سازدانی ئارام کۆشکی
بەشی چوارەم و کۆتایی
* ئێوە وەرگێڕان بە نزیک لە مەحاڵ ئەژمار دەکەن، بەڵام خۆتان لە وەرگێڕە چالاک و بەرهەمدارەکانن؟ ئەوەی وا دەکات لەم کارە نیمچە مەحاڵە بەردەوام بن هۆکارەکەی چییە؟
وەڵام: ئێمەی کورد، لە ڕووی ژمارەوە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر ڕووی زەمینین! بەبێ ویستی خۆمان؛ بە خورتی، بە تۆپزی پارچە پارچەکراوین، ژیانمان، مانمان، زمانمان، کولتوورمان، بوونمان، کەلەپوورمان قەدەغەیە، لە چاوقایمی خۆمان مقاوەمەمان کردووە؛ مقاوەمە غەریزەیە و تا ژیان هەبێت ئەویش دەبێت، بە گوێرەی سەردەم و قۆناغان خۆی تازە دەکاتەوە، ئەوزاری خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم بوونەی ئێمە بەم شێوە و شێوازە، پەڵەی شەرمەزاریە بە ناوچەوانی مێژووی خۆمان و هەموو تیرەی بەشەرەوە!..
کتێبخانەی کوردی، یەکێکە لە کتێبخانە هەژارەکان. کتێبخانە بە زمان (هیچ شتێک لە دەرەوەی زماندا نییە) دەوڵەمەند دەبێت، بە زمانی قەدەغەکراو ئاوەدان ناکرێتەوە، کەچی بەو حاڵەشەوە کە کتێبخانەی کوردی تیایە، خەڵکانێک هەن، لە ڕووی نەزانیەوە، کاری وەرگێڕان بە کارێکی کەم و سووک دەزانن!.. هەڵبەتە زمان تا کراوەتر بێت، لەگەڵ بەخششە زمانەوانیە زندووەکاندا لە تەماس و کارلێکدا بێت، لە ڕووی گوزارشتەوانیەوە کاراتر دەبێت، لە ڕووی داهێنان و ئەفراندنەوە خۆشدەست تر دەبێت، لە ڕووی بەرهەمهێنانی هزری و فەلسەفی و هونەرییەوە شارستانیتر دەبێت، جا بۆ نەگبەتی، زمانی کوردی هێشتا زمانێکی نیمچەکێوییە و لە زۆر ڕوووەوە گۆشەگیر و ئەگەر دڵم بێت ڕەنگە نیمچە نەزۆکیش بێت. هەڵبەتە ئەمەش هۆی خۆی هەیە، یەکێک لەو هۆیانە ئەو مامەڵە سیاسیە شۆفیستانەیە کە تا ئەمڕۆ لە لایەن داگیرکارانی کورد و کوردستانەوە، لەگەڵ زمانی کوردیدا دەکرێت و دابڕان و دابڕاندنی ئابووری و بازرگانی و سیاسی و ڕۆشنبیریی و جڤاکی و جوگرافی و مێژوویی ناوچەکانی کوردستانی گەورەیە لە یەکتری، ئەمە جگە لە لاوازی و کورتبوردی گوتاری ڕۆشنبیریی کوردی کە نەیتوانیوە زۆرترین ژمارەی خوێنەری کورد لە دەوری خۆی خڕ بکاتەوە و بزاڤێکی ڕۆشنبیریی سیماڕۆشن بە ئاڕاستە نەتەوەییەکەدا وەگەڕبخات… زمان بە نووسین و لەناو پڕۆسەی نووسیندا گەشە و نەشە دەکات و کاژ فڕێ دەدات و تازە دەبێتەوە و دەوڵەمەند، بە وشە و نووسین دەسکەوتە فیکری و فەلسەفی و هونەرییەکانی خۆی لە تۆماری بەرهەمهێنانی مێژووی بەشەردا تۆمار دەکات، بەرەبەرە دەبێت بە خودانی بەخششی فیکری و فەلسەفی و هونەری و زانستی و سەنگ و ئیحتوبار پەیدا دەکات، لەم پێودانگەوە دکارم بێ چەند و چوون بێژم تا زمان پوختە و خزمەتکراو و دەوڵەمەند بێت، پڕۆسەی وەرگێڕان و نووسین خۆشتر و ئاسانتر دێتە دەستەوە، دیارە پێچەوانەش پێچەوانەیە. هەڵبەتە هەر زمانێک بگریت توانا و ئیمکانیات و وزەی پەنهانی خۆی هەیە. لەسەر ئەهلی قەڵەمە کەشفی بکات و بیتەقێنێتەوە و بەکاری بێنێت، نەک بێ توانایی زمانەوانی خۆی بە ملی زمانەکەدا بدات. وەرگێڕ یەکێکە لە قەڵەمڕانە گرینگەکانی ئەو مەیدانە کەواتە پاچڤە بۆ میللەتی بێ دەوڵەتی، خاوەنی کتێبخانەی هەژار، تەنیا چالاکییەکی ڕۆشنبیریی – زمانەوانی نییە، بەڵکو دەکاتە شادەماری ژیان و بوون، کۆڵەکەیەکی هەرە گەورەیە بۆ بونیادنانی دەوڵەت و کۆمەڵگە.. خێراترین ئەوزارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەپستمۆلۆژییەی لەنێو زمانی ئەو گەلە و زمانی گەلانی بەرهەمهێنەری مەعریفەن. وەرگێڕانی سەچاوە گرینگە ئەپستمۆلۆژیەکانی وەکو زانستە سروشتی، نوژداری، ئەندازەیی، فەلسەفی و زانستە جڤاکی و سایکۆلۆژییەکان، زەمینە بۆ فێربوون و بەرهەم هێنانی باس و لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی لۆکاڵی خۆش دەکات.
