زۆرجار بەکارهێنەرانی چاویلکە دڵنیا نین لەوەی ئایا لاوازیی بینینەكەیان تەنها چاوکزییەكی ئاساییە، یان ئاماژەیە بۆ بوونی كێشەیەكی قووڵتر لە گلێنەی چاودا؛ دەستنیشانكردنی پێشوەختەی ئەم حاڵەتە ڕێگری دەكات لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەكە.
كەی پێویستە پشکنینی پێشوەختە بۆ گلێنەی چاو بكرێت؟
د. ناز عوسمان ڕەشید، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە نەخۆشی و نەشتەرگەریی چاو، زانیاریی ورد دەربارەی كێشەكانی گلێنەی چاو (بەتایبەت تەنکبوونەوە و قوچەكیبوونی گلێنە) دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەكات كە بوونی چەند نیشانەیەك وا دەكات پشکنینی پێشوەختە بۆ گلێنە ببێتە پێویستییەكی حەتمی، لەوانە:
• دابەزینی خێرای دەرەجەی چاو: ئەگەر لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەرەجەی چاوت زیاتر لە یەك پلە دابەزیبێت و ڕێژەی لاربینییەكەت (ئەستیگماتیزم) زیادی كردبێت.
• ناڕوونی و پەرشبوونی بینین: كاتێك هەست دەكەیت تەنانەت بە باشترین چاویلکەشەوە بینینت نائاسوودەیە، وێنەكان سێبەریان هەیە، یان ڕووناكییەكان پەرش دەبنەوە.
• خوراندنی چاو و هەستیاریی وەرزی: ئەو كەسانەی هەستیاریی وەرزییان هەیە و بەردەوام چاویان دەخورێنن و دەستكاریی دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان بە تەنکبوونەوەی گلێنەی چاو زیاترە.
پشکنینی پێشکەوتوو و شێوازەکانی چارەسەرکردن
بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی گلێنە، د. ناز ئاماژە بە بوونی پشکنینێكی تایبەت دەكات بە ناوی پشکنینی پێنتاکام (Pentacam)، كە تەواوی وردەكاری و تایبەتمەندییەكانی گلێنەی چاو دەردەخات و دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەكە لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا دەستنیشان بكرێت.
سەبارەت بە چارەسەركردنی حاڵەتەكە، ئەو پزیشكە پسپۆڕە ڕوونی دەكاتەوە كە چارەسەرەكان بەپێی قۆناغی نەخۆشییەكە دەگۆڕێن:
1. تیشكی كرۆسلینكینگ (Cross-linking): یەكێكە لە باشترین چارەسەرە سەرەتاییەكان كە لە تەمەنێكی دیاریكراودا ئەنجام دەدرێت؛ ئەم تیشكە تاڵە كۆلاجینییەكانی گلێنەكە بەهێز دەكات و پرۆسەی تەنکبوونەوەكە ڕادەگرێت.
2. چاندنی گلێنەی چاو: ئەم چارەسەرە بۆ ئەو حاڵەتە پێشكەوتووانە بەكاردەهێنرێت كە نەخۆشییەكە تێیدا گەیشتووەتە قۆناغێكی قورس و بە ڕێگاكانی تر چارەسەر ناكرێت.
