سلێمان تاشان – هەولێر
لە عێراق تەنیا دەوڵەتی سێبەر نییە، بەڵکوو ئابووری و سوپای سێبەریش هەیە کە بووەتە بەڵا بۆ سەر خەڵکی عێراق و دامەزراوە یاساییەکان. ئەمە وایکردووە دوای بیست و سێ ساڵ لە ئازادی و رزگاربوونی عێراق لە دەستی رژێمی بەعس، خەڵک لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی ژیان بێبەش ببن. بەم هۆیانەوە دۆخی ئابووریی وڵات خراپە و پێنوێنی هەژاری و بێکاری رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرز دەبنەوە.
سەرەکیترین جۆری گەندەڵی کە خێر و بێری بۆ گەندەڵکاران زۆر بووە کەرتی نەوت و وزە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە چیرۆکی گەندەڵی تەنیا گرێبەستە فەرمییەکان و بودجە زەبەلاحەکان نییە، بەڵکو هاوتەریب لەگەڵ بۆڕییە فەرمییەکان، ئابوورییەکی سێبەر گەشەی کردووە کە لەسەر بنەمای کونکردنی لوولەی گواستنەوەی نەوت و بە قاچاخبردن بووە و بەشێکی زۆر لە داهاتی گشتی کە دەبوایە لەم شادەمارە ئابوورییە دابین بکرێت هەر لەو شادەمارە ئابوورییە فەوتاوە.
دزینی نەوت لە عێراق لە چوارچێوەیەکی سادەی تاکەکەسیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو بووەتە تۆڕێکی ئاڵۆز کە بەرپرس و دامەزراوەکانیش تێوەگلاون و وەک ڤایرۆسێک بە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بڵاو بووەتەوە.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو شێوە دزییانەی لە کەرتی نەوتدا کراوە بریتی بووە لە کونکردنی بۆڕی یان لوولەکانی گواستنەوەی نەوت. هەر چەند هەفتە جارێک لە شوێنێک رووداوێکی هاوشێوە ئاشکرا بووە. گەورەترینیان ئەوە بوو کەتیبەکانی حزبوڵا کردبووی، ئەو گرووپە بۆ چەندین ساڵ بە ئەستووری لوولەیەکی بیست و شەش ئینچی شادەماری ئابووریی عێراقی بۆ گیرفانی خۆی بەکار هێنا.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش حاڵەتێکی دیکەی گەندەڵی ئاشکرا بوو. وەک میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە هێزێکی ئەمنیی هاوبەش چووە ناو پارێزگای نەجەف بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی حەسناوی، دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی قاچاخچێتیی نەوت و دۆزینەوەی بۆڕیی نهێنیی کونکراوی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی ناحیەی حەیدەرییە ڕاگەیاند.
لەم ڕووداوەدا، کە بووەتە جێی سەرنجی شەقامی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حەسناوی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەرچووە. بەپێی زانیارییەکان ئەو بەرپرسە پێشتر وڵاتی بەرەو ئێران جێهێشتووە. هەروەها عەبدولهادی حەسناوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام برای گەورەیان حوسێن عەلی حەسناوی خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە. ئەم پێشهاتە پەردە لەسەر ڕاستییەکی گرنگ لادەدات تێکەڵبوونی هەژموونی سیاسی و ئیداری لەگەڵ تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت، کە وایکردووە لێپرسینەوە لەم دۆسیانەدا ببێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەروەریی یاسا.
سەیر لەوەدایە ئەو لایەنەی کە دەبێت هێڵی نەوت بپارێزێت و گەندەڵکاران بگرێت و پاریزگاری لە سامانی گشتی بکات خۆی دزە گەورەکە بێت. کاتی خۆی دەیانگوت کەسێک شێت بووبا دەیانبردە لای شێخ چاکی بکاتەوە، بەڵام کێشە لەوەدایە ئەگەر شێخ بۆ خۆی شێت بێت دەبێت کێ فریای بکەوێت و چارەسەری بکات.
حاڵەتێکی دیکە کە پەرەی بە گەندەڵی داوە قاچاخچێتیی تانکەر و پاڵاوگە نایاساییەکان بووە، ئەو نەوتەی دزراوە یان لە پاڵاوگە سەرەتاییە نایاساییەکاندا دەپاڵێورێت یان بە تانکەر ڕەوانەی بازاڕی ڕەش و دەرەوەی سنوورەکان دەکرێت، لە زۆر وێستگەدا، بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ تێپەڕاندنی پشکی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو بەرەو بازاڕی ڕەش بەکاردەهێنرێن.
لە ڕووی ژمارەوە، سەرچاوە ئابوورییەکان و لێدوانی بەرپرسانی پێشوو و ئێستای عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە قەبارەی زیانەکانی گەندەڵی و بەهەدەردان لە کەرتی نەوت و داهاتە گشتییەکاندا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە تەنها لە هەندێک دۆسیە و ناوچەی دیاریکراودا قەبارەی قاچاخچێتیی ساڵانە بە ملیاران دۆلار مەزەندە کراوە.
ئەگەر ئەو ملیاران دۆلارەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی دزی و گەندەڵیی نەوتەوە ون بوون، لە خەزێنەی گشتیدا بمانایەتەوە، ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم وێنەیەکی تەواو جیاوازدا دەبوو، داهاتی گەڕاوە بەس بوو بۆ بنیاتنانەوەی تەواوەتیی تۆڕەکانی کارەبا، ئاو، و کەرتی تەندروستی و پەروەردە بە ستانداردی پێشکەوتوو.
