عەبدولغەفار عەبدوڵا
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی “ئاوەخت”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بۆ هەولێر گوتی: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە هۆنراوەی شارۆی کرماشانییە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، سەعید کاری دابەشکردنی موزیکەکەی بۆ کردووە و ڤیدیۆ کلیپەکەش بەشێکی بە زیری دەستکرد دروستکراوە و بەشەکەی دیکە لەلایەن شارۆ کرماشانی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
غوڵامی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی گوتی: من لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە هەوڵم داوە ناوی کرماشان و جوانییەکانی شارەکە لە رێگەی زمان و گۆرانییەوە زیندوو بکەمەوە و جەخت لەسەر بەکارهێنانی ئەم ناوە بکەمەوە.
سەبارەت بە پەیامی سەرەکیی بەرهەمەکەی، غوڵامی دەڵێت: پەیامی گۆرانییەکەم تەنیا بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بۆ هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێکی جیهان بژی؛ ئەمەش لە رێگەی هۆنراوە و موزیک و وێنەسازیی ڤیدیۆکلیپەکەوە دەردەکەوێت.
نەجمەدین غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا: ئەگەر رۆژێک بگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم، یەکەم شوێنێک کە سەردانی دەکەم گڵکۆی ئەو کەسانە دەبێت کە بە ژیانی خۆیان خزمەتی گەل و خاک و بەها مرۆییەکانیان کردووە.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی گوڵشەنی شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رێگەی رادیۆی سنە و کرماشانەوە دەستی کردووە بە گۆرانیوتن. نەجمەدین غوڵامی ھەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە ھەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو دونیای ھونەرەوە. غوڵامی بەیارمەتی ھونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی کورد “عەباسی کەمەندی”، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرھەمی خۆی تۆمار کردووە و تا ئێستا 23 ئەلبوومی بڵاوکردۆتەوە.

