هامنۆ هەورامی بەرهەمێكی نوێی بڵاو كردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە گۆرانیبێژ هامنۆ هەورامی بەرهەمێكی نوێی بڵاوكردەوە و چەند بەرهەمێكی دیكەشی ئامادەیە.

(لەسەر چی؟) ناوی بەرهەمە نوێیەكەی هامنۆ هەورامییە كە ئاوازی فۆلكلۆرە و هۆنراوەكەشی بەشێكی فۆلكلۆرە و بەشێكیشی خۆی دایناوە، موزیك و دابەشكردنی نزار زێوەییە و بڕیار فەتاح كاری وێنەگرتنی بۆ كردووە.
هامنۆ هەورامی بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەو بەرهەمە عاشقانەیە و باسی دابڕان و تۆران دەكات، بەرهەمەكەش لە سێ ئاواز پێكهاتووە و بەهۆی ئەوەی سێ ساڵە بەرهەمی نەبووە، پێی باشبووە بەو شێوەیە بێت، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، زیاتر حەزی لە بەرهەمی فۆلكلۆرییە و مەبەستیەتی رەسەنایەتی و كلتوری هەورامانە بپارێزێت.
هامنۆ چەند ساڵێكە سەرقاڵی كاری هونەرییە، بەڵام كەمتر دەركەوتنی هەبووە و وتی “راستە درەنگ دەركەوتووم، بەڵكو زیاتر بەرهەمی دەنگیم هەبووە، دەبوایە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر بەرهەمی كلیپم هەبێت، بەڵام دیارە بەهۆی لایەنی داراییەوە قورسە كاركردن، بەرهەمی (لەسەر چی؟) تەنها بەشێكی كارەكەم سپۆنسەری هەیە”.

هامنۆ روونیكردەوە، ئێستا كاری لەسەر چەند بەرهەمێكی دیكە دەكات كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان كارەكانی كردووە و ئەگەر سپۆنسەر هەبێت بڵاویان دەكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر