مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی و ئەندامی لیژنەی بااڵی بانگەشەی پارتی؛ باوەڕمان بە رکابەری هەیە، بەاڵم باوەڕمان بە هەڕەشە و گوڕەشە و دەست راوەشاندن نییە

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، راستە ئەوان لەگەڵ یەکێتی دوو هێزی رکابەرن، “بەڵام سوێندخواردن و هەڕەشەکانی قوباد تاڵەبانی دوورە لە رکابەرایەتی و نەدەبوو بچێتە ژێر هەژموونی هەندێک خەڵکی دیکە، کە کاتی خۆی بە دەستیانەوە دەیانناڵاند”. ئەمڕۆ یەکشەممە 03-10-2021، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی و  ئەندامی لیژنەی باڵای بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێری هەڵبژاردن لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، سەبارەت بە لێدوانێکی قوباد تاڵەبانی، کە بۆ رووداو گوتبووی ئێمە و پارتی دوو حیزبی رکابەرین، گوتی: “راستە ئێمە دوو حیزبی رکابەرین، هەموومان چاک دەزانین لە سەرەتاوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ رکابەریی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوە، بەڵام هەڕەشە و گوڕەشە و سوێندخواردنەکانی کاک قوباد خۆی شتێکە دوورە لە رکابەری، دەبووایە بەو شێوەیە قسەی نەکردبایە”. مەحموود محەممەد بە پێویستی دەزانێت رکابەرییەکانیان “با لەسەر ئەوەبێت چیمان پێیە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگایە لە رووی ئابووری،  سیاسی، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری، لەسەر پرۆژەکانمان بێت، کاممان دونیابینیمان زیاتر لەگەڵ واقیعی ئەو وڵاتە دەگونجێت و خزمەتی ئەو خەڵکە دەکەین؟ ئەگەر لەسەر ئەو کارانەیە فەرموو با لەسەر ئەوە پێوەر بکرێت”. گوتەبێژی پارتی دەشڵێت: “زۆرچاکە رکابەرین و هەمووشمان باوەڕمان بە رکابەری هەیە، بەڵام باوەڕمان بە هەڕەشە و گوڕەشە و دەست راوەشاندن و سوێندخواردن نییە لەنێو بانگەشەی هەڵبژاردندا هەبێت”. 

رۆژی چوارشەممە 29ی ئەیلوولی 2021، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان لە قەڵای شێروانەی کەلار لە بانگەشەی لیستەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “قەسەم بەخوا پارتی ئەو رۆژە بە چاوی خۆی نابینێت بە تەنیا حوكمی كوردستان بكات”. گوتەبێژی پارتی ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان لەو بڕوایەدا نەبوون “وا قسە بکات، دواتر ئێمە لەنێو پارتیدا نە کوێخامان هەیە، نە ئاغامان هەیە… ئێمە کوێخاین، ئاغاین، کرێکارین، ئێمە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستانی دەکەین”. بەگوتەی مەحموود محەممەد ئەوان کاتی خۆی داهێنانێکیان کرد و “برا گەورەیان داهێنا و ئۆرگانێکیان بەو ناوە دروستکردبوو، ئێمە کەی باسی ئاغایەتیمان کردووە؟ کەی باسی خۆسەپاندنمان بەسەر کوردستاندا کردووە؟ ئێمە باس لەوە دەکەین خەڵکی کوردستان متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و رێبازی بارزانی هەیە، لە ساڵی 1992وە کە هەڵبژاردن دەکرێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان پشتیوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و زۆرینەی کاندیدەکان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچووە”.

مەحموود محەممەد بە پێویستیشی دەزانێت بانگەشەیەکی هێمن بەڕێوەبچێت و دەڵێت: “بە تایبەتی کەسێکی وەک کاک قوباد کە ژیانی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بووە، دەبوو نەچێتە ژێر هەژموونی هەندێک خەڵکی دیکە، کە کاتی خۆی بە دەستیانەوە دەیانناڵاند”. سەبارەت بە لێدوانێکی سەعدی ئەحمەد پیرە کە هەر لە “کاژێری هەڵبژاردن” لە رووداو گوتبووی ئەمجارە پارتی لەگەڵ چین هەڵبژاردن بکات نایباتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی رەنگە ئەمجارە نەتوانێت وەکو پێشوو دەنگەکانی بهێنێتەوە، مەحموود محەممەد گوتی: “ئەم گوتەیە ئەوان دایانهێنا، مەبەستیشیان هەبوو لەو گوتەیە، بەڵام ئێستا پێی تەنگاو بوونە، ئێمە هیچ پێی تەنگاو و نارەحەت نەبووینە، چی دەڵێن بیڵێن.. بەڵام هەر خۆشیان لێی پەشیمان بوونەتەوە و ئێستا پێیانوایە ئەمە کاریگەرییەکی دەروونی لەسەر خەڵکی کوردستان هەیە، باشە خۆیان ئەمەیان گوتووە، خۆ ئێمە نەمانگوتووە، کە ئێستاش لێی پەشیمانن خۆشتان چارەسەری بکەن و بزانن چۆن ئەو بابەتە لە بیری خەڵکی دەبەنەوە”.

ھەواڵی زیاتر