شیڤان شێرزاد – هەولێر
دەمەوئێوارە بوو، کاتێک زۆر بە وردی چوومە نێو یەکە یەکەی تابلۆکانی شێوەکارێکی خاوەن سەلیقە، کە پێم وایە داهێنان خەونی ئەو خانمە شێوەکارەیە و هونەری ڕەنگ تێکەڵ بە ڕۆحی “ئیڤان نەجمەدین _ ئارت” بووە، بۆیە چەند پرسیارێکی هونەریم ئاراستە کرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامەکانی “هەولێر”ـی دایەوە.
× هونەری شێوەکاری چۆن تێکەڵ بە ڕۆحی ئێوە بوو؟
هونەری شێوەکاری لە تەمەنی منداڵییەوە بەشێکی گرنگ لە ژیانم بوو. هەمیشە هەستم دەکرد شێوەکاری باشترین ڕێگای دەربڕینی هەست و بیرەکانمە.
بە تێپەڕینی کات، ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بوو تا گەیشتمە خوێندنی کۆلێژی هونەرە جوانەکان و پسپۆڕبوون لە شێوەکاری.
× بەر لەوەی دەست بۆ خامە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئەو هونەرە ببەن هیچ زانیارییەکتان لە بارەی مێژووی ئەو هونەرە هەبوو؟
لە کاتی خوێندن لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان، بە شێوەیەکی ئەکادیمی زیاتر ئاشنا بووم بە سەرەتای دروستبوونی هونەر، قۆناغە مێژووییەکانی، قوتابخانە جیاوازەکانی هونەر و کاریگەری هونەرمەندە گەورەکان.به ر له کۆلێژ نەخێر هیچ زانیارییەکم نەبوو تەنها خولیایەك بوو هونەر بۆم.
× تابلۆکانی ئیڤان تا چەند گوزارشت لە خۆت و ئازارەکانی نیشتمان دەکەن؟
من هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی ڕەنگ و پێکهاتەی تابلۆکانەوە هەست و بۆچوونی تایبەتی خۆم دەرببڕم، نەک ئەوەی تەنها بابەتی سیاسی یان نیشتمانی بخەمە ناو کارەکانم یاخود ئازار و، رەنگە بە پێیی کات و ئەزموون بابەتی جیاوازتریش ئەزموون بکەم.
× تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد پاشەکشەی بەو هونەرە نەکردووە؟
ژیریی دەستکرد تا ڕادەیەکی زۆر دەستی بە زۆر جۆر لە کار و پیشەکاندا گرتووە، نەک تەنیا لە بواری شێوەکاری.
ڕەنگە زۆرێک لە هونەرمەندان و تاکەکان بۆ خێراترکردنی کارەکانیان یان وەرگرتنی بیرۆکە پشتی پێ ببەستن، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بینین، هەست، ئەزموون و ڕۆحی هونەرمەند وەک خۆی بگوازێتەوە.
هونەری ڕاستەقینە لە ناخ و ئەزموونی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە هیچ تەکنەلۆژیایەک ناتوانێت جێگای داهێنان، دەربڕین و ڕۆحی مرۆڤ بگرێتەوە، ژیریی دەستکرد، جگە لە تەو تەکنیکانەیی بوونی هەیە و تێکەڵکردنی کاری هونەرمەندانی تر هیچ شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنێت.
× لە نێوان تۆ و هونەری شێوەکاریدا چ جۆرە ئەشقێک دروست بووە؟
شێوەکاری بۆ من تەنیا پیشە نیە، بەڵکو تێکەڵ بە خوێنم بووە و بووەتە بەشێک لە ژیانم.
× تا ئێستا بەشداریت لە چەند پێشانگادا کردووە؟
بەشداریی ٧ پێشانگام کردووە.
× پێشەنگی ئەو هونەرە لە کوردستان کێیە و تۆ سوودت لە کام هونەرمەندی کورد بینیوە؟
بە بڕوای من، لە کوردستان شێوەکارانی باش و بەناوبانگ هەیە، بەڵام ناتوانم یەکێکیان بە باشترین دیاری بکەم، چونکە هەر هونەرمەندێک شێواز، تایبەتمەندی و ئەزموونی تایبەتی خۆی هەیە. من هەوڵ دەدەم لە کار و ئەزموونی هەموویان سوود وەربگرم و فێری تەکنیک و بیرۆکەی نوێ ببم.
