هەولێر بەشداریی كەرنەڤاڵی (یوم الحیوار والسلام العراقی)ی كرد و ئێستاش لە عەممانە بۆ پێشکەشکردنی تابلۆ هونەرییەکانی هەولێر

لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکەی بەغدا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د. هاشم داود) راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق و خاتوو (ئیرینا) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و جەماوەرێكی زۆر و شاندێكی كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێر بە سەرپەرشتیی (بەدرەدین بابەكر) بەڕێوەبەری كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێر، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و بە یاوەریی بەرپرسی هۆبەی هونەرە میللییەكان (هیمداد لەشكری)، تیپی كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێر بەشداریی كەرنەڤاڵی (یوم الحیوار والسلام العراقی)ی كرد لە بەغدا، كە ١٠ گرووپ و ناوەندی هونەری میللی تیایدا بەشدار بوون و هەر گرووپەی كاری خۆی پێشكەش كرد.

تیپی كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێریش بە تابلۆیەكی هونەریی هەڵپەڕكێ كەرنەڤاڵەكەیان رازاندەوە، كە گوزارشت بوو لە كولتوور و كەلەپووری كوردەواری.
دوای کۆتایی هاتنی ئەو کەرنەڤاڵە هونەرییەش بەرەو عەممانی پایتەخی وڵاتی ئوردن کەوتە ڕێ، بە مەبەستی بەشداریكردن لە (پێنجەمین فێستیڤاڵی عەمان)، بۆ نمایشی هونەری و موزیك، کە شاندێكی كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێر، بە سەرۆكایەتی بەڕێز (سەلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و یاوەریی بەڕێز (بەدرەدین بابەكر) بەڕێوەبەری كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، گرووپی كەلەپوور و هونەرە میللییەكانی هەولێر لە رێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، بەرەو عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێ كەوتن.
بڕیار وایە لەو رۆژانەدا لە باخی مەلیك حوسێن لە عەممان، (پێنجەمین فێستیڤاڵی عەممان)، بۆ نمایشی هونەری و موزیك، بە بەشداریی دەیان گرووپ و ناوەندی هونەری نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت و هەولێریش بە نمایشێكی تایبەت بەشدار دەبێ، كە گوزارشت لە كەلەپوور و كولتوور و هونەری كوردی دەكات.

ھەواڵی زیاتر