاوێن بوو و ئەنجامەکانمان قبووڵە

هۆشیار زێباری، سەرپەرشتیاری بانگەشەی پارتی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای هەندێک تێبینی، هەڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی “بەڕێکوپێکی” بەڕێوەچوو و “تەندروستانە و پاک بوو.” بۆیە وەک پارتی ئەنجامەکانیان قبووڵە. هۆشیار زێباری، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوێنێ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامی بەرایی راگەیاند، بەپێی ئەنجامەکە، پارتی دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێناوە، بۆیە سوپاسی دڵسۆزان، لایەنگران، کادیر و پێشمەرگەکانی پارتی دەکەین، بەڕاستی مەردانە هاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان “راستە رێژەی بەشداریکردن کەمبوو، بەڵام مەعقوولیش بوو. من لەو باوەڕەدابووم بەشداریکردن دەبێت و بە شێوەیەکی مەعقوولیش دەبێ، چونکە ململانێ هەیە”.  لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدان هۆشیار زێباری گوتی:”لە دهۆک زۆرترین رێژەی بەشداریکردن هەبووە لەسەر ئاستی عێراق کە 54٪بوو، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە کەمتربوو، بە گشتی پرۆسەکە رێکوپێک، ئازاد و پاک بەڕێوەچوو، راستە تێبینی لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان هەبوون، بەڵام لەلایەن کۆمیسیۆنەوە چارەسەرکران و ئەنجامەکان گەیشتنە بنکە و کۆمیسیۆن بەڵێنەکەی بردە سەر و لە 24 کاژێردا ئەنجامی بەرایی راگەیاند، ئامانجەکەش بۆ ئەوەبوو رێگە بە دەستکاریکردنی دەنگەکان نەدرێ”. سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی تانەدان لە ئەنجامەکان دەستیپێکردووە و دواتر دەچێتە قۆناخی پشتڕاستکردنەوەوە، ئێمە وەکو لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی، وەکو تیمێک کارمان کردووە، بەڵام  بە فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، زۆرترین کار و کەمترین قسەمانکرد، ستراتیژیەتمان داڕشت بۆ زۆرترین دەنگ، هەموو لایەک پابەندبوون، سەرۆکی حیزب، جێگرەکەی، سەرۆکی حکومەت و هەمووان ئەرکی خۆیان بەباشی راپەڕاند، ئامانجی ئێمە ئەوەبوو تووشی کێشەی لابەلا نەبین و هەر لایەنێکیش هێرشیانکردە سەرمان ئێمە خۆمان پاراست، وەنەبێ وەڵاممان نەبێ، وەڵامی بەهێزمان هەبوو، بەڵام ئێمە بێدەنگیمان هەڵبژارد، ئەوانیش سوودیان لێ نەبینی. پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەشێکبوو لە قسەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و گوتی: “لە ئێستاوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا بەستووە و لەگەڵ براوەکان لە گفتوگۆداین و بەردەوامدەبین، لیژنەیەک دەنێرینە بەغدا و لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکانیش گفتوگۆ دەکەین و پێمان خۆشە یەک دەنگ بین، لەگەڵ زۆربەی کوتلە شیعی و سوننەکان پەیوەندیمان باشە و دەرگامان کراوەیە، لەگەڵ سەدر، قانوون، حەلبووسی، فەتح و عەممار حەکیم پەیوەندیمان هەیە و هێلکەکانمان نەخستووەتە یەک سەبەتەوە، بەڵام دەبێ بزانین چۆن هاوپەیمانی دەکەین. جارێ زووە بۆ رێککەوتن، کەی چووینە سەر مێز ئەو کاتە بڕیار دەدەین. پێشتریش لێکتێگەیشتنی سیاسیمان هەبووە، بە گشتی پەیوەندییەکانمان باشە، بەڵام خۆ دیارە چوار کوتلەی سەرەکی هەن کە هەموو شتێک یەکلایی دەکەنەوە”. هۆشیار زێباری، سوپاسی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی کرد، کە پشتگیرییان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کردووە و لەبارەی دەنگەکانی پارتیشەوە زیاتر گوتی: ئەم دەستکەوتەی پارتی زۆر گەورەبوو، مانای زۆری هەبوو، نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە وشیارە و دەزانێ کێ بەرگریی لێدەکات. لە ئەنجامەکە رازین و ئەنجامەکەی زۆر باشە، لەو باشتر ئەوەبوو لە هەندێ ناوچە کە لەوێ نەبووین (شنگال و نەینەوا و کەرکووک) بوونی خۆمان سەلماند کە پارتی لە هەموو کوردستان نوێنەرایەتی خەڵک دەکات، بە گشتی هەڵبژاردنەکە باشبوو، بەڵام بە دڵی ئێمە نەبوو، لە هەندێ شوێن کێشە هەبوو، ئەگەر رێکارەکان بە ئاسایی بگیرابانەبەر، ئەنجامی ئێمە زۆر باشتر دەبوو”. لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقەوە پرسیار لە هۆشیار زێباری کرا و ئەویش وەڵامی دایەوە “رەنگە ئەمجارە پێکهێنانی حکومەت ئاسانتربێ، چونکە