رۆژنامەی ھەولێر

پرۆژەیەكی هونەری بۆ قەرەنی جەمیل

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

 

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵوەگەڕی دوایین كۆچی هونەرمەندی شێوەكاری كورد (قەرەنی جەمیل) بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا پرۆژەیەكی هونەری بۆ ئەو هونەرمەندە جێبەجێ بكرێت.
هونەرمەندی شێوەكار (بەختیاری سەعید) ڕاگەیاندووە بڕیارە لەو مانگانەدا كوڕاسەیەك بۆ شێوەكاری كۆچكردوو قەرەنی جەمیل ئامادە بكەم.
بەختیاری سەعید دەشڵێت: لەهەمانكاتدا پیشانگەیەكی ڕێزلێنانی لە شاری هەولێر و سلێمانی بۆ بكرێتەوە و تیایدا بەرهەمەكانی نیشان بدرێت.
جێگای وتنە كە هونەرمەندی شێوەكاری كورد قەرەنی جەمیل حەسەن، ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایك بووە، سەرەتایی و ناوەندییەکەی لە هەولێر تەواو كردووە.
ساڵی 1976 -1977 پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی شێوەكاری لە بەغدا تەواو كردووە. پاش تەواوكردنی پەیمانگا، ساڵی 1977-1978 دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (ڕوستێ‌)، بەڵام پاش چۆڵكردنی ئەم گوندە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، لە ساڵی 1978 -1979 دەگوازرێتەوە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی (ناوڕۆیین) لە شارۆچكەی دیانا.

قەرەنی جەمیل ساڵی 1979 كوردستان بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە ئیتالیا، تا ساڵی 1984 لە ئیتالیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە كاری هونەری شێوەكاری داوە و بە كارە هونەرییەكانی ژیاوە. ساڵی 1984 لە ئیتالیاوە بەرەو ئیسپانیا ڕۆیشتووە، تاكوو ساڵی 2003 هەر لەوێ‌ كاری هونەریی كردووە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە، ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە كوردستان و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری شێوەكاری، هەروەها لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر لە بەشی شێوەكاریدا دەبێتە مامۆستا.
قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ ڕێبازێكی دیاریكراوی هونەری نییە و بە وتەی خۆی تابلۆكانی زادەی زەین و خەیاڵیەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانكاتە تابلۆیەكی هونەری، زۆر لە قوتابی و فێرخوازەكانی ئەمڕۆ بوونەتە هونەرمەندی باشی بواری هونەری وێنەكێشان، ئیلهام لە كارەكانی وەردەگرن و دەیانەوێت درێژە بەو جۆرە كارە بدەن.
ڕۆژی 03-06-2025 لە تەمەنی 71 ساڵاندا، بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.