× ئەگەر ژیان دووبارە ببێتەوە جارێکی تر هونەری شێوەکاری هەڵدەبژێریتەوە؟
بەڵێ، ئەگەر ژیان دووبارە ببێتەوە، دیسان هونەری شێوەکاری هەڵدەبژێرم. چونکە شێوەکاری تەنیا پیشە نییە، بەڵکو شێوازێکە بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکەکانم. هەرچەندە ڕێگاکە ئاسان نییە، بەلام چێژیی ژیان من لە هونەر دەیبینمەوە جا شێوەکاریی یاخود هەر بەشێکی تریی هونەر.
× ڕاستە دەڵێن زۆربەی شێوەکاران جەستەی ئافرەت دەکەن بە کەرەستەیەک بۆ تابلۆکانیان؟
نەخێر، ئەوە ڕاست نییە، کە زۆربەی شێوەکاران تەنها جەستەی ئافرەت بکەنە کەرەستەی تابلۆکانیان. جەستەی مرۆڤ، چ ئافرەت بێت یان پیاو، لە مێژووی هونەردا وەک بابەتێک بۆ خوێندنەوەی ڕێکخستن، ئاناتۆمی و دەربڕینی هەست بەکارهاتووە، هەروەها بە بینینی من و خوێندەوەم بۆ تابلۆکانیش پەیام و بابەتی لەخۆ گرتووە.
× لەوەتەی تۆ کار دەکەیت هەستت کردووە لە کوردستان داهێنان لەو بوارە کرابێت یان هەوڵێک هەیە بۆ پێشکەوتنی هونەری شێوەکاری؟
بەڵێ، من پێشکەوتنێکی باش لە هونەری شێوەکاری لە کوردستان دەبینم و بڕوام وایە ئەو هەوڵانە ئەرێنین. هەرچەندە هێشتا پێویستی بە پشتگیریی زیاتر بۆ شێوەکاران هەیە، بەڵام هونەرمەندانی بەهرەمەند و داهێنەر زۆرن، کە بەردەوام هەوڵ دەدەن هونەری شێوەکاری بەرەو پێش ببەن و بە کار و داهێنانەکانیان ئاستی ئەم هونەرە بەرزتر بکەن.
× مەرجەکانی هونەرمەندی سەرکەوتوو لە چیدا دەبینن؟
بە بڕوای من، هونەرمەندی سەرکەوتوو ئەوەیە کە بەردەوام فێربێت، زەحمەت بکێشێت و داهێنەر بێت. هەروەها پێویستە شێوازی تایبەتی خۆی هەبێت، لە ڕەخنە فێربێت و بەردەوام کار لەسەر گەشەپێدانی تواناکانی خۆی بکات. سەرکەوتن تەنیا بە بەهرە نییە، بەڵکو بە پشتبەستن، ئارامی و کارکردنی بەردەوامیش دەست دەکەوێت.
× دەبێت شێوەکاران دەرچووی ئەکادیمیایەکی زانستی بن بۆ ئەوەی ناو لە خۆیان بنێن شێوەکار؟
نەخێر، بە بڕوای من مەرج نییە شێوەکار بێگومان دەرچووی ئەکادیمیایەکی زانستی بێت بۆ ئەوەی ناوی شێوەکار لەخۆی بنێت. خوێندنی ئەکادیمی بنەمایەکی باشە بۆ فێربوونی تەکنیک و زانستی هونەرە، بەڵام لە مێژووی هونەردا هونەرمەندانی زۆر هەیە، کە بە هەوڵی خۆیان، ئەزموون و کارکردنی بەردەوام گەیشتوونەتە سەرکەوتن. ئەوەی گرنگە، بەهرە، داهێنان، کارکردنی بەردەوام و پێشخستنی ئاستی هونەرمەندە، نەک تەنیا بڕوانامەی ئەکادیمی.

