رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی لە جەرگەی مەترسیدا… پیاوێک و سەگێکی جەنگی لە دڵی سروشتی بێبەزەیی بۆ مانەوە دەجەنگن

حەسەن حەمەد ئاندێکی

فیلمی لە جەرگەی مەترسیدا یاخود دڵی ئاژەڵ (Heart of the Beast) چیرۆکی (جەیمس بێلمۆنت)، ئەفسەری پێشووی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و سەگە جەنگییەکەی واتە (ئۆدین) دەگێڕێتەوە. دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لە ناوچە سەخت و دابڕاوەکانی ئەلاسکا، هەردووکیان بە تەنیا دەمێننەوە و دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ نێو شارستانییەت، شەڕ لەگەڵ کات و سروشتێکی دژواردا بکەن. سەرما، برین، ئاژەڵە کێوییەکان و مەترسییە نادیارەکان، هەر هەنگاوێکیان دەکەنە تاقیکردنەوەیەکی نوێ و سەخت. لە پاڵ ئەمەشدا، جەیمس ڕووبەڕووی یادەوەرییە تاڵەکانی ڕابردوو و برینە دەروونییەکانی جەنگ دەبێتەوە، بەڵام بوونی ئۆدین هێزی بەردەوامبوونی پێ دەبەخشێت. کڕۆکی فیلمەکە لەسەر پەیوەندیی قووڵی نێوان مرۆڤ و سەگەکەی، متمانە، قوربانیدان و خۆڕاگری بونیاد نراوە. گەشتەکەی جەیمس و ئۆدین هەوڵێکە بۆ مانەوە و، ڕووبەڕووبوونەوەی ترس و تارماییەکانی ڕابردووشە، کە لە کۆتاییدا وادەکات هەردووکیان بەهێزتر لە جاران دەربچن. لە کۆتایی ئەم گەشتەدا، هاوڕێیەتیی نێوان جەیمس و ئۆدین دەبێتە قەڵغانی بەرگرییان و هەریەکەیان بە جۆرێک دەبێتە ڕزگارکاری ئەوی دیکە. لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییەوە، فیلمەکە وێنای ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و ناخی خۆیدا دەکات، هاوکات مانای ڕاستەقینەی متمانە و خۆڕاگریمان نیشان دەدات لە ژینگەیەکی پڕ لە مەترسیدا.

سەرچاوە:
https://www.hoopladigital.com/comic/the-heart-of-the-beast-judith-dupre/13677498