خانمە هونەرمەند (گەزیزە عومەر) خەڵاتی «کارۆ»ـی پێبەخشرا

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

ژنە هونەرمەندی بەتوانای كورد گەزیزە عومەر خەڵاتی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری (كارۆ)ی پێبەخشرا و دەڵێت، هەست بە شانازییەكی زۆر دەكات بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە پێی.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری (كارۆ) خەڵاتی ساڵانەی خۆی بەخشییە ژنە ئەكتەر و شانۆكار گەزیزە عومەر، ئەوەش لەبەرامبەر ئەو كارە هونەرییانەی لە ساڵانی رابردوودا كردوویەتی
خانمە هونەرمەند (گەزیزە عومەر) لە لێدوانێکی ـدا بە (هەولێر)ـی راگەیاند، بێگومان كاتێك هونەرمەندێك خەڵات دەكرێت ئەو ئەركە قورسەی لەسەرشانیەتی دەبێت قورستری بكات، بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی خەڵاتەكەی پێبەخشیوە پەشیمان نەبێتەوە لەو خەڵاتەی پێی بەخشیوە، بۆیە دەبێت هەنگاوەكان قورستر بێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد “ئەو خەڵاتە بۆ من زۆر تایبەت بوو، چونكە رەنگە لە ئەزموونی كاركردنی مندا ئەم خەڵاتە تاكە خەڵات بێت كە ئەزموونی كاركردنی منی بە هەند وەرگرتبێت”.
هەروەها وتی” “بۆیە بەلامەوە گرنگە، چونكە تائێستا جگە لە رێزلێنان و سوپاسنامە كە بە هەموو هونەرمەندێكی دیكە دەبەخشرێت، خەڵاتی تایبەتیم پێنەبەخشراوە، بەداخەوە پێوەر نییە لە بەخشینی خەڵاتدا، بۆیە هەست دەكەم پێوەر هەبووە بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتە، بۆیە هەست دەكەم دەزگا نافەرمییەكان دوور لە موجامەلە و بەپێی پێوەر خەڵات دەبەخشن”.
گەزیزە عومەر وتیشی “بۆیە كاتێك بۆ ئەم خەڵاتە كاندیدكرام پێم سەیر بوو، چونكە دوای چەندین ساڵ ئەزموون، خەڵاتێكی لەم شێوەیەم پێنەبەخشراوە كە بە قەد ماندووبوونی خۆم بێت، بۆیە ئێستا هەست بە ماندووبوون دەكەم، چونكە كاتێك تۆ لەگەڵ نزیكەی 60 تا 70 كەسی دیكە خەڵاتی رێزلێنانت پێدەبەخشرێت ئەو بایەخەی نییە، بۆیە بەپێی ئەزموونی خۆم چاوەڕێی خەڵاتی زۆر گەورە بووم”.
سەبارەت بەوەی دوای كۆچی دوایی مامۆستا ئیسماعیل خەیاتی هاوسەری كە هونەرمەندێكی گەورەی بواری شێوەكاری بوو، گەزیزە عومەر كاری هونەریی دەكاتەوە، ناوبراو دەڵێت “لە ژییانمدا سێ شت فێربووم، لەباوكمەوە فێری هەقبێژی بووم، لە دایكمەوە فێری دڵپاكی بووم، لە ئیسماعیل خەیاتیشەوە فێری كۆڵنەدان بووم، بۆیە دەبێت بەردەوام بم، چونكە خەیاتیش تا ئەو رۆژەی گیانی سپارد، بەردەوام بوو لە كاری هونەریی، بۆیە دەبێت خەیات ئێستا پێش هەموو كەس پیرۆزباییم لێبكات”.
دەربارەی بەرهەمی نوێی، ئاشكرایكرد “ژمارەیەك پڕۆژەم لەبەردەستدایە، یەكێكیان بەشەكانی (4 و 5)ی زنجیرە درامای گەردەلولە و بە دڵ حەز دەكەم بەشدار بم لەگەڵ مامۆستا جەلیل زەنگەنەش قسەمان كردووە، چونكە دوای گەردەلول بەشداری هیچ كارێكی دیكەی درامام نەكردووە و ئەوەندە جوانی گەردەلوولم لای جەماوەر بەجێهێشت، نەمویست هیچ كارێكی دیكە ئەو كارەم لێ بشارێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر