بارزان سنجاوی: هیچ شانۆکارێک ناوبانگی نییە لەناو خەڵکدا؛ تەنها بژاردە دەیانناسێت

هونەرمەند “بارزان سنجاوی” کە یەکێک لە دەرهێنەرە هەرە بەناوبانەکانی کوردستانە و زیاتریش لە بواری کۆمیدیادا کاری کردووە، دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان لە چاوپێکەوتنی ڕوژنامەوانییەکان لەم دیدارە تایبەتییەی هەولێردا کۆمەڵێک وەڵامی ئامادەکردووە بۆ پرسیارەکانمان.

٭ تۆ ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەریدا کار دەکەیت و هەمووشمان دەتناسین، بەڵام پێمخۆشە لێرەوە باس لە دەستپێکی کاری هونەری و سەرەتای ناوبانگت بکەیت؟
ـ لە ساڵی 1993وە لە ڕێگەی شەهید “ئیدریس سنجاوی”، منداڵێکی 10 ساڵان بووم هاتمە نێو دونیای شانۆوە، بەڕ‌استی ئەو بۆ من قوتابخانە بوو هەمیشە پاڵپشتی سەرسەختی من بوو، لە هەموو کارەکانی ڕەحمەتی برامدا ئەگەر من ئەکتەریش نەبووبێتم وەک میوانێک لە کاتی پرۆڤەکان ئامادەیم هەبووە، من لە هەر دەرهێنەرو ئەکتەرێک شتێک فێر دەبووم، بە حوکمی ئەوەی چوار کارم لەگەڵ دەرهێنەری گەورە خوالێخوشبوو مامۆستا “تەڵعەت سامان” کردووە زۆر شت لە ئەو فێربووم، هەر کارێک لە 93ـوە تا ساڵی 2021 کە لە پەیمانەگە وەرگیرام هەرکارێکی شانۆیی لە هەر هۆڵێکی هەولێر نمایش کرابێت من بینەری بووم، بۆ زوو ئاشنابوون بە شێوازە تازەکان و شێوازە تەقلیدییەکان، بەڵام ئەوکات سەرم لێدەرنەدەچوو، دواتر هاتمە نێو واقیعکەو دوو ساڵی یەکەمم بەهەڵە لە چەمکە تازەکان تێگەیشتبوم، حەزمدەکرد لاسایی گەنجەکان بکەمەوە، بۆیە بە ناوی نوێخوازی کارم دەکرد، بەڵام کارەکان وەرگر جگە لە چەند وێنەیەکی جوان، بەڵام خاڵی لە مانا هیچی تری نەدەبینی، بۆیە بەوردی دەستم کرد بە خوێندنەوە و بینینی زیاتر، لەساڵی چوارەم تەواو شێوازی ئیشکردنم گۆڕی کاری ئامانجدارم پێشکەش دەکرد، لەناوەندی شانۆی هەولێر بووم بە ژمارە و سپاس بۆ خوا زۆر کاری جوانم پێشکەش کرد، دوایی لەسەر ئاستی کوردستان ناسرام و خەڵاتی باشترین شانۆکارم وەرگرت لەسەر ئاستی کوردستان، جگە لە بەشدارییە بەردەوامەکانم کە هەمیشە خەڵاتی باشم بەدەست دەهێنا، بەڵام بەهۆی گرینگینەدان بە شانۆو وە نەخوێندنەوەی من لە لایەن دەزگا هونەرییەکان، وازم لە شانۆ هێنا و لە میدیا بەردەوامبووم، بەڵام وەکو ناوبانگ لە شانۆدا بە بڕوای من هیچ شانۆکارێک ناوبانگی نییە لەسەر ئاستی هاونیشتمانیان، تەنها بژاردە دەیانناسێت، جگە لە هونەرمەندە دێرینەکان نەبێت، چونکە زۆربەی کارەکانیان بۆ تەلەفزیۆن وێنە دەگیرا، بۆیە خەڵک دەیناسین، شانۆکار باشترین شانۆکارە، بەڵام تەنها هاوڕێ و بینەرە جدییەکانی شانۆ دەیانناسن، من بە شانازییەوە لە ڕێگەی پرۆگرامی بەزمی بەزمەوە ناسرام.

٭ تۆ ساڵانێکی زۆر وەک دەرهێنەری پرۆگرامێکی هونەری پڕ بینەر بویت، ئەو پرۆگرامە ئەوەندەی من ئاگەداربم پڕ بینەرترین بووە لە تۆڕی “یوتیوب”، نیازی ئەوەت نییە دووبارە کار لەسەر پرۆگرامێکی لەم شێوەیە بکەیت و کۆمەڵێک ئەکتەری تازە درووست بکەیت؟
ـ من لە نێو ئەم شێوازی کارکردنەدا کوڵاوم، بۆیە حەزدەکەم فۆرمێکی تازە و کۆمیدیایەکی ئاست بەرز پێشکەش بکەمەوە و و فەیسی تازە بهێنمە نێو دونیای کۆمیدیاوە، بە ئومێدم لەگەڵ هاوڕێیەکانم کارێکی گەورتر لەجاران پێشکەش بکەینەوە.

٭ شانۆ تا ئێستایش لە کوردستان تەنها بۆ حەز و پەرەسەندنی هونەر کاری لەسەر دەکرێ، مەبەستم ئەوەیە نەبووەتە پیشە، زۆرجار ئەم پرسیارەم کردووە و نەگەیشتوومەتە وەڵامێکی باوەڕپێکراو، بە بڕوای تۆ چیبکەین بۆ ئەوەی شانۆ بکرێتە پیشە؟
ـ شانۆ بۆ خەڵک، زمان، تەکنیک، بیرۆکە، ئەکتەری بەتوانا، بابەتی ڕۆژانەی خەڵک، کە چەند دەرهێنەرێک هەوڵی بۆ داوە، لەوانە هونەرمەندان “شوان کەریم و کارۆخ ئیبراهیم”، ڕەنگە زۆریتر هەبن، بەڵام بە داوای لێبوردنەوە من ئێستا، لە شانۆ دابڕاوم.

٭ لە دەروەی کوردستان، گرینگی بە هونەرمەندان دەدرێت و ئەوانیش بەردەوام کاری جوان و جوانتر پێشکەش دەکەن، بۆچی لەلای ئێمە ئەو کارانە ماوەیەکن و دواتر دەوەستن؟
ـ چەند هۆکارێک هەن، یەکێکیان نوسەری پسپۆر لەبوارەکە ڕێژەیان کەمە، دەرهێنەر ناچارە کاری سیناریۆنووسین بکات کە ئەمە بەڕاستی خراپە و، خاڵی دووەم پەیوەندی بە مامەڵە کردن لەنێوان بەرهەمهێنەرو هونەرمەندانەوە هەیە، مامەڵەکردنیان رێکوراست نییە لەنێوان دەرهێنەر و بەرهەمهێنەراندا، بە پێچەوانەوە هەندێک دەرهێنەریش لەخۆبایی دەبن و بەداخەوە، بە هەردوو لایەن شکست بە پرۆژەکە دەهێنن.

٭ کۆتا پەیامت چییە و ئەگەر پرۆژەیەکی نوێت هەیە پێمان خۆشە لێرەوە وردەکاری و زانیاری تەواومان پێ بدەیت؟
ـ ئێستا بەرپرسی پرۆگرامەکانی یەکێک لە کەناڵەکانی کوردستانم، پرۆگرامێکی درامی هەیە خۆم کاری دەرهێنانی بۆ دەکەم، کارەکە تراجۆکۆمیدییە بە بەشداری هونەرمندانی هەولێر و سلێمانی، زۆر بە ئەکادیمی کاری لەسەر دەکەین لەو چەند رۆژەدا یەکەم ئەڵقەی پەخش دەکرێت، ماندووبونێکی زۆرمان چەشتووە، هیوادارم بینەر لێمان ڕازی بێت.

ھەواڵی زیاتر