رۆژنامەی ھەولێر

ئەو شێوەکارەی بە ڕەنگی ئاوی، جوانییەکانی نیشتمانی نیشان دەداین

ئاری ئاغۆک

 

کاتێ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکاندا قوتابی بووم چەند مامۆستایەکی هونەرمەندمان لە نزیکەوە ناسی و ئاشنای کار و بەرهەم و ستایلی کارکردنیان بووین، گەرچی ئەو لە بەشێکی دیکە و لقێکی دیکەی هونەر مامۆستا بوو، ئێمەش قوتابی لقێکی دیکەی هونەر، بەڵام ناوی ئەو لە ڕووپەری ڕۆژنامە و گۆڤار و پێشانگا هونەرییەکان لام ئاشنابوو، بۆیە جێگەی دڵخۆشی بوو ئەو هونەرمەندە مەزنە لە نزیکەوە ببینم و ئاشنای بەرهەمەکانی ببم، ئەویش هونەرمەند مامۆستا (فەیسەل عوسمان)ـی شێوەکار بوو، کارەکانی هەمیشە جێگەی تێڕامان و سیحری هونەری بوو بۆیە لای بینەر تابلۆکانی زوو قبوڵ کرا چونکە لە دنیای واقیعی و سروشت و ڕەنگی ئاوی خۆی دۆزیبۆوە و هەمووان زوو ستایلەکەیان ناسی، لەگەڵ ئەوەشدا وەک پەروەردەکارێک و مامۆستایەک لای قوتابی و کارگێری پەیمانگە خۆشەویست بوو، ئەو بە بێ دەنگی کارە ئەفرێنەرەکانی دەکرد، کاتێ پێشانگایەکی دەکردەوە بینەر بە پەرۆشەوە دەچووە دیار تابلۆکانی چونکە چاوەکانی تێر دەکردین لە ڕەنگی ئاوی و سروشتی نیشتمان و دیدەکانی بەرەو فراوانی دەبردین، توانی لەڕێگەی نیگارە ئاوییەکانیەوە سەرنجی زۆرترین بینەر بۆ بەرهەمەکانی ڕابکێشێ و لە مێژووی هونەری شێوەکارانی کورد بە یەکێک لە هونەرمەندە شێوەکار و ئەزموونداری ڕەنگ ئاوی بناسرێ، بۆیە ئەگەر پێشانگایەک بکرا بوایەوە بێ ناونیشان و بێ ئاماژەدان بە ناوی هونەرمەند، نیگارە ئاوییەکانی هونەرمەند فەیسەڵ عوسمان خۆی خۆی دەناساند و بە زمانی ڕەنگ و ستایلی کارەکانی دەمانناسییەوە، ئەو وەک مامۆستایەک پیشەییانە و خەمخۆرانە کاری وەزیفی و پەیامی هونەری خۆی دەگەیاندە قوتابیان، حەزی دەکرد قوتابی ئەو بەشە جگە لە حەز و بەهرە ئەوا داهێنان بکەن، بۆیە یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی هەمیشە هانی قوتابیانی دەدا کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی کاربکەن، بۆ ئەوەی لەدواڕۆژدا کە پەیمانگەیان تەواو کرد و بوونە مامۆستا بە توانایەکی باشی هونەریی خزمەت بە بواری پەروەردە و قوتابی و قوتابخانە بکەن، بۆیە بە شانازییەوە لە ئەزموونی هونەری و پەروەردەییدا مامۆستا فەیسەڵ توانیی چەندین نەوە پێبگەیەنێ.
لێرەدا هەمدیس وەک وەفایەکی بچووک بۆ گەورەیی خزمەتی بە کەرتی پەروەردە و دنیای هونەری شێوەکاری، لە ساڵیادی ژیانئاواییەکەیدا گەشتێک بە نێو وێستگەی ژیان و چالاکیە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە دەکەین.
هونەرمەندی شێوەکاری کورد فەیسەڵ عوسمان لە ڕێکەوتی ٤-٤-١٩٥٦ لە شاری هەولێر لەدایک بووە، وەک زۆربەی هونەرمەندانی دیکە، حەز و بەهرە هونەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی لە قۆناغی ناوەندییەوە شکۆفەی هونەری هەست پێ کردوە و، ساڵی ١٩٧٤ لە چالاکی قوتابخانە خۆرسکانە وێنەی کێشاوە، بەڵام چوونی بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا ئەوا خۆی لە ڕێبای واقیعی دۆزیوەتەوە، گەرچی بە هۆکاری تایبەت درەنگ چۆتە پەیمانگە بەڵام توانیی بە حەز و توانای بەهرەی فراوانی خۆی لە ساڵی ١٩٨٦ بە سەرکەوتوویی ئەم پەیمانگایەی تەواو کرد کە بۆ ئەو بوو بە دەروازەیەکی باش و فێرگەیەکی بەهێزی هونەریی ئەکادیمی و دواجار بەشی نیگارسازی بەپلەی نایاب تەواو کردوە، دواتر بۆتە مامۆستا و دوای ڕاپەڕینیش دەبێتە یەکێک لە مامۆستایانی پێشەنگ و دامەزرێنەر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، جگە لە پەیمانگە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ١٩٩٥-٢٠٠٥ مامۆستای وانە بێژ بووە لە مەرسەمی کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین کە چەندین پێشانگای بۆ بەهرەمەندانی ئەم کۆلیژە ئەنجام داوە، ماوەی ٢ ساڵ ٢٠٠٠-٢٠٠١ بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری.
کارەهونەرییەکانی بریتین لە:
-پێشانگای تیپی (هونەری نوێ)ی کوردی لە هەولێر ١٩٧٤
-پێشانگای پۆستەر لە ساڵی ١٩٩٢ هەولێر، هۆڵی میدیا
-پێشانگای ساڵانەی مامۆستایانی هونەر لە چالاکی قوتابخانەکان ١٩٩٣-٢٠٠٤
-پێشانگای زستان لە بنکەی سەردەم لە قەڵای هەولێر ١٩٩٣
-چەندین نووسینی هونەری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە ساڵی ١٩٨٢ تا ٢٠٢١ بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاو کردۆتەوە.
-ژمارەیەکی زۆر مۆتێڤی هونەریی لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبی نووسەران بڵاو کردۆتەوە.
-زیاتر لە ١٠٠ پێشانگەی هاوبەشی شێوەکاری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشداری کردووە.

– لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ١٧ پێشانگای تایبەت بە خۆی کردۆتەوە، جگە لە شارەکانی کوردستان و عێراق، داواتنامەی بۆ هاتووە لەم وڵاتانە (مەغریب، جۆرجیا، ئیتاڵیا، دوبەی، ژاپۆن، هۆڵەندا، میسر و، ئەرمینیا) ..
تایبەتمەندی کارەکانی هونەرمەند فەیسەڵ عوسمان بە ڕەنگی ئاوی دەناسرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا بە هێلکاری دواتر بە کاری زەیتی خاوەن چەندین تابڵۆی هونەری گەورەیە، دواجار خۆی لە ڕەنگی ئاوی دۆزییەوە، کە هونەرمەندی لەو جۆرە ڕێژە و ژمارەیان کەمە لەبەر ئەوەی کارێکی بە وردەیە و سەلیقەیەکی زۆری دەوێ و هونەرێکی زەحمەتە بەڵام توانی ببێتە یەکێک لە هونەرمەندەکانی ترۆپک، بێگومان ڕەنگی ئاوی زیاتر لە سروشت خۆی دەدۆزێتەوە بۆیە توانی لە ڕێگەی تابلۆی ڕەنگی ئاوی سروشتی جوانی نیشتمان، نیشانی هەموو جیهان بدات، کاتێ دەڵێین هونەر ناسنامەیە، ئا ئەم جۆرە بەهرە و هونەرە جوانە دەتوانێ ببێتە زمانی قسەکردن و زمانحاڵی نەتەوە.
دوایین پێشانگای فەیسەڵ عوسمان بە ناونیشانی (سێبەری باران) بوو لە ڕێکەوتی ٢٧تا ٣١ -١- ٢٠٢٢ لە سەنتەری قەڵای هەولێر کرایەوە کە بەندەش یەکێک بووم لە بینەرانی ئەم پێشانگایە، بەداخەوە دوای چوار مانگ ژیانئاوایی کرد.
جێگەی ئاماژەپێکردنە، چەندین قوتابی لەڕێگەی مامۆستا فەیسەڵ هاتنە نێو دنیای هونەری شێوەکاری، چونکە وەک مامۆستا و هونەرمەندێک هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی قوتابیان بوو، ئێستاش لە ناوەندە هونەریەکاندا جێپەنجەیان دیارە و بوونەتە هونەرمەندێکی دیار، یەکێک لەو هونەرمەندانە (هێرش مەغدید باشە)یە هەرزوو پەیوەندییە هونەری و پەروەردەییەکەی نێوانیان بەردەوام بوو، وەک قوتابی ساڵی نەوەتەکانی پەیمانگە و مامۆستا و هونەرمەندی ئەم قۆناغە خاوەن پێشانگای ساڵانەی خۆیەتی تایبەت بە ڕەنگی ئاوی، هەر لەبەر خۆشەویستی مامۆستا فەیسەڵ عوسمان، وەک وەفایەک بۆ پەیوەندی و یادگاری هونەریی نێوانیان، هێرش مەغدید پێشانگای دوای کۆچی مامۆستا فەیسەڵی ناونا ( خەونەکانی فەیسەڵ عوسمان) کە پێنجەمین پێشانگای تایبەتی بوو، لە ٢٦-٢-٢٠٢٣ لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر کرایەوە.
ماوە بڵێین گەرچی ئەم هونەرمەندە زوو بەجێی هێشتین بەڵام تابلۆ و بەرهەم و کارەکانی هەر بە زیندوویی لە یادگەمان دەمێنێتەوە، پێشنیار دەکەین هۆڵێکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، یا شەقامێک بە ناوی فەیسەڵ عوسمان بکرێت، چونکە خزمەتی ئەو بێسنوور و فراوان بوو، بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٨-٦-٢٠٢٢ لە شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد، یادی بەخێر و ڕۆحی شاد.