لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەڵگیرسانی جەنگەوە، عێراق زۆر هەوڵیدا نەخزێتە ناو بەرەیەکی جەنگەوە و خۆی بپارێزێت لە پرشکی ئاگرەکە، بەڵام چالاکییە بەردەامەکانی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق خەریکە عێراق تێوەبگلێنێت و توشی سزا جۆراوجۆرەکانی ئەمەریکای بکات.
رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە ڕاپۆرتێکدا بە وەردی باسی لەوە کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکارییە داراییەکان و هەماهەنگییە ئەمنییەکانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق راگرت. ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەردەوامیی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دێت.
ئەو زانیارییانەی لە ڕۆژنامەکەدا خراوەتەڕوو، لە زاری بەرپرسانی عێراقیشەوە پشڕاست کراوەتەوە و ئەو بەرپرسانە ڕایانگەیاندووە؛ واشنتن تەواوی پاڵپشتییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵپەساردووە؛ هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، رایگەیاند کە هاوکاری و دابینکردنی بودجە لەلایەن ئەمریکاوە تا کاتێکی نادیار راگیراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارەی واشنتن وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەرپرسان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر، پەککەوتنی پاڵپشتییە لۆجستییەکان بۆ فڕۆکە جەنگییەکان، راگرتنی تەواوی ئەو خولە سەربازییانەی کە لەلایەن ئەفسەرانی ئەمریکییەوە سەرپەرشتی دەکران و لاوازبوونی هەماهەنگییەکان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش.
لای خۆیشییەوە، تۆماس پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان چیتر بەرگەی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ناگرێت و چاوەڕوان دەکات حکوومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو رێکارەکان بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان.
پسپۆڕانی جیۆپۆلەتیکی هۆشداری دەدەن کە فشارە توندەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان رەنگە ببێتە هۆی داڕمانی عێراق، چونکە ئەم گرووپە چەکدارانە ئێستا بە تەواوی لە ناو دامەزراوە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتدا تێکەڵ بوون.
ئەمەش دوای ئەوەی، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی “رقی ئابووری” (Economic Fury)، سزای توندی بەسەر “حەوت فەرماندەی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان” سەپاندووە.
هەر لەو بارەیەوە، رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لەسەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، واشنتن وەک کارتێکی گوشار دژ بە گرووپە چەکدارەکان، رێگری کردووە لە گواستنەوەی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی عێراق بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی واشنتن چاوەڕێیە حکوومەتی عێراق رێکاری جددی و کردەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە بگرێتەبەر، هەروەها هۆشدارییان داوە کە شکستی عێراق لە رێگریکردن لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.
ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانەی عێراق، لە سەرەتای جەنگەکەوە بە ناوی جۆراوجۆرەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشە دڕۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە جارێک بە فەرمی داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، هەوڵی ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بدات و حکوومەتی عێراقی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە داهات و لەژێر چاودێری حکوومەتی عێراقدا ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن، بەڵام حکوومەتی عێراق لە بێدەسەڵاتی بێت یان بە مەبست هەوڵەکانی بەو شێوەیە نین کە لە ئاست داواکاری و چاوەڕوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت و بەردەوامی هێرشەکان لەماوەی ڕابردوودا سەرباری ئاگر بەست ئەوەندەی دیکە نیگەرانییەکانی زیاد کردووە.