پاچڤە، ڕێگاکان قەدبڕ دەکات، ئەوەی میللەتان بە دەیان ساڵ بەرهەمیان هێناوە، تۆ لە کاتێکی کەم و خێرا و پێوانەییدا، دەیگەیتێ و دەبیت بە شەریکی شارستانیەتی میللەتان.
زمان بە نووسین و خوێندن دەوڵەمەند دەبێت. کە کتێبخانەی نیشتمانی هەژار بوو، دەوڵەمەند نەبوو، مانای وایە زمانی لۆکاڵی ئەو میللەتە، لە سەردەم دابڕاوە؛ پێویستی بە تازەکردنەوە هەیە.. پاچڤە، پاچڤەوان و کۆڕوسازیە زمانەوانیەکان ناچار دەکات زاراوەێن تازە دابتاشن، چەمکێن تازە بخوڵقێنن.. تەماسی زمانەوانی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە لەگەڵ زمانانی دیدا، توانای گوزارشتەوانی زمانە لۆکاڵیەکە زیاد دەکات، ئاسانتر ئیستیعابی، زانستە تازەکان دەکات. تۆ کە سەرچاوەی مەعریفی خۆماڵی گرینگیت نەبێت، سەرچاوە پاچڤەکراوەکان ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە و ئاسۆی تازە لە بەردەم نەوەی نوێ دەکەنەوە، ئیدی نەوەی نوێ فێری تەکنیکی نووسین و لێکۆڵینەوە دەبن و بەرەبەرە زەمینە بۆ تەڤگەری ڕۆشنبیریی ڕەسەن و خۆماڵی خۆش دەبێت…. وەرگێڕ بیرە جیهانی و پێشەنگەکان بە جۆرێ دەگوازێتەوە و دادەڕێژێتەوە کە لەگەڵ ڕۆشنبیریی و ژینگە لۆکاڵیەکەدا تێک بکاتەوە، ئیدی هەرسکردنی مەعریفەی هاوردەکراو ئاسان و بەرهەمهێنانی مەعریفەی خۆماڵی و لۆکاڵی ئاسانتر دەبێت. پێشتریش ئاماژەم بەوە کردووە کە سەرچاوەی هەموو ڕێنیسانسە گەورەکانی دنیا، تەڤگەری وەرگێڕان بووە و مێژوو پڕە لە نموونەی زندوو….
وەرگێڕان، هاندەرێکی گەورەیە بۆ خۆناسین و هاندانی گەشە و نەشەی هۆشمەندی نەتەوەیی و نیشتمانی… تۆ کە کولتووری باڵای خەڵکی دەخوێنیتەوە، یەکسەر ئەو پرسیارە لە خۆ دەکەیت کە پێگەی من و نەتەوەی من لە جیهاندا چییە؟ ئەمە دەکاتە کارێک کە هەوڵی کەشفکردنەوە و خوێندنەوەی تازە بۆ خۆت و تێکڕای کەلەپووری نەتەوەکەت بدەیت..
تۆ کتێبخانەکەت هەژار بێت و پاچڤە بە کەم بزانیت و بە کەناڵێکی گرینگی تەماسی کولتووری نەزانیت، زمانەکەت گۆشەگیر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی داخرانی فیکری و نەزۆکی ڕۆشنبیریی وەرگێڕان کرانەوەیە و دەتکات بە شەریکی شارستانیەتی هەموو تیرەی بەشەر.. وەرگێڕان پڕۆسەیەکی گرینگە بۆ گشتاندنی مەعریفەت بەسەر هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێنەواری و هۆشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییانەوە…
کتێبخانەی هەژار و پڕ بۆشایی مەعریفی، ئەوەندەی بە وەرگێڕ و وەرگێڕان پڕ دەکرێتەوە، بە نووسەر پڕ ناکرێتەوە، بە تایبەتی کتێبخانەیەک کە لە دەستپێکی خۆئاوەدانکردنەوە و سەرەتای خۆ بونیادناندا بێ و هێشتا لەو بوارەدا نەک قڕە، بەڵکو لە چاو میللەتانی پێشکەوتوودا پاش قڕە بێت… هەموو ئەو هۆکارانە ناچاری کردووم مل بەو کارە نیمچە ناشۆ و مەحاڵەوە بنەم.
