شیڤان شێرزاد – هەولێر
شانۆگەریی “پیانۆ” کە تێکەڵەیەکە لە نمایش و میوزیکی زیندوو، بە بەشداریی تیپێکی هونەری لە شاری سلێمانی نمایشکرا، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە دەڵێت، لە بەرهەمەکەدا پرسی هونەر و سەرمایە لە ماڵی کورد دا تاوتوێ کرا.
شانۆگەریی “پیانۆ” لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند شوان کەریمە و لە هۆڵی (کارگەی کولتووری) لە شاری سلێمانی نمایشکرا، لەم بەرهەمەدا، کۆمەڵێک ئەکتەری گەنج و ناودار شانبەشانی گرووپێکی میوزیک بەشدارن. شوان کەریم، دەرهێنەر و نووسەری شانۆگەرییەکە، لەبارەی بیرۆکەی سەرەکیی ئەم بەرهەمە ڕایگەیاند: “پرسیاری سەرەکی لەم بەرهەمە شانۆییەدا، پرسی هونەر و سەرمایەیە لە ماڵی کورد دا. هاوکات چەند بابەتێکی دیکەی کۆمەڵایەتی لەم شانۆگەرییەدا دەوروژێندرێن، لەوانەش باسکردن لە پرسی خۆشەویستی، هەڵبژاردنی هاوسەر و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی نەوە جیاوازەکانی خێزانێک لەگەڵ یەکتردا.”
دەرهێنەری بەرهەمەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەوڵی ئەوەدان دوای تەواوبوونی نمایشەکە لە سلێمانی، شانۆگەرییەکە ببەنە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و لەوێش نمایش بکرێت.