کوتلەی دیارهەن، ئەگەری تەفاهوم رەنگە ئاسان بێت. ئێمە دانوستاندنەکانمان بە بەرنامە دەبێ، ئەگەر بەشداری لە حکومەت بکەین، دەبێ بزانین ماف و بەرکەوتە دەستوورییەکانمان چەند و چۆنن، ئێمە زیاترمان ناوێ و برا عەرەبەکانیش ئەوە دەزانن. لەبارەی بودجە و مووچە، ئەمە منەت نییە، ئەوەی ئێستا دەنێردرێت سولفەیە، بەشێک نییە لە پشکی هەرێم. ئێمە نەمانویست وەڵامی ئەوانە بدەینەوە کە دەیانگوت پشکی کوردیان یەکلایی کردووەتەوە و پەیوەندی باشیان دروستکردووە، بەڕاستی وانییە و کێشەکان هێشتا ماون، دەبێ پەیوەندییەکان باشبکەین بۆ ئەوەی هەموو مانگێک نەچینە بەغدا”. بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی کە کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی زیادیانکردووە، بەڵام دەنگەکانی کەمیانکردووە، لەمبارەوە هۆشیار زێباری دەڵێ: “ئێمە دەنگمان کەمی نەکردووە، رێژەی بەشداریکردن کەمبووە، رێژەی بەشداریکردن لە هەموو عێراق 41٪بووە، بۆیە بە رووحێکی وەرزشی و دیموکراتی ئەنجامەکەمان قبووڵکردووە”. بەپێی رێککەوتن لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردستانە و لەنێو کوردستانیش تاوەکو ئێستا پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەوبارەوە دەڵێ: “عێراق سێ سەرۆکایەتی هەیە (کۆمار، پەرلەمان و حکومەت) کورد پۆستی سەرۆککۆمار، سوننە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و شیعە پۆستی سەرۆکوەزیرانیان دەوێ، یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستانەش بەشێکی سەرەکی دانوستاندنەکان دەبن، ئێمە لەلایەن سەرکردایەتیمانەوە چۆن فەرمانمان بۆبێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام پێموایە جارێ زووە بۆ قسەکردن لەوبارەوە. لە داهاتووشدا دانوستاندن لەگەڵ ئێمە و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەبێ”. هۆشیار زێباری جەختی لەسەر یەکڕیزی حیزبە کوردستانییەکان کردەوە و گوتی: “ئێمە دەست بە پەیوەندییەکان دەکەین لەگەڵ لایەنەکان، ئەم دۆخە پێویستی بە کۆبوونەوەیە، بەمجۆرە بە قسەکردن و بە سۆشیالمیدیا بەڕێوەناچین، دەبێ هەموومان پارتی، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ و هەموو حیزبەکان کۆببینەوە، ئێمە دەرگامان دانەخستووە، بەڵام ئەم چەند رۆژە چاوەڕوان دەکەین، بەڵکو دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوە هەبێت”. بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی پارتی، دەبێ چوار ساڵ جارێک ئەو حیزبە کۆنگرە ببەستێ، بەڵام چەند ساڵێک بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا نەبەستراوە، هۆشیار زێباری لەوبارەوە گوتی “بڕیاربوو پێش هەڵبژاردن کۆنگرە بکەین و هەوڵیش درا، بەڵام لەبەر کۆرۆنا نەکرا، بۆیە تاوەکو نزیکەی ساڵێک دواخرا، بەڵام دەبێ کۆنگرە بکرێ، ئەم هەڵبژاردنە باشترین بەڵگەبوو بۆ ئەوەی کە پارتی پێویستی بە خۆ نوێکردنەوە و بەخۆداچوونەوەیە”. هۆشیار زێباری لەبارەی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: “هەڵوێستی ئێمە روونە و لە دانوستاندنەکانی کازمیش لەگەڵ ئەمریکا لە واشنتن نوێنەرمان هەبوو، پێمانوایە هێشتا پێویستە کە هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا لە ناوچەکە بمێننەوە، هێشتا مەترسییەکان نەڕەوینەتەوە، ئێمە شەرم ناکەین لەوەی ئەمە بڵێین. حکومەتی داهاتووش دەبێ پابەندبێت بەمە و ئەگەر پابەندیش نەبێ، رەنگە ئێمە قبووڵی نەکەین”. لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، پارتی بارەگاکانی لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان داخست و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە ساڵی 2018 هەڵبژاردنی لە سنووری کەرکووک بایکۆت کرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا بڕیاریدا بگەڕێتەوە. هۆشیار زێباری لەوبارەوە گوتی : ئێمە لە کەرکووک بارەگاکانمان وەرگرتووەتەوە، بەربژێرەکەمان کەمپەینی خۆی بەبێ گرفت بەڕێوەبرد، ئەوەش کاریگەرییەکی دەروونی باشی هەبوو کە دوای چەند ساڵێک ئەو ئەنجامە بەدەستبێنین”.  لەبارەی دەرنەچوونی چەند بەربژێرێکی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی:”ئەوانەی دژایەتی هەرێمیان دەکرد و ببوونە گوتەبێژی خەڵکی دیکە، خەڵک سزای دان، ئەمەش یەکێکبوو لە ئەنجامە باشەکانی ئەم هەڵبژاردنە”

ھەواڵی زیاتر