* زیاتر لە 100 کتێبی وەرگێڕانتان پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی چ بەرهەمێکی نوێن کە لەمساڵدا بکەوێتە بەردیدەی خوێنەران؟
وەڵام: نەتەوەی کورد و کتێبخانەی کوردی شایەنی زۆر لەوە زیاترە، ڕۆڵەی میللەتی بێ دەوڵەت و پاشکەوتوو و پاشخراو، لە میللەتانی لە خەمڕەخسیو، پتر مەحکومن بە نەتەوەپەروەری. نیشتمان دۆستی و وابەستەکی نەتەوەیی، دوو چەمکی تەواوکەری یەکترن، دەکەنە ناسنامەی مرۆڤانی و جۆرە هەستێکی ئاسوودەیی بە تاک دەبەخشن… نیشتماندۆستی و نەتەوەیی بوون هەر هەست و سۆزی ڕووت نییە، هەڵوێستە، کردارە، خزمەتی خاک و خەڵکە، پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و ژینگەیە. بەرگرییە لە خاکی نیشتمان و قوربانیدان لەو پێناوەدا، فریاکەوتنی سەروەری وڵاتە لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا… ڕیزگرتنە لە خەڵکی وڵات بە جیاوازی بیروباوەڕ و ڕیشەی نەژادیو ئاینیانەوە. نەتەوەپەروەری وابەستەگی ویژدانی و ڕۆحیە بەو خاک و خەڵکەوە کە تیایدا لە دایک بووە یان تیایدا ژیاوە؛ جۆرە پەیوەستگیەکی کولتووری، مێژوویی، زمانەوانیە لەنێو کۆمەڵێک خەڵكیدا کە ڕیشە و مێژوو و داب و نەریت و زمان و شانازی وابەستەگی، جا شانازی کردن بە مێژووی نەتەوەیی و ئەو دەسکەوتە شارستانیانەی ئەم نەتەوەیە پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، پاراستنی کەلەپوور و زمان، هەوڵدان بۆ زندوکردنەوەی هونەر و ئەدەب و زمانی نەتەوەیی و گەیاندنی بە نەوەێن دواتری میللەت، ئەرکی هەر تاکێکی نەتەوەییە؛ هەر کەس بە گوێرەی توانای خۆی و لە ڕێگەی بەهرەی خۆیەوە، هەستکردن بە هاوبەستەگی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی، شانازی بە نیشتمان دۆستی ڕاستەقینەوە، دیاردەیەکی ئەرێنیە، مرۆڤ هان دەدات، لە ڕێگەی داهێنانەوە، ناوی نەتەوەکەی خۆی بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە ئاستی نەتەوە و میللەتە پێشکەوتووەکان، بێ ئەوەی بکەوێتە داوی تەعەسوب و بیری شۆڤینیەوە…
بەندە کە ئەو کارانەم کردووە، نە بۆ خۆهەڵکێشانە و نە بۆ ئەوەیە منەت بەسەر میللەتی کوردی، لە خشتەبراوی غەدرلێکراودا بکەم، شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم، شانازیە مرۆڤ خزمەتکاری نەتەوەی خۆی بێت، مەبەستی هەوەڵ و ئاخیری من خزمەت بووە، کاری خۆمم بە جۆرە مقاوەمەتێک زانیوە، خۆم بە منەتباری نەتەوەی کورد دەزانم ئەگەر ئەم کارانەم بە خزمەت لێ قبووڵ بکات، کە هەر خۆی گوتوویەتی دیاریی شوان یان شنگە یان ئاڵەکۆک…
سەبارەت بە بەرهەمی نوێ، زۆر نییە لە پاچڤەیی برایانی کارامازۆف-ی دۆستۆیڤسکی بوومەتەوە، کە داومە بە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە سلێمانی، هێڤیدارم ئەمساڵ چاپ و بڵاوببێتەوە. هەروەها ڕۆمانی: “خۆر دەبینم” کە لە نووسینی ڕۆماننووسی گورجی نودار دومبادزەیە ١٩٢٨-١٩٨٤ کە ئەم ناوە لای خوێنەری کورد زۆر ئاشنا نییە، بەندە کاتی خۆی یەکەم بەرهەمیم، کە ڕۆمانێکە بە ناوی: من و نەنکم و ئیلیکۆ و ئیلاریۆن، وەرگێڕاوە و چاپ و بڵاو کردووەتەوە؛ ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٩٦٠دا بڵاوکراوەتەوە و خەڵاتی لینینی وەرگرتووە، چاوەڕوانی “خۆر دەبینم” بن، کە هیوادارم ئەمساڵ چاپ و بڵاو بێتەوە، دەی تا ئەوکاتە هێڤیدارم نەتەوەی کورد بە یەکجارەکی خۆر بدینێ و جارێکی دی هەرگیز خۆری لێ ئاوا نەبێت…

